په‌رژین جه‌عفه‌ر حاجی ڕۆسته‌م
هه‌ستیاریی دۆخی ناوچه‌كه، بابه‌تێك نییه په‌یوه‌ست بێت بە ڕه‌هه‌ندێکی سیاسی، یاخود ئابووری، به‌ڵكو به‌شێكه له گۆڕانكارییه‌ك كه پێویست بوو ئه‌و گۆڕانكارییه به‌شێك بووایه له ته‌واوكاری (به‌هاری عه‌ره‌بی 2010)، به‌پێی هه‌موو لێكدانه‌وه‌كان ده‌بوو ناوچه‌كه ژانه‌كانی تێپه‌ڕاندبایه و دۆخێكی نوێتری به‌رهه‌م هێنابا، به‌ڵام ڕوخاندنی به‌شار ئه‌سه‌د بووه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌و گۆڕانكارییانەدا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی بوون به قه‌ڵغانی مانه‌وه‌كه‌ی به‌شار و دواكه‌وتنی رێچكه‌ی گۆڕانكارییه‌كه، عێراق له‌و به‌هاره‌دا (به‌هاری عه‌ره‌بی) توانی خۆی بپارێزێت و هاوسه‌نگی له نێوان ململانێیه هه‌رێمایه‌تیه‌كان تاڕاده‌یه‌ك هاوته‌ریب بكات و نه‌بێته به‌شێك له كێشه‌كانیان و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش توانایه‌كی جیاوازیان نیشاندا بۆ كه‌م كردنه‌وه یاخود كپكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاتنی داعش بووه چانسێكی گه‌وره كه عێراق و به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه پێگه‌ی خۆیان به‌هێز بكه‌ن.
شه‌ڕه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی مانگی 6ـی ساڵی ڕابردوو(2025)ـی نێوان ئیسرائیل و ئێران، به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كانی ململانێ و دابه‌شبوونی نفوزی سه‌ربازی و تۆڕی هاوبه‌شی(مقاومه)ـی ئێرانی ده‌بوو عێراق به‌شێوازی راسته‌وخۆ تێوه‌گلێت له‌م جه‌نگه، گرووپه پابه‌ندبووه‌كانی سه‌ر به ئێران له عێراق جوڵه‌ی سه‌ربازی و نوزه‌ی میدییان زۆر بوو، به‌ڵام هه‌م سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌م هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا توانی تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌بێت عێراق نه‌بێته گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كه. ئه‌م خۆپارێزییه ئه‌گه‌ر ته‌كتیكی بێت یاخود له واقیعدا ترسێكی ناوخۆیی بێت به‌وجۆره‌ی لێهات عێراق به‌ر هێرش نه‌كه‌وت، هاوسه‌نگی له حاڵه‌تی وا ترس بێت یاخود تاكیتیك بێت جۆرێكه له لۆژیكی سیاسی و سه‌ربازی بۆ نه‌چوونه ناو جه‌نگێك كه توانای عێراق و گرووپه‌كان هێنده نییه به‌رگه‌ی ئه‌و هێرشانه بگرن.
لەلایه‌كی دیكه، ئێستا عێراق له‌به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌ته، كه ئه‌مه‌ریكا به ڕێگه‌ی دیبلۆماسی به‌رده‌وامه له فشار دروستكردن تاكو ئه‌و هێز و گرووپه چه‌كدار و سیاسییانه‌ی په‌یوه‌ستن به ئێران و به‌شێكن له‌و هێزانه‌ی دژی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكان جێگه‌یان نه‌بێته‌وه له حكومه‌ته نوێییه‌كه و كاریگه‌رییه‌كانیان لاواز بكرێن و په‌راوێز بخرێن له بڕیاره سیاسیی و ئابووریی و سه‌ربازییه‌كان، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌كانی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی سه‌ربازی و سیاسی نه‌خستۆته به‌رده‌م عێراقییه‌كان به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی كه گرووپه‌كانی نزیك ئێران له عێراق دووربخرێنه‌وه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ئایینده‌ی عێراق له ژێر هه‌ژموونی ئه‌و هێزانه‌ی نزیك ئێرانن بمێنێته‌وه، به ڕێگه‌ی سزای ئابووری و دارایی بانكه‌كانی عێراق كه ئێستایش به‌شێكیان خراوته لیستی ڕه‌شه‌وه گورزێكی كوشنده له دراوی عێراقی بدات و هێزی به‌های پاره‌ی عێراقی هێنده لاواز بكات به‌ره‌و داڕمانێكی ببات.
زۆرینه‌ی بۆچوونه‌كان به‌تایبه‌تی له نێو به‌شێكی له نوخبه‌ی سیاسی و بڕیارده‌ری شیعه‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، له‌م دۆخه‌دا ده‌بێت پارێزگاری له مانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری سیاسی و ڕێگریكردن له ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمایه‌تی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ببێته به‌شێك له ناوه‌ندی دیبلۆماسی ناوچه‌كه، نه‌ك ببن به به‌شێك له شه‌ڕ و ئاڵۆزی، كه بچووكترین ئاماژه‌ی ئه‌م ململانێیه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی عێراق ده‌هێنێته سه‌ر جاده، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كان له خزمه‌تگوزارییه‌وه تا ده‌گات به دۆخی ئابووری و سه‌ختی ژیان و هه‌ژاری له عێراق.
له عورفی سیاسیی ئێران‌دا ڕوونه، هه‌ركاتێك فشاری ناوخۆیی له‌سه‌ر بێت، بۆ لاوازكردنی ئه‌و فشارانه په‌نا ده‌باته به‌ر به‌رگریكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كه له‌سه‌ر بڕوای “به‌رگریكردن له شۆڕش له ده‌ره‌وه‌ی سنوور” هه‌روه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی ترامپ بۆ سه‌ر ئێران كه وتی:” ئه‌گه‌ر خۆنیشانده‌ر بكوژرێت كاردانه‌وه‌مان ده‌بێت”. به‌رپرسانی ئێرانی هه‌ریه‌كه له توركیا و سعودییه و قه‌ته‌ر و عوممان كردووه كه كاردانه‌وه‌یان خراپ ده‌بێت ئه‌گه‌ر هێرش بكرێته سه‌ر وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، عێراق ناتوانێت له‌م پریشكانه خۆی بپارێزێت ئه‌گه‌ر ستراتیژییه‌ت و ئه‌قڵێكی گه‌وره‌ی سیاسیی و كۆده‌نگیه‌كی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێته به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی بۆ لادانی جه‌نگه‌كه له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی.
پرسیار له‌وه‌یه، بۆچی عێراق ده‌بێته به‌شێك له‌م ململانێیه؟
ئێران و فه‌رمانده سه‌ربازی و سیاسییه‌كانیان نه‌یانشاردۆه‌ته‌وه، گرووپه‌كانیان له عێراق وه‌ك كارتێك به‌رامبه‌ر به لێدان له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌كارده‌هێنن، خۆی ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕوویدا كێ له عێراق ده‌توانێ ڕێگری بكات؟ چونكه ئه‌و گرووپانه‌ی له عێراق هه‌ن، به ڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ستن بە فه‌رمانی ئێران نه‌وه‌ك به‌رپرسانی عێراقی! ئه‌م گرووپانه به‌چه‌ك و بڕوا(عه‌قیده) ئاماده‌ییان هه‌یه ببن به وه‌كیلی شه‌ڕی ئێران دژ به ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له نێو عێراق. ئه‌مه ترسه‌که‌یە هاووڵاتییه‌كی ئاسایی تا ده‌گات به نوخبه سیاسییه‌كه‌ی عێراق دركی پێده‌كات، به‌تایبه‌تی پایه‌ی ده‌وڵه‌تداری عێراق زۆر لاوازە و بناغه‌یه‌كی پته‌وی نییه بتوانێت به‌رگه‌ی شه‌ڕ یاخود گوشاری سیاسی و دیبلۆماسی و ئابووری بگرێت، به بچووكترین جوڵه‌ی ئه‌مه‌ریكا تووشی دۆخێك ده‌بێت كه عێراق نه‌توانێت خۆی له ژێر ئه‌و بارانه ده‌ربهێنێت. وه‌ك هه‌مووان ئه‌وه‌یان بینی گرووپه‌كانی نزیك ئێران له عێراق به‌خێرایی كاردانه‌وه‌ییان نیشاندا و هه‌ڵوێستی خۆیان به پاڵپشتیكردن له ئێران نه‌شارده‌وه و وتیان” ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا شه‌ڕ دژی ئێران به‌رپا بكات و خاكی عێراق به‌كاربهێنێت” ئه‌وا جێی قبوڵ نییه و له بنكه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌ده‌ین! ئه‌گه‌ر به‌ختی ڕه‌شی عێراق و هاووڵاتیانی نه‌بێت، بۆچی ببن به به‌شێك له شه‌ڕێك بردنه‌وه و دۆڕانه‌كه‌ی ته‌نیا زیانی بۆ پێگه‌ی عێراق و پێكهاته‌كانی ده‌بێت.
له دۆخی ناهه‌مواری وادا، عێراق و به‌تایبه‌تی لە چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی(هێزه شیعیه‌كان) به‌رپرس ده‌بن له‌وه‌ی چۆن عێراق بپارێزن و هاوسه‌نگی ڕابگرن، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جۆرێكی دیكه‌یه له دابه‌شبوونی سیاسی و بڕیاردان له نێو چوارچێوه‌كه، چونكه زۆرینه‌ی خاوه‌ن هێز له نێو ئه‌و چوارچێوه گرووپه‌كانی نزیك و سه‌ر به ئێرانن و باڵه جیاوازه‌كانی نێو چوارچێوه‌كه‌ش بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی پێویستیان به‌و گرووپانه‌یه بتوانن سه‌رۆك وه‌زیرانێك بۆ كابینه نوێیه‌كه ده‌ستنیشان بكه‌ن. لێره‌ش دیسان پرسیاری دیكه دێته‌وه ناو بابه‌ته‌كه، ئاخۆ كام هێز ئاماده‌یه موجامه‌له‌ی هێزه‌كانی نزیك ئێران بكات بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران؟ كێ ده‌چێته به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا؟ كێ ده‌بێته ناوه‌ندگیر و ده‌توانێت هێزی دیبلۆماسی و هێزی لۆژیكی ده‌كاته فریادڕه‌س بۆ عێراقیه‌كان؟ زۆرینه‌ی ڕایه‌كان له ناو عێراق و ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ حاڵه‌تێكی له‌م جۆره مه‌یلی ئه‌وه‌یان نیشانداوه كه(نوری مالیكی) ئه‌و ئه‌كته‌ره‌یه ده‌توانێت تاڕاده‌یه‌ك هاوسه‌نگیه‌كه رابگرێت و دۆخه‌كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كۆتایی پێبهێنێت به ڕازیكردنی ئێران و ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام ده‌توانێت بڕوا به گرووپه‌كان بكات كه له نێو حكومه‌ته‌كه‌یدا جێیان بكاته‌وه و په‌راوێز نه‌خرێن و مالیكی نه‌بێته ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی ویسته‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ لاوازكردنیان به‌جێبگه‌یه‌نێت.
هێشتا ئاماژه‌كان ماون تارماییه‌كانی دۆخه‌كه ڕوون بكاته‌وه، به‌ڵام دۆخی ئێستای عێراق، په‌یوه‌سته به‌و دۆخه‌ی له تاران ده‌گوزه‌رێت، كه له بنه‌مادا ده‌بوو خێراتر له‌ژێر ئه‌و باره ده‌ربكرایه، به‌ڵام ئێستایش حیكمه‌تی ده‌وێ له‌م قۆناغه‌دا عێراق بپه‌ڕێننه‌وه و نه‌بێته مێزی قوماری ئه‌م شه‌ڕه.