سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیکردنی لە باڵوێزی فەرەنسا ڕایگەیاند، هەلومەرجێکی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵوێزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دواین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران. تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و چڕکردنەوەی هەوڵ و ڕێکارەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

هاوکات پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بوو. لەم بارەیەوە مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە “هەلومەرجێکی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم هاتووەتە ئاراوە”.