سەڵاح شاکەلی
سەرکەوتن یان بردنەوە لە هەر پرۆسەیەکی سیاسیدا بە پلان و ئامادەکاری پێشوەخت دەستپێدەکات، چونکە قۆرت و ڕێگریی جودا لە پێشدان، کە ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرییان دەوێ تاکو ڕێگەی سەرکەوتن کورت بکرێتەوە، بێگومان لەگەڵ ئەو بارودۆخەیشدا بڕوابوونی تەواو بە توانای خود و سوود وەرگرتن لە هەردوو دیوی ئەزموونی سەرکەوتوان لە مێژوودا دەروازەیەکی نوێ بە ڕووی گەشبینی و ئایندە بینیدا دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا بە هەر دیدێک خوێندنەوە بۆ ئەو سەرکەوتنە ملیۆنیەی پارتی بکەین دەبێ ئەو ڕاستیە مێژووییە لەبەرچاو بگرین، کە پارتی هەر لە دروستبوونیەوە تا ئێستا لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەبێ دابڕان بە گەلێک ڕەوشی ناهەموار و بارودۆخی سەختدا تێپەڕیون و بەردەوام هەڵگری ئاڵای ڕزگاری و چارەسەرکردنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بوون و لە سەنگەری پێشەوەی کوردایەتی و قوربانیانداوە، لە هەموو ڕێچکەیەکی خەباتدا لێکدانەبڕاون. بەو پێیەش دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە پشتبەستن بە گەل تاکە ڕێگەیە بەرەو بەدیهێنانی سەرکەوتن و دەسکەوتی نوێ بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک، ئەم سەرکەوتنەی پارتی پێمان دەڵێ لایەنێک، کە ئەو جەماوەرەی لە پشتەوە بێت بێگومان مەیدانی خەباتی فراوان و ئەرکیشی زیاتر دەبێت، چونکە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە پرۆسەیەکن بە متمانە و کۆدەنگیی مەیسەر دەبن و وەڵامێکی بێگەردیش دەبن بۆ دۆست و نەیاران، کە ڕاستگۆیی لەگەڵ گەلدا هەوێنی سەرکەوتنەکانە.
بێگومان ئەوانەی بەم هەڵبژاردنە دەرچوون و دەچنە پەرلەمان دەبێ لەو ڕاستیە گەیشتبن، کە خەڵکی دەنگدەر چاوەڕێی زۆریان لێدەکەن پێویستە لە ئاست خواستی گەلەکەیاندابن هەڵگری خەسڵەتە جودا و جوانەکانی بەرپرسیارێتیی بن، خاکەڕایی تا ڕادەی قوربانیدانیش، چونکە ئەم گەلە ستەملێکراوە دەمێك ساڵە هەگبەی مەینەتی و ئازار و خەمەکانی بە کۆڵیەوەن بە ئومێدی ئەوەی کەسانی دڵسۆز کار بۆ وەرگرتنی مافیان بکەن، بێدادی بسڕنەوە و لە پەرلەمانێکی پڕ لە جیاوازیی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و لە بەرانبەر تەوژمی شۆفێنیدا (خۆنەچەمێنن)، گرنگیی یاسا لە جێبەجێکردنیدایە نەک هەڵگرتنی لە پەڕاوی قەبەدا، لەگەڵ ئەوەیشدا ململانێی لایەنە جوداکانی نێو پەرلەمان هەموو ڕێچکە جیاوازەکانی خەباتی سیاسی لەخۆدەگرێت، چونکە هەندێ دەستە و گروپ لە دیدی خێڵایەتی و ناوچەگەرییەوە خوێندنەوە بۆ گرنگیی یاساکانی پەرلەمان دەکەن، بەڵام لە کوردستاندا، وەک ڕاستیەکی مێژوویی: دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا گرنگیی به بەرقەراربوونی یاسا و دەستووری بۆ رێکخستنەوەی کاروبار و ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی کوردستان پڕبایەخ پێشاندا و بە گوێی هەموو لایەکیدا دا و بە کورتی وتی: (دەبێ کار بۆ ئەوە بکەین شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی بگۆڕین بۆ شەرعیەتی دەستووریی)، کە سەرەڕای ڕەوشی ناوخۆ کاروانی ئاوەدانکرنەوە و هێنانەکایەی دامەزراوە شارستانیەکان بەرەو پێشچوون و هەر بە یاسایش و بە کۆدەنگیی گەلەکەمان کار بۆ بڕیارێکی چارەنووسساز کرا. کۆمەڵانی خەڵك چاویان لەوەیە چیدی بڕگە و بڕیاری بێ ناوەڕۆك بەسەر خەڵکی ئێمەدا نەکرێنە ماڵ و پیاوەتیمان پێنەفرۆشنەوە، دەستی دەستی و ئەمڕۆ نا سبەی دووبارە نەکرێنەوە (مافی کۆمەڵێک نەخرێتە دەستی تاکێکی کاڵفامی ویژدان مردوو).