خەبات: تریفە ئازاد:- بە بەشداریی زیاتر لە ٤٠٠ دەزگای چاپ و پەخش و نماییشکردنی زیاتر لە ملیۆنێک ناونیشانی جۆراوجۆر، هەژدەمین پێشانگه‌ی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب لە کەشێکی ئارام و پڕ لە زیندوویەتیدا بەردەوامە و ڕۆژانە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت توێژی گەنجان و هەرزەکاران، بە حەماسەتێکی زۆرەوە ڕووی تێدەکەن.

ئەم خولەی پێشانگه‌کە، کە لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ـەوە دەرگاکانی بەڕووی خوێنەران و پەڕتووكدۆستاندا کردووەتەوە، بووه‌تە ناوەندێکی گرنگی ڕۆشنبیری و کۆبوونەوەی جەماوەری لە شارەکەدا. کتێبە نمایشکراوەکان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و تورکی دابین کراون، ئەمەش دەرفەتێکی فراوانی بۆ خوێنەران و توێژەران ڕەخساندووە تاوەکوو بەپێی خواست و پێویستیی خۆیان سوود لە سەرچاوەکان وەربگرن. خوێندنەوە کلیلی هۆشیاری و دروستکردنی داهاتووی نەتەوەیە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەبات، ڕۆژگار موحسین، مافپەروەر و چالاکوانی مەدەنی، پێشوازیکردنی بەرفراوانی گەنجان و هەرزەکارانی لە پێشانگاکە بە دیمەنێکی زۆر دڵخۆشکەر و هیوایەکی گەورە بۆ داهاتووی کۆمەڵگە وەسف کرد و ڕایگەیاند: «دڵخۆشم کە دەبینم ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، بەتایبەت گەنجان، ڕوویان لە کتێب و خوێندنەوە کردووە.

ئەم دیمەنە هیوایەکی گەورەمان پێ دەبەخشێت، چونكە باوەڕم وایە نەتەوەیەک کە دەخوێنێتەوە، چارەنووسی خۆی دەنووسێتەوە. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە کتێب تەنها چەند لاپەڕەیەک نییە، بەڵکو کلیلی زانین، ڕۆشنایی بیر و دەرگایەکە بۆ جیهانێکی فراوان لە زانیاری کە فێرمان دەکات چۆن بیر بکەینەوە، بە هۆشیاری بڕیار بدەیم و ڕاستی لە ناڕاستی جیا بکەینەوە. ڕۆژگار موحسین هیوا خواست کە ئەم هەوڵە تەنها لە ماوەی پێشانگه‌دا نەوەستێت، بەڵکوو خوێندنەوە ببێتە کەلتوورێکی جێگیر و بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەی هەمووان لە ماڵەکان و ژوورەکانماندا، تاوەکوو ئایندەیەکی ڕوون بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکرێت.

كتێبی ڕۆمان و گەشەپێدان پڕفرۆشترینن لە لای خۆیەوە، ئاشتی شێرکۆ، خاوەنی کتێبخانەی ئاشتی کە ساڵانە بەشداری لەم پێشانگه‌یەدا دەکات، سەبارەت بە ڕەوتی فرۆش و پێشوازیی هاووڵاتییان ڕایگەیاند کە پێشانگاکە تا ئێستا بەردەوامە و پێشوازییەکی زۆر باشی لێدەکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە ٤٠٠ دەزگا بەشدارییان تێدا کردووە و زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و تورکی لەبەردەستدان. سەبارەت بە خواستی خوێنەران، ئاشتی شێرکۆ ئەوەی خستەڕوو کە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمساڵ بریتی بوون لە کتێبە ئاینییەکان، ڕۆمانەکان و کتێبەکانی بواری گەشەپێدانی مرۆیی، لەپاڵ بوونی خواستێکی بەرچاویش لەسەر کتێبە فکری و بیراوەکان، و جەختی لەوە کردەوە کە سەردانیکەرانی پێشانگه‌کە لە هەمو چین و توێژێکن و ڕۆژانە پێشوازییەکی گەورەیان لێ دەکرێت. پێشانگه‌کە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ خۆپێگەیاندن عەبدولڵا ئەحمەد، قوتابی و یەکێک لەو گەنجانەی لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێری کردبوو، لە لێدوانێکدا بۆ خەبات گوتی: سوپاس بۆ خوا پێشانگاکە لە کەشێکی ئارامدایە و بۆ ئەمساڵ کتێبی زۆر باش و سەرچاوەی بەسوود تێیدا دابین کراون. وەک هەمیشە هەولێر بۆتە پێشەنگ لە دابینکردنی ئارامی و ساڵانەش ئەم پێشانگایە دەكاتەوە.

من تا ئێستا دوو جار هاتووم و لەبەر ئەوەی قوتابیم و پێویستم بە سەرچاوەی جیاوازە، من و هاوڕێکانم هاتووین کتێبی ئاینی بکڕین. ئەوەش جێگای خۆشحاڵییە کە هێشتا پێشانگاکە لە سەرەتایدایە و خەڵکێکی زۆر ڕووی تێکردووە. هاوکات گەشبین ئەحمەد، یەکێک لە سەردانیکەرانی تری پێشانگاکە، لەبارەی بەها و گرنگیی کتێب بۆ توێژی گەنجان ڕایگەیاند: «من ساڵانە دێمە پێشانگه‌ی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب و بۆ ئەمساڵیش کتێبی زۆر باشی تێدایە. من خۆم حەزم بە کتێبی گەنجانە و ئەوانەیە کە تایبەتن لەسەر ئامۆژگاری و پێگەیاندنی گەنجان.

گەنجێک کە تازە دەیەوێت پێبگات و کەسێك نەبێت ئامۆژگاری بکات، دەتوانێت هاوڕێیەتیی کتێب بکات، چونكە کتێب هاوڕێیەکی زۆر باشی مرۆڤە و لە ڕێگەیەوە دەتوانین خۆمان پێبگەین یان تەنانەت فێری زمانەکانی تریش بین. ناوبراو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە کاریگەریی نەرێنیی سۆشیاڵ میدیا و ڕایگەیاند: بە داخەوە گەنجی ئەمڕۆ هەموو کاتی لە سۆشیال میدیادا داگیر کراوە و خووی بە سۆشیال میدیاوە گرتووە، بۆیە هیواخوازم گەنجەکانمان بگەڕێنەوە بۆ خوێندنەوەی کتێب وەکوو سەردەمی باپیرانمان کە چۆن توانیویانە خۆیان لە ڕێگەی کتێبەوە ڕۆشنبیر بكەن.