گرووپێکی هەڵپەڕکێی خۆبەخشی شاری هەولێر، بەشداریی فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی گەورە دەکەن کە تێیدا 80 وڵاتی جیهان کولتوور و هونەری نەتەوەکانیان دەناسێنن، گرووپی «ئەربیل فۆلکلۆر» کە لە کوڕان و کچانی خۆبەخشی هەولێر پێکهاتوون، لە لایەن ڕێکخراوی جیهانیی (CIOFF)ـەوە بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی ئۆنلاین. گرووپەکە بە سێ تابلۆی جیاوازی هەڵپەڕکێ نوێنەرایەتیی کەلتووری کورد دەکەن. ئەحمەد حاجی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گرووپی (ئەربیل فۆلکلۆر) ڕایگەیاند: دوای بینینی نمایشەکانمان لە سۆشیاڵ میدیا، دامەزراوەی (CIOFF) کە کار بۆ ناساندنی کەلتووری گەلان دەکات، پەیوەندیی پێوە کردین بۆ ئەوەی بەشدار بین. ئامانجمان خزمەتکردنی کولتووری کوردی و ناساندنی تابلۆی هەڵپەڕکێ و جلوبەرگی ڕەسەنی کوردە بە جیهان.
لەم چالاکییەدا چوار کوڕ و چوار کچی گرووپەکە بە نوێنەرایەتیی تەواوی ئەندامان بەشدارن. فیستیڤاڵەکە 80 وڵاتی جیاوازی وەک (ئەمهریکا، بەڕازیل، مەکسیک، هیندستان، کڕواتیا، ڕۆمانیا، ئۆکراینا، یۆنان و چیک) لەخۆدەگرێت، ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕێکخراوی (CIOFF) هاوبەشێکی فەرمیی (یونسکۆ)یە و کار بۆ پاراستن و ناساندنی فۆلکلۆر و هونەری گەلان دەکات. بەشداریی گرووپێکی کوردی لە فیستیڤاڵێکی لەم جۆرەدا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ نیشاندانی ناسنامەی هونەری کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.