لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمەریکا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و دابینکردنی بەشەبودجەی هەرێم کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناریۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کرا.

سەبارەت بە شێوازی حکومڕانیی داهاتوو لە بەغدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی “حکومەتێکی خزمەتگوزار”، بەشێوەیەک کە بەبێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکان بکات و پابەند بێت بە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سیستەمی فیدراڵی.

تەوەرێکی سەرەکیی دیکەی دیدارەکە، تایبەت بوو بە کێشە دارایی و ئابوورییەکان؛ تێیدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر:
١- پێویستیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا.
٢- چارەسەرکردنی بەربەستەکان و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ستایشی هەنگاوەکانی مەسرور بارزانی کرد لە ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی چاکسازییەکان لە کەرتی دارایی (Banking) و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دەربڕی