خەبات: تریفە ئازاد:- لە چوارچێوەی گرنگیدانی بە ژێرخانی ئابووری و بەستنەوەی شار و قەزاو ناحیە و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە یەكتر، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی، هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ جێبەجێکردن و تەواوکردنی زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبان. د. ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «خەبات»، وردەکاریی ئەو پڕۆژانە و گرنگییان بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو.
ژێرخانێكی گرنگ و ستراتیژی
بە گوتەی د. ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژانە بریتییە لە بەستنەوەی شارەکان بە یەکترەوە، ئەویش لە ڕێگەی شەقامی دووسایدی مۆدێرن، کە نەک هەر هاتوچۆی هاووڵاتیان ئاسان دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی کەرتی بازرگانی و گەشتیاری و وەك ژێرخانێكی گرنگ و ستراتیژی سەیر دەكرێت.
کۆتاییهێنان بە «ڕێگای مەرگ»
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، لەبارەی بەشێك لە پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان، بە رۆژنامەی خەباتی گوت: لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان، دوو پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ کراون، یەکەمیان پڕۆژەی دووسایدی (دووکان-خەلەکان-هیزۆپ)ـە کە درێژییەکەی نزیکەی 22 کیلۆمەترە. ئەم پڕۆژەیە کە کارکردن تێیدا بەردەوامە، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە و کۆتایی بە مەترسییەکانی ئەو ڕێگایە دەهێنێت کە پێشتر بە «ڕێگای مەرگ» ناسرابوو، هاوکات، پڕۆژەی دووسایدی( کەلار-دەربەندیخان) کە درێژییەکەی 40 کیلۆمەترە، بە ڕێژەی 100% تەواو کراوە و کراوەتەوە. ئەم پڕۆژەیە وەک خوێنهێنەرێکی سەرەکی، ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی هەرێمەوە گرێ دەدات.
شەقامی 150 مەتریی، گەورەترین پڕۆژەی بازنەیی
د. ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین لەبارەی پرۆژەكانی هەولێری پایتەخت دەڵێت: گەورەترین پڕۆژەی ڕێگاوبان لەسەر ئاستی هەولیری پایتەخت، شەقامی بازنەیی 150 مەترییە، کە درێژییەکەی زیاتر لە 70 کیلۆمەترە. بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە بەشێکی زۆری شەقامەکە، لە ڕێگای کۆیەوە تا ڕێگای موسڵ، تەواو بووە و کراوەتەوە. کارکردنیش لە بەشەکانی دیکەیدا بەردەوامە. ئەم پڕۆژە ستراتیژییە هەموو دەروازەکانی هەولێر (کەرکووک، کۆیە، شەقڵاوە، دهۆک، و موسڵ) پێکەوە دەبەستێتەوە و قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر ناوەندی شار کەمدەکاتەوە، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گوتیشی: لە لایەکی دیکەوە، پڕۆژەی دووسایدی (هەولێر-گۆپاڵ-گەزنە) تەواو کراوە و سوودی لێ وەردەگیرێت، کە وەک ڕێگایەکی لاوەکیی ستراتیژی، پاڵەپەستۆی سەر ڕێگای سەرەکیی (هەولێر-کۆیە) کەمدەکاتەوە.
د. ئاگرین عەبدوڵڵا دەشڵێت: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئامادەکاری بۆ یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم دەکرێت، ئەویش پڕۆژەی ستراتیژیی (حاجی ئۆمەران-چۆمان)ـە، کە لە ڕێگەی (تونێلی زینی وەرتێ)ـوە جێبەجێ دەکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە کارەکانی دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە ڕێگای نێوان سۆران و دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کورت دەکاتەوە، مەترسییەکانی ڕێگا کۆنەکە لە وەرزی زستاندا ناهێڵێت و جوولەی بازرگانی لەگەڵ ئێران خێراتر دەکات.
بەستنەوەی شار بە دەروازەی نێودەوڵەتیی
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون لەبارەی پرۆژەكانی پارێزگای دهۆك و بەستنەوەی شارەكە بە دەروازەی نێودەولەتیی ئیبراهیم خەلیل، دەڵێت: لە پارێزگای دهۆک، پڕۆژەی فراوانکردن و دووسایدکردنی ڕێگای (دهۆک-زاخۆ) بە تەواوەتی جێبەجێ کراوە. ئەم ڕێگایە کە دەچێتەوە سەر دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا، ڕۆڵێکی گەورەی لە خێراکردنی گواستنەوەی بازرگانی و ئاسانکاریی هاتوچۆی گەشتیاران و هاووڵاتیاندا هەیە، بۆیەش گرنگییەكی زۆری پێدراوە و بە پێوەر و ستانداردە جیهانییەكان دروستكراوە.
تەواوکردنی پڕۆژەکان و گرنگیدان بە دەروازە سنوورییەکان
د. ئاگرین عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێک لە ستراتیژییەتە سەرەکییەکانی ئەم کابینەیە، تەواوکردنی ئەو پڕۆژە گرنگانە بووە، کە لە کابینەکانی پێشوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تیایاندا وەستابوو. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەت، سەرەڕای سنوورداریی داهات، توانیویەتی لە ڕێگەی داهاتی ناوخۆوە بودجەی پێویست بۆ ئەم پڕۆژە گەورانە دابین بکات.
ئاستەنگی بەغدا لە بەردەم پڕۆژەکاندا
لە کۆتایی دیدارەکەیدا، د. ئاگرین عەبدوڵڵا بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن نیگەرانیی خۆی لە سیاسەتی بەغدا دەربڕی و ڕایگەیاند: بەهۆی ئەم دۆخەی هەیە، تا ئێستا هەموو پلانەکانمان جێبەجێ نەکردووە، چونکە بەستراوەتەوە بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەداخەوە حكوومەتی بەغدا پارە نانێرێت و بەردەوام لە بواری ڕێگاوبان و هەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا کێشە دروست دەکات»
