بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی،شەشەمین کۆنفرانسی ساڵانەی پلاتفۆرمی مێپس (MEPS) لە شاری دهۆک بە ناونیشانی “بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ” دەستپێدەکات، بڕیارە سێ ڕۆژ بخایەنێت و میوانداری زیاتر لە هەزار کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی بیانی دەکات.
ئاری زاویتەیی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، لە (ئێکس) ڕایگەیاند: “کۆنفرانسەکە لە ڕۆژی ١٧ی مانگ دەست پێدەکات. ڕۆژی یەکەم تەرخان دەکرێت بۆ پێنج وۆرکشۆپی جیاواز، لە کاتێکدا دوو ڕۆژەکەی دیکە چالاکییەکانی ئاستی باڵا بەڕێوەدەچن، کە تێیدا کەسایەتییە دیارەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ میوانە بیانییەکان، بەشدار دەبن.”
پەڕەی فەرمی مێپس لە ئێکس نووسیویەتی: شەرەفمەندن و شانازی دەکەن سەرۆک بارزانی بەشداری لە کۆربەندەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەکات.
کە کۆنفرانسەکە سەرنج دەخاتە سەر کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە هەرێمییەکان، پەرەپێدانی هاوکاریی ستراتیژی و دەوڵەمەندی ئابووری. بە تایبەتی، گرنگی بەو سیاسەت و ڕێکارانە دەدات کە دەتوانن ببنە هۆی یەکگرتن و گەشەی ئابووری لە ناوچەکەدا.
ئەم کۆنفرانسە وەک سەکۆیەکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تەحەددیاتەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی کاریگەر بۆ بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر.