
دیمانە – دانا بۆتانی
رێبوار عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، ناسراو بە رێبواری دەف، ڕێبوار دەرچووی بەشی میویکە لە پەیمانگەی هونەر و کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، زیاتر لە 25 ساڵە خۆی و دەفەکەی وەکوو موریدێک بێ پسانەوە خزمەتی هونەری کوردی دەکەن. لەدیدارێکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات ڕووبەڕووی چەند پرسیارێکمان کردەوە.
دەستپێکی کاری هونەریت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
یەکەم دەرکەوتنم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2000 ئەوکات وەک ژەنیاری دەف لەگەڵ هونەرمەندان ئامانج غازی و فەرهەنگ غەفوور و بەکر خالی، تێیدا بە پارچە میوزیکێک لە فێستیڤاڵی جەواهیری لە شاری هەولێر بەشداربووم، ئەمە یەکەم دەستپێکی دەرکەوتنی کاری هونەریم بوو لەسەر ستێج. لە هەمان کاتدا لە ساڵی 2001 بۆ یەکەمجار لە فیستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بەشداربووم وەک ئامێری ریتمی بە دەف، یەکەمجار بوو دەف ببێتە ئامێری سەرەکی و ئاوازێکی تایبەتم لەرێگەی سەفەوە ژەنی، ئەمە مێژووە و بۆ منیش مێژووە.
* جیاوازی ئامێری دەف لەگەڵ ئامێرە میوزیکییەکانی دیکە لە چیدایە؟
– دەف تاکە ئامێری میوزیکییە کە دەتوانرێت لە بۆنە خۆشی و ناخۆشییەکان رۆڵ بگێڕێت لە هەمان کاتدا هەموو تاکێکی کورد رۆحی ئاشنایە بە دەنگی دەف، چونکە تەمەنێکی درێژە ئەم ئامێرە مەجلیسی زکری دەروێشانی لە تەکییەو خانەقاکان گەرم کردووە و بە ئامێری پیرۆز دەناسرێت ئەوەی دەفی لە ناو تەکیەو خانەقاکان دەرهێناو کردیە ئامێرێکی گرنگی میوزیک و گۆرانی کوردی هونەرمەند بێژەنی کامکار بوو ناکرێت ئەم ناوە لە .مێژوودا لە بیربکرێت.
* سەرهەڵدانی یەکەم گرووپی دەف لە کوردستان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
– ئامێری دەف دوای ساڵانی نهوهدهکان وردە وردە لە بۆنە میوزیکییەکان بەکار دەهات، بەڵام یەکەم گرووپی ئەکادیمی دەف دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004 و یەکەم کاری ئەم گرووپەش ساڵی 2006 بوو لە بۆنەی ئەنفالی بالیسان تێدابەشدار بووین وەک گرووپی دەف کە بیرۆکەی بەندە بوو ئەمەش مێژووەو نابێت بشێوێندرێت ژمارەی دەفژەنەکانمان 40 دەفژەن بوو.
* تائێستا بیرت لەوە کردۆتەوە وەکوو گرووپی دەف کۆنسێرتێک پێشکەش بکەن؟
– لە فێستیڤاڵی کوردستان بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە توانیم 150 دەفژەن کۆبکەمەوە و هەموومان بەیەکەوە ئاوازێک بژەنین بۆ گوێگرانمان ئەمەش، کارێکی یەکجار زەحمەتە لەرووی هونەرییەوە. هەروەها لە رێگەی ژەنینی دەفەکەمەوە زیاتر لە 26 وڵاتی جیهانیم بینیوە و لە بۆنە کولتووری ریتمییەکانی جیهان بەشداربوومە و میوزیکی ڕەسەنی کوردیم بە دەفەکەم ژەنیوە.
* رێبوار عەبدوڵڵا چ گۆڕانکارییەکی کردووە لە ژەنینی ئامێری دەفەکەیدا؟
– لە ئێستادا من ژەنینی ئامێری دەف فێری قوتابیەکانم دەکەم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بە شێوەی نۆتە، جگە لەمەش هەوڵمداوە ئامێری دەف چیتر وەک ئامێرێکی سووننەتی نەهێڵمەوە، بەڵکوو تێکهەڵکێشی میوزیکی رۆژئاوایی بکەم بۆ ئەوەی ئەم ئامێرە میوزیکییە کوردییە زیاتر بە جیهانی دەرەوە بناسێنم.
* دەتوانین بڵێن دەف ئامێرێکی کوردییە؟
– زیاتر لە 20 ساڵە مێژووی میوزیک دەڵێمەوە ئامێری دەف مێژووەکەی بە سەدان ساڵ بەر لە ئایینی مەسیحی و ئیسلامیش دەگەڕێتەوە ئێزیدییەکان و ئاشورییەکان و زەردەشتییەکان یەکەمین کەس بوونە ئەم ئامێرەیان بەکارهێناوە بۆیە بە دڵنییاوە ئەم ئامێرە دەستکردی باپیرە گەورەی ئێمەیە و ئامێرێکی سەت لەسەت کوردییە و پاشان چۆتە نێو گەلانی جیهان. بۆیە دەبینین لە باشووری کوردستان و لە نێو قەیسەری زیاتر لە 85 ساڵە ئامێری دەف درووست دەکرێت.
– لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین کارگەی دروستکردنی دەف هەیە، واتە نەتەوەی کورد بەگشتی ئەم ئامێرەی خۆشدەوێت و لە رۆحیدایە.
* لە کاتی ژەنینی دەف هەست بەچی دەکەیت؟
– ژەنینی دەف سیحرێکی تایبەتی هەیە، بۆیە لەکاتی ژەنینیدادا حاڵەتێکی عیرفانی دات دەگرێت و لەگەڵ خۆی دەتبات. ئەگەر سەیری شێوەی دەف گرتن بکەیت دەبینین دەفەکە دەکەوێتە ئاستی دڵت، واتە راستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر هەست و دەروونت، بۆیە کە دەف دەژەنم من لەسەر زەوی نامێنم و خەیاڵ دەمبات گەشت دەکەم بۆ ئەو جیهانە رۆحییەی کە ئامێری دەفەکە پێوەی گرێم دەدات. هەر ئەمەشە لەزۆربەی ئاینەکان دەڵێن ئەگەر دەف لە دەست دەفژەن بتەقێت دەڵێن شەهید بوو. ئەمەش حاڵەتێکی عیرفانییە.
* لە ئێستادا خەریکی چیت؟
– دەمەوێت لە دوای خۆم چەندین ژەنیاری کوڕ و کچ پێبگەیەنم بۆ ئەوەی عیشقی دەف لە منەوە کۆتایی نەیەت و بۆ ئەبەد ئەم گەنجە جوانانە بە سەلیقەیەکی هونەری خزمەت بە هونەری کوردی بکەن و بۆ هەمیشە ئامێری دەف وەک ئامێرێکی کولتووری و میوزیکی رەسەنی کوردی بهێڵنەوە.