خەبات: عامر فەرحان:- سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەناوبانگە بۆ هەبوونی بەرهەمی هەناری، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی پێگەشتنی هەنار بەهەزاران تۆن هەناری هەڵەبجە لەبازاڕەکانی ناوخۆو دەرەوەدا ساغدەکرێتەوەو خواستێکی زۆریشی لەسەر، لەهەمانکاتدا بەشێک زۆری هەناری سنورەکە دەکرێت بەشەربەتی هەنارو ڕووبەهەنار.
بۆ ئە مەبەستەش لە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە دە کارگەی تایبەت بە تەکاندنی هەنار و پاڵفتەکردنی ئاوی هەنار هەیە، کە کارئاسانییەکی زۆریان بۆ خاوەن باخەکان کردووە، چونکە ساڵانی ڕابردوو بەدەست شەربەتی هەناریان ئامادە دەکرد، کە ئەمەش پێویستی بەکاتێکی زۆرو ماندووبوونێکی زۆر هەبوو.
فاتیح عوسمان خاوەنی کارگەی شەربەتی هەناری سازان لە لێدوانێکدا تایبەت بەخەباتی ڕاگەیاند: ئێمە ساڵانە لەسەرەتای مانگی دەوە کارگەکەمان ئامادە دەکەین بۆ وەرگرتنی هەناری جوتیارو خاوەن باخەکانی سنوری هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور تا ناوەڕاستی مانگی دوازدە بەبەردەوامی کاردەکەین، ئەگەر بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بە بەردەوامی کاربکەین دەتوانین لەو ماوەیەدا 200 تۆن هەنار بكەین بە شەربەت، کە ئەمە هاوکارێکی زۆرباشی خاوەن باخ و جووتیارەکانە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان لەناو پارێزگای هەڵەبجەو شارەکانی تری کوردستانەوە سەردانمان دەکەن، خۆیان هەنار دەکڕن و ئێمە لە کارگەکەمان بۆیان دەکەین بە شەربەت، بەشێکیان لەبازاڕەکاندا دەیفرۆشنەوە و هەندێکیشیان شەربەتی هەنارەکە هەڵدەگرن بۆ ئەو کاتەنەی هەنار بەسەردەچێت بۆ خواردن بەکاری دەهێنن، بەڵام خاوەن باخ و جووتیارەکان شەربەتی هەنارەکە دەکوڵێنن و ڕووبەهەناری لێ دروست دەکەن، کە ڕوبەهەناری هەڵەبجە بەناوبانگە و خواستێکی زۆری لەسەرە، بەشێکیشی هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
فاتیح عوسمان خاوەنی گارگەی شەربەتی هەناری سازان ئەوەشی بە خەبات گوت: لەگەڵ ئامادەکردنی شەربەتی هەنارەکەدا دەتوانرێت سوود لە توێکڵی هەنارەکەش وەربگیرێت و هەر بەتەڕی دەهاڕدرێت و بۆ دروستکردنی ئالیك بۆ ئاژەڵ سوودی لێ وەردەگیرێت، هەروەها ترشی هەنارەکەش لەگەڵ مادەی خۆراکیدا تێکەڵ دەکرێت و سوودی لێ دەبینرێت، کە ئەمەش ساڵانی ڕابردوو نەبووە، بەڵام ئێستا وێڕای ئەوەی ژینگە بەخاوێنی دەمێنێتەوە سوودی ئابووریشی بۆ خاوەن باخەکان هەنار زیاترە.
ڕوونیشی کردەوە: ئەگەرچی هەناری هەڵەبجە زۆر بەناوبانگە، بەڵام بەشێوەکی گشتی بۆ ئەمساڵ بەرهەمی هەنار زۆرباش نەبوو، چونکە وەرزی هاوێن زۆر گەرمبوو ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر کەم ئاوی، بۆیە هەناری ئەمساڵ کەمێک وشکە، هیوادارین لەساڵانی ئایندەدا هەم کەشوهەوا هەمیش ژینگە لەباربێت و جوتیاران و خاوەن باخەکان بەرهەمێکی زۆر زیاتری هەنار بخەنە بازاڕەکانەوە.
جێگەی ئاماژەیە پارێزگای هەڵەبجە سێ ڕۆژی جیاوازی لە مانگی ڕابردوودا لە فیستیڤاڵی هەنار بەڕێکرد، بەجۆرێک شارەکە وەک ناوەندێکی گەشتیاری و ئابووری گرنگ، هاووڵاتیان و گەشتیاران ڕوویان لێدەکرد، لەمیانی بەڕێوەچوونی یازدەهەمین فیستیڤاڵی هەنارو پاییزی هەڵەبجەدا فرۆشیاران لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرهەمەکانیان لەم فیستیڤاڵەدا ساغ کردەوە.
لەماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەكەشدا سەدان تۆن بەرهەمی ناوخۆی و کاری دەستی و خواردنی کوردەواری نمایشکران، هاوکات چەندین چالاکی هونەری و کلتوری و ڕۆشنبیری پێشکەشکران کە سەرنجی گەشترانی ڕاکێشا و گەشتیارانیش لە تەواوی شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد بۆ بەشداریکردن لە یازدەهەمین فیستیڤاڵی پایز و هەناری هەڵەبجە.
هەورامان جەلال بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و بەبازاڕکردن لە بەڕیوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا تایبەت بەخەباتی ڕاگەیاند: وەک لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری یازدەهەمین فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بە پلانێکی تۆکمەوە توانیمان لە ماوەی سێ ڕۆژی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەكەدا پێشوازی لە 420 هەزار گەشتیار بکەین، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بە هاتنی ئەو ژمارە زۆر گەشتیار بۆ شارەکەمان هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو تۆمار نەکرا.
گوتیشی: بۆ ئەمساڵ ئەوەی جێگای نیگەرانی گەشتیاران بوو دروستبونی ئاستەنگی هاتوچۆ بوو، بەتایبەت لە دووەمین ڕۆژی فیستیڤاڵەکەدا، بەڵام ئێمە وەک لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاریی، ئامادەکاری تەواومان بۆ ئەم بابەتە کردبوو، بەدیارکردنی سێ ڕێگا بۆ شوێنی فیستیڤاڵەکەو دانانی لۆکەیشن بۆ کارئاسانی هاتۆچۆی گەشتیاران، بەڵام بەهۆی زۆری هاتنی گەشتیاران کە لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا زیاتر لە100هەزار ئۆتۆمبێڵی بچووک و گەورە سەردانی شارەکەیان کرد و بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ.
هەورامان جەلال بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و بە بازاڕکردن لەبەڕێوبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەوەشی بەخەبات گوت: لە فیستیڤاڵەكەدا هەموو جۆرە بەرهەمێکی ناوخۆی و کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان نمایشکران، ئێمەش لەڕێگەی چەند لیژنەیەکی تایبەتەوە بەردەوام چاودێری نرخەکانمان دەکرد هەر فرۆشیارێک سەرپێچی کردبێت سزادراوە تائاستی داخستنی شوێنەکەی، چونکە ئێمە مەبەستمانە زۆرترین گەشتیار سەردانی فستیڤاڵەکەبکات و لە هەمان کاتدا فرۆشیارانیش زۆرترین بەرهەم ساغ بکەنەوە. گوتیشی: بۆ ساڵی ئایندە بە پلان و بەرنامەی نوێ ئامادەکاری دەکەین و ئەو ئاستەنگانەی بۆ ئەمجارە دروستبوو هەوڵی جدی دەدەین چارەسەریان بکەین.
شایەنی باسە بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەشێک لە گەشتیاران نەیانتوانی بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، خەڵکی هەڵەبجەش بە میواندۆست و خانەدان ناسراون، دەرگای ماڵەکانیان بۆ گەشتیاران کردەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ژمارەی مۆبایلی خۆیان بڵاودەکردەوە بۆ ئەوەی هەر گەشتیارێک پێویستی بەشوێنی مانەوە هەیە پەیوەندیان پێوەبکەن و بڕۆن بیانبەنە ناو ماڵەکانی خۆیان، ئەمەش هێندەیتر جوانی و میواندۆستی خەڵکی هەڵەبجەی نیشاندا و سیمایەکی جوانتری بەخشی بە یازدەهەمین فیستیڤاڵی هەنارو پاییزی هەڵەبجە.











