پێگە و كاریگه‌ریی میسر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا

131

عەبدولستار ئەحمەد باغەمرەیی
پێگە و كاریگه‌ریی میسر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عاره‌بیدا، هه‌ندێكی پێوەستە بە ڕۆڵی چاودێریی ئه‌و وڵاته‌ لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور كه‌ لە ڕێگەی (نۆكەندی سوێس) دەیگێڕێت. میسر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی له‌ میانی هێزی سه‌ربازی و سه‌رچاوه‌ی مرۆییه‌وه‌ پێگه‌ و سه‌نگی خۆی له‌نێو وڵاتانی عا‌ره‌بیدا نیشان بدات و بیسه‌لمێنێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بە هۆی دۆزینەوەی سەرچاوەی گەورەی گازی سروشتی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست له‌ پاڵ وڵاتانی لوبنان، سووریا، قوبرس و ئیسڕائیل، بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌نی گازی سروشتین و ده‌توانن هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ن. میسر بە پشتبەستن بە مێژووی کۆن و دێرینییەوە بە تایبەتی کە چەندان سیستمی حوکمڕانی بە خۆیەوە بینیوە، دەردەکەوێت لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە هێز و هۆکارێکی کاریگەر بووە نەخاسمە لە کیشوەری ئەفریقا و وڵاتانی دراوسێی لە کیشوەری ئاسیا لە میانی نیمچەدوورگەی سینا. مێژووی هاوچەرخ پتر جەخت لە گرنگی پێگەی جیۆسیاسیی ئەو وڵاتە دەکاتەوە تەنانەت بەر لە کردنەوەی نۆکەندی سوێس لە ساڵی 1869، کاتێک محەممەد عەلی پاشا هەوڵی جیابوونەوەی لە خەلافەتی عوسمانی دا و هێزەکانی گەیاندە دەروازەکانی عەکا لە فەڵەستین. میسر لە دوای کردنەوەی نۆکەندی سوێس لە 16ـی تشرینی دووەمی 1869، پێگە نێودەوڵەتییەکەی زیاتر دەرکەوت بە تایبەتی کە بووە یەکێک لە ڕێڕەوە ئاوییە هەرە گرنگەکان و بووە یەکێک لە وڵاتانی ناو جەرگەی ململانێکانی جەنگیی یەکەمی جیهانی و پاشانیش جەنگیی دووەمی جیهانی.

ئەو وڵاتە لە کۆن و نوێ یەکێک بووە لە وڵاتانی کاریگەر بۆ بەدیهێنان و چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتیی هەرێمی بە تایبەتی لە ناوچەکانی دەرودراوسێی ڕووباری نیل کە بە پایەیەکی بنەڕەتی ئاسایشیی ستراتیژیی دادەنرێت. هاوکات لە سەردەمی جەمال عەبدولناسڕ (1918 – 1970)، ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبوو لە پشتگیری و هاریکاریی بزاوتەکانی ڕزگاریخوازیی عارەبی و ناعارەبییەکان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانیان لە دژی داگیرکاری کۆڵۆنیالیزم، کە لەو پێودانگەدا دۆستایەتی و پشتیوانیی خۆی بۆ کورد و شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دەربڕیبوو. شێرکۆ حەبیب لە کتێبی (الکورد في وثائق للأرشيف الوطني البريطاني وعدد من الصحف الأجنبية والعربية 1945 – 1977)، ئاماژەی بە مانشێتی ڕۆژنامە میسرییەکان کردووە لە بارەی گرنگیی چۆنیەتی پێشوازیکردنی جەمال عەبدولناسڕ لە بارزانی کاتێک لە تشرینی یەکەمی 1958 لە یەکێتیی سۆڤیەت گەڕایەوە و لە سەرەتادا سەردانی میسری کرد. نووسەر لە کتێبەکەیدا هێمای بۆ چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووس موکەڕەم محەمەد ئەحمەد لە ڕۆژنامەی (الأهرام)، لە ڕێککەوتی 26ـی ئاداری 1970 لەگەڵ مەلا مستەفا کردووە و بە ئەفسانەی کوردستان ناوی بردووە.

هەروەها ڕۆژنامەی (الأخبار المصرية) لە ژمارەی ڕێککەوتی 29ـی تشرینی یەکەمی 1966، باسی هەڵوێستی بارزانی لە بارەی دۆزی فەڵەستین کردووە کە تێدا جەختی کردووەتەوە، ئەم دۆزە بە تەنیا هی عارەب نییە، بەڵکوو هی مرۆڤایەتییە. بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ محەمەد حه‌سه‌نەین هەیکەل کە لە تاران لە ئەنجام دراوە، ئاماژەی بە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و پێی گوتووە: شۆڕشەکەم بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بووە و هیچ پێوەندییەکی بە ئیسرائیلەوە نەبووە و هەموو هەوڵەکانیشیانم بۆ دروستکردنی پێوەندیی ڕەت کردووەتەوە، ئەوان دڵیان بە وەستانی شۆڕشی کورد خۆشە و ڕۆڵی من لێرەدا کۆتایی هات، بەڵام گەلی کورد هەر دەمێنێت و چەندان سەرکردەی دیکە لە ناو کورددا بۆ بەڕێوەبردن و بەرگریکردن هەڵدەکەون.

سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ میسر لە ڕێککەوتی 21/12/2025 و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە بە تایبەتی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆمار بۆچوون و دیدگە قووڵەکەی مەلا مستەفا بارزانی پشتڕاست دەکاتەوە، کە لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ هەیکەلدا گوتبووی کورد هەر دەمێنێت و چەندان سەرکردەی دیاریی لێ هەڵدەکەوێت. هاوکات ئەم سەردانە بەشێکە لە هێز و دیپلۆماسیەتی نەرم کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نەخاسمە لەگەڵ وڵاتانی عارەبی و ناوچەکە پەیڕەوی دەکات، لە کاتێکدا ڕوونە گۆڕانی تا ڕادەیەک ڕیشەیی لە ناوچەکە خەریکە دەبێتە ڕاستی و هەمووان دانی پێدا دەنێن.