کاروان محەمەد سینو
لە سەرتاسەری جیهاندا و بەپێی هەموو یاسا و دەستوورێک، دادوەر و دەسەڵاتی دادوەری بێلایەنن و بەشداربوونیان لە هەر دانوستانێک لەگەڵ هەر لایەنێکی دەرچوو لە یاسا و بەتایبەت میلیشیاکان؛ دادوەریی و بێلایەنی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە بەشێک یاخود لایەنێکی ململانێی سیاسی و عەسکەری. لەلایەکی دیکەوە دادوەر و دەسەڵاتی دادوەریی ئامۆژکاری نابەخشن بە یاسا شکێنەکان و گفتوگۆ و سازانیان لەگەڵ ئەنجام نادەن؛ بەڵکو بەپێی یاسا سزایان دەدەن، دادوەر نابێ ڕێنمایی ئەو کەس و لایەنانە بکات کە پێویستە سزایان بدات. هەروەها نابێت دانوستان و سازان لەگەڵ ئەوانە بکات کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و چەتە و ڕیگری بکەن و لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان چەک هەڵگرن، ئەگینا ئەو دادوەرە بێلایەنی و شکۆمەندی خۆی لەدەست دەدات.
دوا بەدوای هەڕەشە جددییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ میلیشیاکانی سەرەڕۆکانی عێراق ئەوانەی لە فەلەکی ئێراندا دەخولێنەوە، کە دەبێ چەکەکانیان دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە؛ ئەگینا ڕووبەڕووی لێدان و چەکی ئەمریکا دەبنەوە. لەم سەروبەندەدا و چەندڕۆژیک لەمەو پێش؛ هەندێ سەرکردەی ئەو میلیشییانە ( قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائب ئەهل حەق، شبل ئەلزەیدی ئەمینداری گشتی کەتائب ئەلئیمام عەلی و سەرکردەی ئەنسار ئەڵڵاهـ ئەلئەوفیاء) ڕەزامەندیی خۆیان ڕاگەیاند لەسەر ڕادەستکردنی چەکەکانیان و گوایە ئامادەن چەکەکانیان دابنێن و خۆیان هەڵوەشیننەوە.
لەم ڕووەوە لە لێدوانێکی کورت کراوەیدا؛ کە ڕۆژی شەممە 20ی12ی2025 ماڵپەڕی ئەنجومەنی دادوەری بەغدا بڵاوی کردەوە؛ فایهق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرکردەی میلیشیاکان کرد کە بەدەنگ ئامۆژگارییەکانیەوە هاتوون دەربارەی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا و کۆکردنەوەی چەک لەژێر دەستی دەوڵەتدا. ئەم هەڵوێست و لێدوانەی فایهق زێدان بووە مایەی ڕەخنە و تانەی ئەمهریکا لە دەسەڵاتی بەغدا.
جۆ ویڵسۆن، ئەمدامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا؛ لە ڕاگەیاندنێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە 21ی12ی2025 لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X)دا بڵاوی کردەوە؛ زۆر بەتوندی ڕەخنە و تانەی خۆی لە سەر هەڵوێستی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق فایهق زێدان دەربڕی دەربارەی ئەوەی کە زێدان (سوپاسگوزار) بووە بەوەی هەندێک لە سەرکردەی میلیشیاکانی عێراق (ڕازیبوونە) بە دانانی چەکەکانیان و خۆتواندنەوە. ویلسۆن لێدوانەکەی فایهق زێدانی بە دەرچوون لەو”دەسەڵاتە دەستوورییانە” هەژمارکرد کە بە دەسەڵاتی دادوەری دراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(X)؛ جۆ ویڵسۆن سەرەتا فایق زیدان بە (گەندەڵ)ناوزەد دەکات و نووسیویەتی: “سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بە ئاشکرا سوپاسی خۆی ئاراستەی میلیشیاکان کردووە کە ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاندووە بە دانانی چەکەکانیان”، هەروەها ویڵسۆن نووسیویەتی “ئەم قسەیە ڕەنگدانەوەی ڕفتاری دامەزراوی دەوڵەت نییە؛ هەروەها بێلایەنی دادگەریش نییە؛ بەڵکوو ئەم هەڵوێستە ئەوە بەڕوونی ئاشکرا دەکات کە بەردەوام کەناڵی پەیوەندی دۆستایەتی لە نێوان سەرۆکایەتی دادگەری و میلیشیا چەکدارەکان هەبووە”.
جۆ ویڵسۆن لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا نووسیویەتی: ”دادگەری بێلایەن سوپاسی خۆی ئاراستەی میلیشیاکان ناکات بەوەی گۆێڕایەڵی ئەو(واتا فایهق زێدان) بوونە و هەروەها کارو کردەوە سیاسی و عەسکەرییەکانیشیان هەڵناسنگێنێت”. ویڵسۆن ئاماژە بەوە دەکات “ئەم ڕەفتارە (واتا ڕەفتارەکەی فایق زیێدان) تەواو لە دەرەوەی چورچێوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانە”، گوتیشی: “ئەم هەڵوێستەی فایهق زێدان؛ ئەوە دووپات دەکاتەوە کە مژارەکە پەیوەندی نییە بە سەروەری یاسا، بەڵکو پەیوەستە بە (تێکەڵبوونی) ڕۆڵ و پێگەکان و هەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی پەیامی سیاسی لە ژێر پەردەی دادگەری”، جۆ ویڵسۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە “ئەم ڕەفتارە بریتییە لە ترسناکترین هەڕەشە کە ڕووبەڕووی دادپەروەری و دەوڵەت دەبێتەوە”.











