بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سیروان عوسمان بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، توێژەران، ئەدیبان و ڕۆشنبیران، دیدارێکی ئەدەبی و فکریی ئازاد سوبحی، لەژێر دروشمی «نووسین و گەڕان بەدوای ناسنامە لە جیهانێکی نامۆدا» بەڕێوەچوو. ئەم دیدارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چالاکییە وێژەییەکان و سەنتەرەکان سەر بەو بەڕێوەبەرایەتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی دیداری قەڵەمی ئازاد، ڕێکخرابوو. لە دیدارەکەدا، جیهانی فکری و ئەدەبییی نووسەر ئازاد سوبحی و ئەزموونی نووسینی تاوتوێ کرا، بە تایبەتی ڕۆڵی ئەدەب لە گەڕان بەدوای ناسنامە، تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵگە، لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان پرسیارە نوێیەکانی ناسنامە و سەر بەخۆبوونی فکری دەورووژێنن.
هەروەها، گرنگیی نووسین و ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئەزموونە مرۆییەکان، پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کردنەوەی ئاسۆی گفتوگۆی فکری و ڕۆشنبیری، یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە. ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بۆ پشتگیریکردنی نووسەران و ئەدیبان، ناساندنی ئەزموونە ئەدەبییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان نووسەران و خوێنەران بەڕێوەچوو، بە ئامانجی دەوڵەمەندکردنی ژینگەی فکری و ڕۆشنبیری و زیندووڕاگرتنی بزووتنەوەی ئەدەبی لە هەولێر.
– ئازاد سوبحی، لەدایکبووی ١٩٦٢ ی شاری کەرکووکە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیی و پەیمانگەی تەکنیکی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە. لەساڵی ١٩٩٣ کەرکووکی جێهێشتووە و لەشاری هەولێر نیشتەجێبووە. هەر لە ساڵی ١٩٩٣ هاوسەرگیری لەگەڵ سوعاد خان کردووە. ساڵی ١٩٩٤ و ١٩٩٥ لە هەفتەنامەی الاتحاد و هەفتەنامەی ئاڵای ئازادی کاری کردووە. ساڵی ١٩٩٥ تا ١٩٩٦ لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیری بەتوانا. گۆڤاری سەراب دەردەکەن کە گۆڤارێکی فکریی بوو. لەساڵی ١٩٩٦ لە ڕۆژنامەی برایەتی و دواتر لەگۆڤاری گوڵان کاری کردووە. لەساڵی ٢٠٠١ لە هەفتەنامەی هاووڵاتی وەکو بەرپرسی لاپەڕەی وتار و نوویسی و ڕەئی کاری کردووە. خاوەنی دەیان وتاری وەرگێڕاوە لە زمانی عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی کوردی. خاوەنی دوو دیوانی شیعرییە بەناونیشانی باخچەکانی باوکم و ئاگرکەم مەسڕنەوە. خاوەنی دەیان وتاری فکریی و فەلسەفی و توێژینەوەی ڕەخنەییە. لە ٢٥-١٠-٢٠١٤ لەشاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد و دوا مەنزڵگەشی لە گۆڕستانی شێخ محێدینە. ئێستا لەم دیدارەدا بەناوی دیداری (قەڵەمی ئازاد) کە بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی وێژەیی و سەنتەرەکان. سێ کتێبی فکریی و دیوانێکی شیعریی بۆ چاپکراوە. خەڵاتێک بەناوی ئەو کراوە و ساڵانە پێشکەش بە نووسەرێکی بەتوانای بواری ئەدەب و فکر دەکرێت.