هەڵبژاردنە (نیوەییەکان)ـی ئەمه‌ریکا چیین؟ بۆچی دەبنە مایەی دڵەڕاوکێی سەرۆکەکان؟

92

کاروان محەمەد سینۆ

سیستەمی هەڵبژاردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکادا تایبەتمەندییەکی قووڵ و جیاوازی هەیە بەراورد بە زۆرینەی سیستەمەکانی هەڵبژاردن لە جیهاندا، بەتایبەت لە چۆنیەتیی پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان کە بە “کۆنگرێس” ناسراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی تشرینی دووەم، سەرنجەکان لە ئەمه‌ریکا بەرەو دیاردەیەکی سیاسیی چارەنووسساز دەچن کە بە هەڵبژاردنە (نیوەییەکان) ناودەبرێت. پرسیار ئەوەیە: “ئەم هەڵبژاردنانە چیین؟، بۆچی بە (نیوە) ناودەبرێن؟، و کاریگەرییە سیاسییەکەیانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ دەسەڵات لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟ بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی هەڵبژاردنە (نیوەییەکان)، پێویستە پێش هەموو شتێک سروشتی دەسەڵاتی یاسادانان (کونگریس) لە ئەمه‌ریکا بناسین. کۆنگرێس لە دوو ئەنجومەن پێکهاتووە: ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران (سەنات)، کە هەردووکیان بەیەکەوە دەسەڵاتی یاسادانان پێکدەهێنن و باڵەخانەی (کاپیتۆل) لە واشنتن وەکوو ناوەندی کارکردنیان هەڵبژاردووە.

ئەنجومەنی نوێنەران (ژووری خوارەوە) لە ٤٣٥ ئەندام پێکهاتووە و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن، کورسییەکانیشی بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بەسەر ویلایەتەکاندا دابەش کراون. لە بەرامبەردا، ئەنجومەنی پیران (ژووری سەرەوە) ١٠٠ ئەندامی هەیە و هەر ویلایەتێک دوو سیناتۆری هەیە، ماوەی ئەندامێتیی هەر سیناتۆرێکیش شەش ساڵە. هەڵبژاردنە (نیوەییەکان)ـی ئەمه‌ریکا هەر چوار ساڵ جارێک، واتە ڕێک لە (نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی) سەرۆکی ئەمریکادا ئەنجام دەدرێن و ناوی هەڵبژاردنەکەش لەم ماوەیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئامانجی ئەم هەڵبژاردنە؛ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ نییە بۆ ئەمریکا، بەڵکوو نوێکردنەوەی پێکهاتەی کۆنگرێسە. لە هەر هەڵبژاردنێکی (نیوەییەکان)دا سەرجەم ٤٣٥ کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێنە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، لەگەڵ یەک لە سێی (١/٣) کورسییەکانی ئەنجومەنی پیران.

چونکە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران بە یەکجار هەڵنابژێردرێن، بەڵکو کورسییەکانیان بەسەر سێ گرووپدا دابەش کراون، هەر دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ گرووپێکیان ئەنجام بدرێت. ئەم هەڵبژاردنانە دڵەڕاوکێی گەورە بۆ سەرۆکەکانی ئەمه‌ریکا دروست دەکەن، چونکە هەڵبژاردنەکان توانای ئەوەیان هەیە هاوسەنگیی هێز لە ناو کۆنگرێسدا سەرەوژێر بکەنەوە. زۆر جار حزبەکەی سەرۆک زۆرینەی خۆی لە یەکێک لە ئەنجومەنەکان یان هەردووکیان لەدەست دەدات، ئەمەش پرۆسەی تێپەڕاندنی (یاسا دڵخوازەکانی سەرۆک) قورستر دەکات و کۆسپ لەبەردەم نەخشەکانیدا دروست دەکات، لە بارودۆخی وەهادا و سەرکەوتنی حزبی نەیار (ئۆپۆزسیۆن) دەسەڵاتێکی گەورەتر بەو حزبە دەبەخشرێت بۆ کارکردن لەسەر یاسادانان و چاودێریکردنی ئیدارەی سەرۆکایەتی. کاریگەری سیاسیی هەڵبژاردنە (نیوەییەکان)ـی ئەمه‌ریکا لەوەدایە کە ئەم هەڵبژاردنە وەک ڕاپرسییەکی گشتی دەبێت لەسەر ئاست و چۆنیەتی کارکردنی سەرۆکی ئەمه‌ریکا، هەروەها ئەنجامەکانی هەم هەڵبژاردنە دەبێتە ئامرازێکی یەکلاکەرەوە کە هاوسەنگیی هێز لە واشنتن دووبارە دابەش دەکاتەوە و سیماکانی نیوەی ماوە داهاتووی سەرۆکایەتییەکەی ئەمه‌ریکا دیاری دەکات.