خۆشاردنەوە لە پەنای گوتاری سیاسی

114

غازی حەسەن
گوتار بە مانای ڕاپەڕاندنی ئەرکێک و دروستکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ حووکمدان و بڕیار، بە شێواز و کەرەستە و پێکهاتەی هەمەجۆر، وەکوو کردەی پەیوەندیکردن و کارتێکردن ئەنجام دەدرێت، گوتاری سیاسی هەڵبژاردن بانگەشە و ململانێ و کارتێکردن و هاندانە لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ. گوتار زانستێکە بە زمان و بیرۆکە و کەرەستەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ئاییدۆلۆژی ..هتد؛ بەڕێوە دەبرێت. چەندین کردە قسە لەخۆ دەگرێت. دوای هەڵبژاردن، تەکنیک و و فۆرم و مەبەستی گوتارەکە دەگۆڕێت، ئەگەر بەهەمان شێوە بەردەوام بوو، خوودی گوتارەکە چرووک و بێ بەرهەم دەبێت.

بۆ بەردەوامیی دان بەگوتاری تووڕە
گوتار لەتەک ئەوەی هێزێکی دامەزراوەییە، خودانی دەسەڵاتێکی گرنگ و کاریگەری حووکم و بڕیاردانیشە. هەندیک ڕۆژانە قسە دەکەن و دەئاخڤن، بەڵام هیچ تێگەیشتنێکی زانستی و بەکردەوەیان لەبارەی گوتار و بەکارهێنانی زمان و شێواز و جۆری گوتار نییە، ئەمەش وایکردووە لە سنووری هەقایەت و گێڕانەوەی زارەکی سادە و قسەکاری پتر، تێ نەپەڕن. بۆیە ئەم جۆرە کەسانە لەپێناو گووتنی هیچ، بەردەوامیی دەدات بە گوتاری تووڕە، ‌هێرشبەری یەکتر شکێن و هەواڵی دروستکراوی ساختە.

گوتار سەنگەری قسەکەرە
گوتار لەتەک پێگە و دەسەڵاتی کارەکتەری قسەکەر، پێویستی بە گوێگر و بەکارهێنەری چالاکیشە، سەرباری دیار کەوتنی ئامانج لە گوتار، شێواز و تەکنیکی بەکارهێنانی و زمانی ئاخاوتن و پەیام و هەڵبژاردنی کات و شوێنی گونجاو. ڕێک و ڕەوان سەنگەری قسەکەرە. هەیانە بەعەقڵ و شتی متمانەداری بەڵگەدار قسە دەکات، هەشیانە چەواشە و شتی دروستکراو بەکار دەهێنێت، با نموونەیەکی کورت بهێنینەوە، کە چۆن لەم سەردەمەدا هەندێک دەیانەوێت خۆیان و هەقیقەتی ڕووداوەکان و تەنگەژە فکری و دەروونییەکانیان لە پەنای گوتار بشارنەوە و هەموو ئەو شتانەی تێدا پەنا بدەن، کە پێویستە وەرگر و بەکارهێنەرانەی گوتارەکە بیزانن.

بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە ژینگەی خراپی سیاسی و پاشەکشە لە ئاستی ئاخاوتن و نزمی زمان و پووکانەوەی فکر و ئاسانبوونی شێواندن و لەکەدارکردنی ڕاستی هەیە. دەتوانم ئاماژە بەهەندێک هۆکاری گشتی و باو بکەم، کە بەرهەمهێنی ئاژاوەیەکی سیاسی متمانە کوژن:
یەکەم: باڵادەستی پەیوەندی دوژمنکارانە لەنێوان لایەنەکان، کەمبوونەوە و لەقبوونی متمانەی سیاسی، بەکارهێنانی تووندوتیژی لە ئاخاوتن و بەکارهێنانی ڕابردووێکی خراپ، کە دەبێتە مایەی بێزابوون لە شانازیی و ڕابردووی مێژوویی.
دووەم: لاوابوونی کەلتووری لێبووردەیی سیاسی، بەلاوەنانی دان بەیەک نان، دەرکەوتنی گوتاری ڕقلێبوونەوە.
سێیەم: دەرکەوتنی گوتاری ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی، بە مانای بەئەهریمەن کردنی ئەوی دیکە و خۆ بە فریشتە زان.
چوارەم: هەندێک دەستیان بە خۆشاردنەوە، شاردنەوەی هەقیقەت، شێواندنی شتەکان و فریودان لەپەنای گوتار ئەنجام دەدەن، ڕەنگە ئەمەیان مەترسیدارترین شێواز بێت بۆ بەرهەمهێنانی بیروڕای دەستکرد، زانیاری و هەواڵی دەستکرد و چیرۆکی ساختەی پووچگەرا.
پێنجەم: گوتاری حزبی لە قەیرانێکی ڕاستەقینە دایە، ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بە پاشەکشەی سیاسی و لەقبوونی پێگەی دەسەڵات و گۆشەگیری لە پەیوەندییەکان و هەستکردن بە لەقالبدانیان هاتبێت.
با نموونەیەک بهێنمەوە پاش هەڵبژاردن (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لەسەر زاری بەرپرسێکی؛ تۆپبارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، بەڵام بەهۆی کورتکردنی تۆپەکان لە بەرەی پێشەوە بەشێکی خۆیانی کوتاوەتەوە کە دەڵێت: “هەڕەشەکانی پارتی جددی نین و بۆ دڵخۆشکردنی جەماوەری خۆیانە. پارتی دەیەوێت بە دروشمی یەک ملیۆن دەنگ، شکستی کەمکردنەوەی کورسییەکانی بشارێتەوە. ئەو کارتانەی بەدەست پارتیەوەن و ئێستا هەڕەشەیان پێ دەکات زۆربەیان سوتاون. پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەستیکردووە بە کڕینی پەرلەمانتاران”. قسەکەرەکەی یەکێتی پەناگەیەکی وەکوو سەنگەرێکی سیاسی لە پشت گوتارەکەی دروستکردووە و دەیەوێت لەوێڕا پارتی تۆپ باران بکات: گریمانەی چی دەکرێت کاتێک دەبێژێت: “هەشەڕەکانی جددی نین”؟ لەم گوزارشتە ئەوەمان بۆ ساخ دەبێتەوە کە پارتی:
یەکەم : هەڕەشە ناکات، چوونکە دان بەوەدا دەنێت شتەکانی جددی نین، یان کارتی سووتاون.
دووەم: هەر خودی یەکێتی و بێ ئەوەی هیچ فشارێکی لەسەر بێت هەڕەشەکانی پێ جددی نییە. تەنیا دڵخۆشکردنی جەماوەری پارتییە.
ئەنجام: واتا ئەم ترسەی یەکێتی و ئەو زانیاریانەی دواتر دەیانخاتە بەردەم خەڵک بنەمایەکی پتەویان نییە، بؤچوون و زانیارییەکی لەخۆڕا دروستکراوی دەستکردن.
هەروەها یەکێتی دەڵێت:
یەکەم: یەکێتی لە هەولێر کورسی زیادی کردووە.
دووەم: پارتی لە هەولێر کەمی کردووە.
سێیەم: پارتی بە دروشمی یەک ملیۆن دەنگ، دەیەوێت شکستی کەمکردنەوەی کورسییەکانی بشارێتەوە.
ئەنجامی ئەم زانیاریانە چیمان پێ دەڵێن: هەقیقەتێکی هەڵگەڕاوە دەبینرێت، کە گوایە یەکێتی کورسی زیادی کردووە و پارتی کەمی کردووە. هەروەها یەک ملیۆن دەنگ بە دروشم وەسف دەکات، لەکاتێکدا سەنگەری گوتاری ڕەخنەگرانەی یەکێتی، سەنگەرێکی پتەوی متمانەداری ڕاستەقینە بەدیار ناکەوێت، بەپێچەوانەوە لە ئاواز و شێوازی دەربڕینەکە گریمانەی ئەوەی لێ دەکرێت لە دیماهی تۆپێک بتەقێنێت، کە دەنگێکی وای لێ بێت لە هەموو شوێنێک دەنگ بداتەوە، بۆیە بێ لێکدانەوەیەکی سیاسی قووڵ دەبێژێت:
“ پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، دەستیکردووە بە کڕینی پەرلەمانتاران”.
گریمانە و لێکدانەوەی ئەم زانیارییە لەڕووی دەروونی و فکری هەندێک شتمان بۆ ساخ دەکاتەوە، لەوانە:
یەکەم: پەرلەمان هەیە، پەکی کەتووە، پێویستی بە پەرلەمانتاری پترە بۆ کاراکردنەوەی.
دووەم: پارتی دەیەوێت پەرلەمان کارا بکاتەوە، ئاوازەی ئاخاوتنی قسەکەر ئەوە دەردەخات دژە.
سێیەم: یەکێتی دژی کاراکردنەوەیە.
هەموو ئەم زانیارییەی یەکێتی ئاماژەی پێکردووە، دەیەوێت وەسفی دۆخەکە ببەستێتەوە بە دژی ڕەفتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام پێ دەچێت بەهۆی کورتبینی لەتێگەیشتن لە بەکارهێنانی گوتار و زمان ئەو پەنایەی لەپشت گوتارەکە دروستیان کردووە، پەنایەکی پتەوی موکمی متمانەدار نەبێت، تۆپەکانیان بەرەکانی پێشەوەی هێزەکانی خۆیان بکوتێت.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە واقیعیکی دیکە سیاسەت دەکات، دەرگای بۆ گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە بەکاردەهێنێت، لەهەندێک بواردا هوشداری تووندیش دەدات، کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئەوە واقیعەکە دەگۆڕێت و بەرنامەی دیکە دێتە پێشەوە. بۆیە گوتاری پارتی ئەوە نێشان دەدات، کە:
یەکەم: پارتی براوەی یەکەمە.
دووەم: ئاماژە بەدۆڕان و پاشەکشەی هیچ لایەنێک نادات و بەپیچەوانە هێما بۆ برانەوەی لایەنەکانی دیکەش دەکات.
سێیەم: دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆ لەپێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کراوە بووە، ئێستاش دوای تۆپبارانەکه‌ی یەکێتی دەرگایان دانەخستووە. لەجیاتی هێرش دەرگای گفتوگۆ و لێبوردەیی و تێکگەیشتن بەکراوەیی دەهێلێتەوە.
چوارەم: پێورەیان تەنیا ئیستحقاتی هەڵبژاردنە لەگەڵ لایەنەکان و هیچ لایەنێکیش تۆمەتبار ناکەن.
چوارەم: پێشوازی لەهەر لایەنێک دەکەن، کە بیانەوێت بێنە نێو حکوومەت، ئەمەش ئەوە دەردەخات پارتی لایەنی براوەی یەکەمە بێ ئەوەی ئاماژەی پێ بکەن، ئەوان بەرپرسی یەکەم و خاوەنداریی هەنگاوەکان و بەرپرسیاریەتی لە پێکهێانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەن.

ئەنجام ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە: پارتی لە گوتارەکانی ناڕاستەوخۆ وەڵامی یەکێتی دەداتەوە، زمانی هەڕەشە و ڕەتکردنەوە و شکاندنی پەیڕەو ناکات، ستایشی خۆیان وەکوو هێزی براوەی مەغرور و تاقانە و ئیرادەی خۆ سەپێن ڕەفتار ناکەن، بەپێچەوانەوە بەرپرسانە لە سەنگەری گوتاری دەسەڵاتەوە پێشوازی لەلایەنەکان دەکەن، ئەم گوتاری خۆ بەدەسەڵات زانە لای هەندێک لایەن وەکوو ترس و نیگەرانی لێک دەدرێتەوە. لەکاتێکدا لەنێو ئەمریکای دیموکراتی هێزی براوە بەرپرسە لە بڕێاردان و پێکهێنانی کابینە و حکوومەت و داڕشتنی ستراتیژی سیاسی و هەتا لێپچینەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان پێچەوانەی گوتارەکەی یەکێتی، لایەنی دیکەش بەبراوە دەزانن، نەک بە شکستخواردوو، هیچ لایەک بە دۆڕاو، تێکشکاو و کەمکردنی کورسییەکانیان پێوانە ناکەن و هیچ ئاماژەیەکی نەرێنی وەکوو هەڕەشە و سووکایەتی و لەم جۆرە زمانە لەنێو وەڵامە گوتارەکانیان بەدی ناکرێت، ئەگەر ڕاشکاوانەش بئاخڤن بەزمانێکی سیاسی و لۆژیکی گفتوگۆ و هوشداریی دەدوێن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ جیاوازیکردن لەنێوان بەرپرسیاریەتی و ڕاکردن لە گوتاری خۆ بەخاوەنزانی بەرپرس. ئەم پەنا متمانەدارەی لە گوتارەکەی پارتی دەردەکەوێت تۆپبارانکردن و ڕیسواکردن و هەڕەشە و وەسفی خراپی هیچ لایەنێک، یان ئاماژە بە کەمکردن و زیادکردنی دەنگ و کورسی هیچ لایەنێکی لەخۆ نەگرتووە، وەکوو ئەوەی یەکێتی کردوویەتی و لە تۆنی گوتارەکە دیارە بەپێداگریی دەیانەوێت گوتاری خۆبەرپرس نەزان وەسف بکەن، بۆیە خۆشاردنەوە، یان گێڕانەوەی هەواڵی ناڕاست، شێواندن و دەستکاری ڕاستییەکان لەپەنای گوتاری سیاسی مەرج نییە ئامانجەکان بپێکێت، لە کورتهێنانی تۆپبارانەکان بەهۆی نەشارەزایی قسەکەرەوە، ئاساییە ئەو هێز و حزب و لایەنە خۆی خۆی تۆپباران بکات.

دیماهی و پوختەی مەبەست
گوتار زانستکی گرنگی ئەم سەردەمەیە پشت بە بەکارهێنانی (زمان و زانیاری و کەرەستە و ڕووداو و مەبەست و ئامانجی جیاواز و تەکنیکی نوێی گێرانەوە و زمانچڕی و پوختی لە گوزارشت) دەبەستێت. گوتارەکەی یەکێتی (هێرشبەرێکی ڕەخنەگرانە و کەمکردنەوەی بەها و پێگەی دەنگدانی تایبەتی لایەنێکی سیاسیی گەورەی وەکوو پارتییە و ئەوان ڕاستەوخۆ ناوی ئەم حزبە دەهێنن، کە بە ڕکابەری خۆیانی دەزانن، لەکاتێکدا یەکێتی هەم لە دەنگ و هەم لە کورسی لە نیوەی پارتییە و بەمە ساخ دەبێتەوە یەکێتی لەم گوتارەدا ئاشکرایە لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە.

لەکاڤێک ئێمە دەزانین بەشێوەیەکی سروشتی کارا نەکردنەوەی پەرلەمانیش هەنگاوی دیکەی سیاسی و دوور نییە دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن و هاوسەنگی و ئاڵوگۆڕ و بیرۆکەی دیکە بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە بەپێی لێدوانەکانیان بەمەش ڕازی نین. هەر هێزێک کە پاشەکشەی کرد، سەنگەرەکانی نوێ دەکاتەوە، شێوازی کلاسیکی و زانیارییە هەڵەکان و گێڕانەوەی چیرۆکە دەستکردەکان چی دیکە بەکارناهێنێتەوە و بەخۆیدا دەچێتەوە و بەرنامەیەکی نوێی تاقی نەکراوە و زمانێکی جیاواز بەرهەم دەهێنێت، نەک هەمان گوتار بە خراپتر، هەمان زمان شڕتر، هەمان بیرۆکە کۆنتر و داڕزاوتر، هەمان سیاسەت تێکشکاوتر، هەمان کاردانەوە خراپتر.

گوتاری حزبی لەسەردەمی هەڵبژاردن و دوای دەنگدان لە قەیرانێکی راستەقینە دەبێت، بەتایبەتی کە بنەما کاکلدارە پتەوەکانی لەدەست دەدات و لە دژ بەیەکبوونێکی توند لەنێوەخۆی دەخووڵێتەوە. گوتار کردەی ئەنجامەکانی خۆیەتی و لەنێو ئاوازەی (من منۆکێی نەخۆش) دا خنکاوە، پێموایە بەپێی لێکدانەوەی گوتارەکان پشت بەستن بە گوتاری نەتەوە و نیشتمان هێزێکی گەورەی بە ئاخاوتن و سیاسەت و ئینجا متمانەکردن بە پارتی داوە، ئەگەر دیقەت لە گوتاری هێرش و وەڵامی هەردوو حزب بدەین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، یەکێکیان وەسفی خۆی لەنێو (من منۆکێی باڵای) براوەی تێکشکاوی دەکات و ئەوی دیکەش بە تێکشاو وەسفدەکات، کە ئەمە بریتییە لە گوتاری (یەکێتی) و لە هەقیقەتیشدا مەسەلەکە هەڵگەڕاوەیە. (پارتی)یش بە پێچەوانەوە دەرگای خۆی بەکراوە لەبەردەم هەموو لایەنێکی براوە بەکراوەیی هێشتۆتەوە، هیچ ئاماژەیەک بە لایەنێک ناکات، کە وێنەی شکان و دۆڕان و پاشەکشەی نیشان بدات، بۆیە لە گوتارەکەی پشت بە (ئێمە/ هەمووان/ براوەکان بەپێی هاوسەنگی و یەکسانی و دادپەروەریی دەنگدان) دەبەستێت. نەخشەکە بەپێی ڕێژەی کورسی و دەنگەکان دەبێت.