خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هونەرمەند شادە عەلی، یەکێک لەو هونەرمەندانەی لەبواری شێوەکاری و چیرۆک نووسین کار دەکات و جێ دەستی دیارە، ئەو جیا لەم دوو بوارە شیعریش دەنووسێت و خاوەن قەڵەمێکی دیارە، لە دیدارێکدا بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

*هونەر لایەنێکی گرنگی ژیانی گەلانی دنیایە، کورد تاچەند سوودی لەم بوارەگرنگە وەرگرتوە بۆ ئاشنابوون بەگەلانی دیکە؟
هونەر زمانێکی جیهانییە، لەڕێگەی تابلۆوە هەرچی پەیامێکت هەیە دەتوانیت بیگەینیت و جیهان لێت تێبگات، کوردیش توانیوویەتی لەم بوارەدا جێ پەنجەی دیاربێت وەک ئازارەکانی کورد تایبەت کیمیابارانکردن و ئەنفال و ئاوارەیی هەتا ئەم جەنگانەی دواییش.

*وەک ئافرەتێک لەسێ بوار و بەشی گرنگی هونەر کاردەکەیت چۆن هاوسەنگیت ڕاگرتووە؟
دەتوانم بڵێم کارێکی زۆر قوسە، دەبێت کاتیان بۆ دابنێم و زۆریش ماندووم دەکات، چونکە هەر بوارێکیان جیاوازن لەیەکتر و بینەر و خوێنەری خۆی هەیە، جگە لەوەش دەبێ بە سێ زمان ڕۆژانە کاربکەم زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزیش، پاراستنی هەریەکەیان بەپێی ئەو بوارەیە کە کاری تێدادەکەم، حەزیش ناکەم زیادەڕۆیی لەکاردا بکەم، دەمەوێ جوان و کورت و پوخت بن پڕ ماناو سادە هەر کەسێک بتوانێت بخوێنێتەوە لێی تێبگات.

*ئافرەت یان پیاوان خاوەنی ئەفراندنی زیاترن لەبواری هونەردا؟
هونەر جیانەکراوەتەوە بۆ نێرو مێ، کارکردن تێدا ئازادە چۆن دەتوانی کاربکەن ، بەڵام هەندێک جار هەستێکی ناسکی ناو تابلۆیەک ڕاماندەکێشێت ، بەوەدا دەتوانین بڵێین ڕەگەزێکی مێ کێشاویەتی، هەردوکیان ئافرەت و پیاو وەکو یەک گرنگی پێدەدەن.

*نووسینەکانت ڕووداوی ژیانن یان زادەی خەیاڵی خۆتن؟
تێکەڵن، هەم خەیاڵ و هەمیش ڕووداوەکانی ژیان، چونکە نووسەر هەمیشە لەخەیاڵدا نییە، هەندێک ڕاستیش هەیە تێکەڵی جوانی خەیاڵ دەکرێت.

*تاچەند پێتوایە هونەرمەندی ئافرەت بوێر و ڕاستگۆیە لەدەربڕینەکانی بەتایبەت بەرانبەر بەڕەگەزی پیاو؟
وەک گوتم لە هونەردا جیاوازی هەردوو ڕەگەز ناکرێت، بەڵام بەپێی ڕەسەنایەتی کۆمەڵگە و داب و نەریت هەندێک لەشێوازی هونەر دەکشێنەوە، چونکە بۆ کۆمەڵگەکەمان ناگونجێت، خۆشم حەزم لە شتێکە لەگەڵ داب و نەریت بگونجێت، چونکە من کار بۆ کورد دەکەم.

*تابلۆکانت گوزارشت لەچی دەکەن؟
گوزارشت لە ڕەسەنایەتی کۆمەڵگە، سرووشت، ئازاردانی مرۆڤ، وێرانکردنی نیشتمان. پەیامم بۆ ئاشتی و تەبایی و پاراستنی ماف و گیانی هاوڵاتی و نیشتمانەکەمە.

*دەتەوێت لەڕێی هونەر چ پەیامێک بگەیەنیت؟
لەساڵی 2014 بۆ 2018 وەک ئافرەتێک گەورەترین کاری هونەریم کرد و پێشانگەیەکم کردەوە، هەرچەند دۆخێکی نەخوازراو و برسێتی و شەڕی داعش هەبوو، بەڵام کۆڵم نەدا و داوای مافم کرد، دەمەوێت پێیان بڵێم کۆڵ مەدەن بەردەوام لەکارکردندا بن، چونکە هونەر ژیانە، ژیانیش بەردەوامە.

*سەرقاڵی چی پرۆژەیەکی نوێی هونەریت؟
لە ئێستادا هونەر تەنیا بۆ توانای کارکردنە، چونکە خەرجی زۆری دەوێت و تابلۆکانیش بەگشتیی لەنێو پێشانگەکاندا کڕیاریان نییە، هەتا بینەریشیان کەمە،
پرۆژەم نابێت وەک پێشانگەی تایبەت هەتا ئەم زروفە باش نەبێت، چونکە خەڵک بەهۆی بژێوی و ژیانێکی قورسەوە سەرقاڵن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جار جارە تابلۆیەک دەکێشم.