محەمەد گەردی
دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ داهاتووی دۆزی کورد و پرۆسەی خزمەتگوزاری، لەسەر بنەمای دروشمی ستراتیژیی “کوردستانێکی بەهێز” داڕێژراوە، کە ئەم دیدگایە لە چەند کۆڵەکەیەکی سەرەکی پێکهاتووە کە تێکەڵەیەکە لە پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان بەرژەوەندی سەرجەم خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.
بۆ نموونە لەسەر ئاستی دۆزی کورد و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا پارتی خۆی بە هەڵگری مەشخەڵی کوردایەتی و پارێزەری قەوارەی هەرێمی کوردستان دەزانێت پێی وایە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و دەبێت وەک هەرێمێکی بەهێز لەناو عێراقێکی فیدراڵدا بمێنێتەوە. هەروەها دیدگای پارتی ئەوەیە کە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەری کێشەکان جێبەجێکردنی تەواوی ماددەکانی دەستوورە، بەتایبەت ئەو ماددانەی پەیوەستن بە مافە داراییەکان و پێشمەرگە.
لەبارەی ماددەی ١٤٠ و ناوچە کوردستانییەکانیش کە ئەمە یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی پارتی بۆ داهاتوو، یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـەوە، بە جۆرێک کە ئەو خاکە بۆ سەر هەرێم بگەڕێتەوە. سەبارەت بە سێ بنەماکە (هاوسەنگی، تەوافوق، شەراکەت) پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشداری کورد لە بەغدا دەبێت ڕاستەقینە بێت و بڕیارە سیاسییەکان بەبێ کورد نەنرێن.
لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی، گۆڕینی ئابووریی کوردستان لە پشت بەستن بە نەوتەوە بۆ پشت بەستن بە (کشتوکاڵ، پیشەسازی، و گەشتوگوزار)، دروستکردنی سایلۆکان، بەنداوەکان و کارگەکان بەشێکن لەم دیدگایە، هەروەها بەهێزکردنی ژێرخان و گرنگیدان بە ڕێگاوبانەکان، بەرزەپردەکان و کەرتی کارەبا وەک بنەمایەک بۆ پێشخستنی وڵات. هەروەها کەمکردنەوەی ڕۆتین و بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان (وەک پڕۆژەی هەژماری من و ڤیزای ئەلیکترۆنی) بەشێکن لە دیدگای داهاتوو بۆ مۆدێرنکردنی دامەزراوەکان. پارتی پلانی هەیە کوردستان بگەیەنێتە قۆناغی خۆژێنی لە بەرهەمهێنانی خۆراک و پاراستنی سامانە ئاوییەکان لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداوی زیاترەوە، پارتی دەخوازێت هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە و پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا بپارێزێت.
بەدامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگە و یەکخستنەوەیان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێکە لە دیدگای داهاتوو بۆ دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی بەهێز. چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دیدگای پارتی بۆ داهاتوو جەخت لەسەر پرۆسەی چاکسازی دەکاتەوە، کە بریتییە لە ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان، نەهێشتنی بندیوار، و شەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان. دیدگای پارتی بۆ داهاتوو بریتییە لە کوردستانێکی خاوەن ئابووریی سەربەخۆ و فرەچەشن، خاوەن خاکێکی یەکگرتوو (بە گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان)، و خاوەن پێگەیەکی بەهێزی سیاسی لە چوارچێوەی کلتوری پێکەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان.