ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. دیندار زێباری، ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە خولی 92ی لیژنەی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی جیاکاری دژی ئافرەتان (سیداو) دەکات، کە لە ٢ تا ٦ی شوبات ٢٠٢٦ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، سویسرا بەڕێوە دەچێت.
د. دیندار زێباری ڕاگەیاند: “لە ئەم گفتوگۆیانەدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق بەشدار دەبێت و وتار و ڕاپۆرتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بەپێی ڕێککەوتننامەکە پێشکەش دەکرێن.”
زێباری زیاتر ڕاگەیاند کە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021–2025) و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، کاری جددی ئەنجام دراوە و دەستکەوتە بەرچاوی بەدەست هاتووە. ئەم گفتوگۆیانە دەروازەیەکی گرنگ بۆ نیشاندانی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری و توندوتیژی خێزانی، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان، هەروەها ڕۆڵی دامودەزگا تایبەتمەندەکان لە بنەبڕکردنی توندوتیژی و دامەزراندنی کۆمەڵگەی یەکسان دەکرێت.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ئاماژەی کرد کە لە گفتوگۆکانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە وڵاتان هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرێنی وەسف کردووە، بەتایبەتی لە بواری پاراستنی یەکسانی، هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدان، پێشوازیکردن لە ئاوارە و پەنابەران و چەندین بواری گرنگی تر.