خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- (ژنێک دڵی داگیرکردووم) و (تەمەنت لە سەرووی پەنجاساڵیدایە) دوو کۆ شیعری تازە چاپکراوی (خالید کۆچەر)ی شاعیرە، کە بە جوانترین شێوە لەلایەن (ڕانیار دڵشاد وەسانی) دیزاینی بەرگ و ناوەرۆکی بۆ کردوون. شاعیر لەسەر ئەرکی خۆی لە چاپخانەی (هێڤی) لەشاری هەولێر چاپیکردوون، شایانی باسە هەردوو کتێب بە کۆمەڵێک شیعری جوانی عاشقانەی ڕۆمانسی ڕازاونەتەوە.

(کۆچەر) سەبارەت بە چاپکردنی ئەو دوو کتێبە بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: دوای 14 ساڵ بێدەنگییم لە کتێب چاپکردن، پێمخۆشبوو لە کۆتایی ئەمساڵ دوو کۆ شیعر لە دوو کتێبدا بە یەکەوە چاپبکەم و بڵاویان بکەمەوە. کۆشیعری: ژنێک دڵی داگیر کرووم، چەندین شیعری ناسکی لە باوەش گرتووە، بۆنی خۆشەویستییەکی پیرۆزی لێدێت، وەک ئەڤیننامەی کۆچەرێکی عاشق بە ئافرەتێکی ئەویندار، لێتانی ناشارمەوە لە تەواوی ژیانم لە ژێر کاریگەریی عەشقێکی گەورە شیعرم نووسیوە، لە ژێر کاریگەریی ئافرەتێک ڕادەلەبەر خۆشم ویستووە، ئەمەش چیرۆکی خۆی هەیە، ڕەنگە دوای مردنم ڕەنگبداتەوە و باسبکرێت لە رۆژنامەو گۆڤارەکان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، هەر بۆیە کۆشیعرەکەم ناو لێنا: ژنێک دڵی داگیر کردووم.

ئەوی دیكه‌یان کتێبی: تەمەنت لەسەرووی پەنجا ساڵیدایە، شیعرێکی درێژە بۆ خۆشەویستی هەمان ئەو ئافرەتە نووسرایە، ئەم شیعرە، یان ئەم قەسیدەیە دەمباتەوە تەمەنی منداڵیی و هەرزەکاری و تا ئێستای تەمەن. کۆچەر گوتیشی: لەکاتی نووسینەوەی ئەم قەسیدەیە دەیانجار گریاوم، ئەمەش حاڵەتێکی شێتییە لە نێوان عەشقێکی پیرۆز و شێتبوونی شاعیر، ئەوی دیكه‌ بۆ خوێنەران جێدێلم.