خەبات: چیادۆست ڕەسوڵ:- پێشینان دەیانگوت: ئەگەر لە چۆلەوانی لێت قەوما، ڕوو بکەنە گۆڕستانێک، چونکە شوێنێکی پیرۆز و ئەمان و پارێزراوە، مەغۆلەکان سڵیان لە هیچ شتێک نەدەکردەوە، بەڵام گۆڕستان لای ئەوان پیرۆزو هەمیش جێگەی ترس بوو. لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامیشدا گۆڕستان سیماو شوێنێکی پیرۆز و تایبەت بووە هەم لەلایەن خوداوە و هەمیش لە لایەن پێغەمبەری ئیسلامەوە (دروودی خوای لەسەر بێت). ئەمە جگە لەوەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان گۆڕستان وەک هێماو سیمبول و مۆنۆمێنت دەبینرێت و هەمیش وەکو ئەرشیف نیشان دەدرێت بە خەڵکانی نێوخۆیی و دەرەوە.

لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، شوێنە گشتییەكان پارێزراون لە پیسبوون، تەنیا لە نێو ئێمەی کورددا کەمینەیەک هەن نەک سڵ لە پیسکردن و ناشیرنکردنی ژینگە و شوێنە گشتییەكان ناکەنەوە، بەڵکو چێژیش لە پیسکردنی دەبینن، ئەم دیمەنانەی لەم وێنانەی دەبینرێت، هی گۆڕستانی گەڕەکی ڕاپەڕینە لە شاری قەڵادزێ، چەندین ساڵە مامۆستایانی ئایینی و ڕیش سپی و پیاوماقوڵان و چالاکوانانی مەدەنی و تەنانەت مامۆستایانی قوتابخانەش هۆشداریان داوە بە خەڵک و دەیان وتار و ڕێنماییان بەگوێی خەڵکدا دراوە، کە تاوانێکی ئایینی و ئەخلاقی و مرۆییە، فڕێدانی زبڵ و پاشماوەی خانوو و ئاژەڵی مردار بوو و ورگ و ڕیخۆڵەی ئاژەڵی گەورەو پەلەوەری مردار، لە سەر ڕێگای گۆڕستانی ڕاپەڕین و دەوروبەری فڕێ مەدەن، بەڵام كەس گوێ بە ڕێنماییەكان نادات و بەردەوامیشن.

لەوبارەیەوە (ڕێبوار قادر مەمەند) بە خەباتی ڕاگەیاند: ئێمە وەک دانیشتووانی نزیک لە گۆڕستانەکە چەندین جار سکاڵاو ناڕەزایەتیمان ناردۆتە لای سەرۆکایەتی شارەوانی قەڵادزێ، بەڵام بە بەڵێنی ئەمڕۆ نا سبەی، کارەکەیان هەمیشە دواخستووە، شایانی باسە دوا بەدوای ناڕەزایەتی کۆمەڵێک چالاکوان و خەڵکی ناوچەکە پاش چەندین جار و چەندین بانگەوازی مزگەوتەکان و مامۆستایانی ئاینی، سەرۆکایەتی شارەوانی قەڵادزێ دوێنێ تیمێکی لە شۆڤڵ و گەڵابەو بلدۆزەر نارد بۆ نزیک گۆڕستانەکەو بەشێوەیەکی کاتی هەندێک لە زبڵ و زاڵی دەوروبەری گۆڕستانەکەیان بە شێوەیەکی کاتی پاککردەوە.

ئاسۆ محەمەد عەلی کە هەم دانیشتووی نزیک گۆڕستانەکەیە و هەمیش یاریدەدەری پزیشکەو شارەزایی لە بواری تەندروستی و گواستەوەی نەخۆشییە بڵاوبووەکاندا هەیە بە (خــەبـات)ـی ڕاگەیاند: پیسبوونی ئەم گۆڕستانە هەر کاریگەری لەسەر ناشیرنکردنی سیمای گۆڕستانەکە نییە، بەڵکو بۆنی ناخۆشی پاشەڕۆکان کاریگەری لەسەر گواستنەوەی چەندین نەخۆشی هەیە بۆ دەوروبەرو تەنانەت شارەکەش، ئەو یاریدەدەرە پزیشكییە دەشڵێت: ئومێدمان وایە ئەمە دوایین کاری پاککردنەوەی شارەوانی نەبێت، بەڵکو لە داهاتووشدا بەیاساو سزا ڕێگە بگرێت لە دووبارە پیسبوونەوەی گۆڕستانەکە بەتایبەتی و ژینگەی شارەكەمان بەگشتی.