خەبات: لاپەڕەی گەشتوگوزار:- بەر پرسی لاپەڕەی گەشتوگوزار لە گەشتێكی مەیدانیدا ناوچەی ئەترۆشی بەسەركردەوە، بەتایبەت گەلیێ قیامەتێ، كە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی ناحیەی ئەترۆش سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، بە دووری 50كم دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی دهۆک، لە دامێنی بەرزایەك، كە دەكەوێتە بەشی باشووری زنجیرە چیای گارە هەڵكەوتووە، بەرزایەكە بە دارودرختی زۆر داپۆشراوە، بەتایبەت داری بەڕوو و قەزوان، چیاکانی ئەم ناوچەیە بەوە ناسراون، کە زۆر سەختن و دۆڵی قوڵ و کانیاوی زۆریان تێدایە. لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆریان لێ دەبارێت و كانی و ئاوی زۆر لە دامێنی چیاكان هەیە، سرووشی ناوچەکە بە تەواوی شاخاوییە، ئەمەش وایکردووە کەشوهەوایەکی تایبەتی هەبێت و لە هاویندا زۆر فێنك و لەبار بێت بۆ گەشتوگوزار. (گەلیێ قیامەتێ) كە گەلی (بلكێفێی) پێ دەڵێن، یەكێكە لە ناوچە گەشتوگوزارییەكانی سنووری قەزای شێخان، بەهۆی سرووشتە جوانەکەی و بوونی دارستانی چڕ و زۆری كانی و ئاوێكی سازگار و کەشوهەوای فێنک لە هاویندا، بۆتە شوێنێکی گرنگیی گەشتیاری بۆ خەڵکی دهۆک و موسڵ و ناوچەکانی تری كوردستان و عێراق.

ئەمەش وایكردووە ژمارەیەك كەپری گەشتیاری و شوێنی پشوودانی گەشتیاران لە ژێر سێبەری دارچنارە بەرزەكان و لەسەر كانی و ئاوی بەخوڕ و سازگارەكەی دروست بكرێن. سەبارەت بە پڕۆژەی گەشتیاری، ئەندازیار ئیدریس بەرێوەبەری گەشتوگوزاری شێخان لە خەباتی ڕاگەیاند: حكوومەت توانیویەتی هەندێك خزمەتگوزاری بۆ گەلیێ قیامەتێ دابین بكات، وەك رێكخست و سەبكردی شوێنی كەپرەكان و دروستكردنی گۆمی ئاوگلدانەوە و دابینكردنی دەستشۆر و دانانی تابلۆی رێنمایی پاراستنی پاكوخاوێنی ناوچەكە، لە پلان دایە كە خزمەتی زیاتر پێشكەش بە ناوچەكە بكرێت.

مێژوو و چیڕۆكی گەلیێ قیامەتێ
ناوچەکە مێژوویەکی دێرینی هەیە و شوێنەواری کۆنی لێیە، بەهۆی سەختی شاخەکانییەوە لە شۆڕشەکانی کورددا پەناگەیەکی گرنگیی پێشمەرگەبووە. ناوی گەلیێ قیامەت، بەپێی گێرانەوەی سەرزاری دانیشتوانی دەڤەرەكە، لە كۆمەڵكوژیەكی برایانی ئێزدی لەناو ئەم گەلیەدا وەرگیراوە، بەو واتایەی كە ژمارەیەكی زۆر لە ئێزیدیەكان دەستبەسەر كراون و براونەتە ناو ئەو گەلیە و كۆمەڵكوژ كراون، شێوەی كۆمەڵگوژیەكە هێندە كاریگەر بووە، وەك رۆژی قیامەت وێنەكراوە، بەڵام مێژوو و سەردەمی كۆمەڵكوژیەكە (جینۆسایدەكە) دیارنییە.