ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکی نوێدا، دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکانی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق گەڕاندەوە تاوەکو دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمان. 

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، “ئەمە وەکو ڕاستکردنەوەی بڕیارێکی پێشووتری دادگاکە دێت کە بڕیاری کۆتاییهاتنی ئەرکی خولی پێنجەمی دابوو.”

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە وەک وەڵامێک بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەرچووە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەسەڵاتی تەواوی کارگێڕی و دارایی دەمێنێت. لە نووسراوەکەدا هاتووە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان “تەنیا مافی دەرکردنی یاسا و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان نییە.”