ستراتیژی حکومڕانیی پارتی دیموکراتی کوردستان

167

تاهیر شێخ محێدین بەرزنجی
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک گەورەترین و کۆنترین هێزی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، خاوەنی فەلسەفە و ستراتیژییەکی حکومڕانییە کە لە سێکوچکەیەکی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت: بیروباوەڕی نەتەوەیی (کوردایەتی)، ڕێبازی بارزانی و پڕەنسیپەکانی دیموکراسی و گەشەپێدان.
بنەما و فەلسەفەی حکومڕانی پارتی
ستراتیژی حکومڕانی پارتی لەسەر چەند پایەیەکی فیکری بنیات نراوە:
– ناسیۆنالیزمی کوردستانی و مافی چارەنووس
پارتی نوێنەری ڕسەتەقینەی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانە. ستراتیژییەکەی لە پێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بە تایبەت مافی چارەی خۆنووسین و مافە دەستووری یاسییەکانە. ئەمە وای لێدەکات کە پاراستنی قەوارەی هەرێم و دابینکردنی سەقامگیری، ئامانجی سەرەکی پارتی بێت لە حکومڕانیدا.
– ڕێبازی بارزانی (مەلا مستەفا و سەرۆک بارزانی)
ئەم ڕێبازە وەک بناغەیەکی فیکری و پڕاکتیکی کاری پارتی دادەنرێت. بنەماکانی بریتین لە خۆڕاگری، یەکڕیزیی نیشتمانی، خزمەتکردنی گەل پێش سیاسەت و دیموکراسیخوازی وعەدالەتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی کوردستان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و حوکمڕانیدا، ئەمە واتە؛ پارتی بە هەموو شێوەک هەوڵدەدات بۆ پاراستنی یەکدەنگی و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان.
– دیموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و فرەیی.
پارتی بڕوای بە سیستمی دیموکراسی پەرلەمانی و فیدڕاڵی هەیە و جەخت لەسەر دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکاتەوە. لە پرۆگرامی سیاسیدا، باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گرنگیپێدان بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان هەیە، وەک بەشێک لە فەلسەفەی هاووڵاتیبوونی یەکسانی.
ئاراستە ستراتیژییەکانی پارتی لە حوکمڕانی و وەرگێڕانی ستراتیژ بۆ کردار.
لە کرداری حوکمڕانیدا، ستراتیژی پارتی چەندین ئاراستەی سەرەکی دەگرێتەبەر:
– لەسەر ئاستی نیشتمانی: بەهێزکردنی هەرێم و پێداگری لەسەر یەکڕیزی ناوماڵی کورد.
– چەمکی “یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت، یەک هێزی پێشمەرگە”: ئەمە پڕەنسیپێکی نەگۆڕە لە ستراتیژی پارتی. مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەت، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نابێت حکومڕانی هەرێم بە دوو ئیدارەیی بێت و پێویستە داوودەزگاکان، بە تایبەت هێزەکانی پێشمەرگە، یەکبخرێنەوە.
– خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە: پارتی لەو ناوچانەی کە تێیدا باڵادەستە، گرنگییەکی زۆر بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری (ڕێگاوبان، پرۆژەی نیشتەجێبوون، وزە) دەدات.
– لە بواری ئابووری: پارتی بەهەموو شیانەکانی خۆی گرنگی بە گەشەپێدانی بەردەوام و چاکسازیی ئابووری دەدات و هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ زامن کردنی ئاسایشی ئابووری کوردستان.
– هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی داهات: پارتی بە پلانی ستراتیژی و بەرنامە هەوڵدەدات بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە یەک سەرچاوەی داهات (نەوت).
– چاکسازی: تەنها پارتی خەمخۆر و داکۆکی کارە لەسەر پڕۆژەی چاکسازیی بنەڕەتی لە مووچە و زامنکردنی مووچەی فەرمابەرانی هەرێمی کوردستان. لەناوخۆی کوردستانیش پارتی جەخت دەکات لەسەر پەیڕەوکردنی شەفافییەت و نەهێشتنی گەندەڵی، وەک بنەمایەک بۆ حوکمڕانییەکی باش.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکان: رۆڵی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی بەرز و بەرچاوە لە بواری دیپلۆماسی و پەیوەندییە دەرەکییەکان و هەردەم پارتی هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی بپارێزێت و هەرێمی کوردستان وەک خاڵێکی جێگیر و سەقامگیر لە ناوچەکەدا پێشان بدات.
– پێگەی هەرێم لە عێراقدا: پارتی هەمیشە داوای جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەکات و بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی بەغدا دەکات لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، جێبەجێکردنی دەستوور وەکوخۆی بەتایبەت ماددەی 140 و گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پاکتاوکردنی دەزگا دادوەری و تەشریعی و جێبەجێکارییەکانی عێراق و دابینکردنی مافە دەستوریی و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.