خهبات: سهرههنگ نهجمهدین:- لە پاڵەوانیەتیی جیهانیی کیک بۆکسینگی ڕێکخراوی WAKO لە وڵاتی کازاخستان بەڕێوەچوو، بە بەشداریی زیاتر له 50 وڵات، دوو خوشکی وەرزشکاری کوردی شاری ههولێر، ڤیانا کاروان و فەرینا کاروان، توانییان بە ئاستێكی بەرچاو ڕکابەری بکەن و دەستکەوتێکی گرنگ بەدەست بهێنن لە پاڵەوانیەتییهكی جیهاندا، ڤیانا کاروان پلەی یەکەمی جیهانی و فەرینا کاروان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، ئەنجامێک کە جێی شانازییە و توانایی و لێهاتوویی وەرزشکارانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەخاتە ڕوو.
خاتوو ڤیانا کاروان لە کێشی 56 کیلۆگرامدا توانیویەتی پلەی یەکەمی جیهان بەدەست بهێنێت، سەرکەوتنەکەی بەرهەمی ساڵانێک مەشق و ماندووبوون و پابەندبوون بە وەرزش دەزانێت. ئەو لەبارەی ئهو دهستكهوه وەرزشییەوه دەڵێت: لە منداڵییەوە باوکم، کە ڕاهێنەر بوو، یارمەتیدەرم بوو، بهردهوام مەشقی پێ دەکردم، هەمیشە پێی دەگوتم شەڕی گەورەکان بکە و هەرگیز خۆت و وڵاتەکەت بە کەم مەزانە، منیش گوێم لە قسەکانی گرت و بڕیارم دا لەگەڵ بەهێزترینەکان ڕکابەری بکەم، چونکە پاڵەوانبوون لە جیهاندا خەونی من بوو.
بە وتەی ڤیانا، گەیشتن بەو ئاستە پێویستی بە مەشقێکی بههێز و توند و خۆئامادەکردنی بەردەوام ههیه، ئهو پشتگیریی ماددی و مەعنەوی خێزانەکەی بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی سەرکەوتنەکەی دادەنێت. ڤیانا دەڵێت پاراستنی پلەی یەکەمی جیهان ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە کارکردن و ئامادەکاریی بەردەوام هەیە، ئامانجی داهاتووی ئەو كچه وهرزشوانه ئەوەیە کە پلەی خۆی لە پلەبەندیی جیهانیدا بەرزتر بکاتەوە و لە لووتکەی ئەم وەرزشەدا بمێنێتەوە. ڤیانا پێشتر لە ساڵی 2018 لە پاڵەوانیەتیی جیهانی لە وڵاتی یۆنان بەشدار بووە و پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، هەروەها لە ساڵی 2026 بووەتە پاڵەوانی عێراق و ناونیشانی باشترین یاریزانی ئافرهتانی عێراقی بەدەستهێناوە، ئێستاش بە بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی جیهان لە کێشی 56 کیلۆگرامدا، توانیویەتی یەکێک لە گەورەترین ئامانجە وەرزشییەکانی خۆی بەدی بهێنێت. لهلایهكی دیكهوه یاریزان فەرینا کاروان، کە لەم پاڵەوانیەتییەدا پلەی سێیەمی جیهانی بەدەستهێنا، ئەم بەشدارییە بە یەکەم ئەزموونی خۆی لە پاڵەوانیەتییەکی بەهێزی جیهاندا دەزانێت، هەرچەندە ئامانجی ئەو گەیشتن بە پلەیەکی بەرزتر بووە، بەڵام بەدەستهێنانی پلەی سێیەمیش بە دەستکەوتێکی گرنگی خۆی دادەنێت. فەرینا لەبارەی ئەم ئەزموونەوە دەڵێت: یەکەم جارم بوو بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکی بەهێزدا بکەم، ئامانجم ئەنجامێکی باشتر بوو، بەڵام سوپاسی خودا دەکەم کە توانیم ئەم ئەنجامە بەدەست بهێنم.
ئەو لەبارەی ئەو بەربەستانەشەوە کە لە کاتی گەشت و بەشدارییەکەیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە ئهو باس لە کێشەی ڤیزا، دواكەوتن لە گەیشتن و مانەوەی دوو ڕۆژ لە فڕۆکەخانە دەکات، بە وتەی ئەو، ماندووبوون، کێشەی ڤیزا و فشار و نیگەرانیی دەروونی کاریگەرییان لەسەر ئامادەکاری و ئەدای وەرزشییەکەی كردووه و بەشێک بوون لە هۆکارەکانی نەگەیشتن بە پلەیەکی بەرزتر.
لە هەمان کاتدا، فەرینا دەستکەوتی خوشکەکەی بە مایەی شانازی دەزانێت و دەڵێت کاتێک بینی ڤیانا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، هەستی بە خۆشی و شانازییەکی زۆر کرد، ئەو هیوادارە لە پاڵەوانیەتییەکانی داهاتوودا بتوانێت پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت. فەرینا کاروان پێشتر ناونیشانی پاڵەوانی کوردستان، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و پاڵەوانی عێراقی بەدەستهێناوە، پلەی سێیەمی جیهانیش زیادەیەکە بۆ ئەزموونی وەرزشیی ئەو و ههروهها دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی ئامادەکارییەکانی بۆ ڕکابەرییەکانی داهاتوو. شایهنی باسه بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی جیهان لەلایەن ڤیانا کاروان و پلەی سێیەمی جیهان لەلایەن فەرینا کاروان، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ئەم دوو وەرزشکارە کوردە، ئەم سەرکەوتنە نیشانەی توانایی و پابەندبوونیانە و دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ هاندانی کچان و وهرزشوانانی دیكه کە بەشداریی لە وەرزشەکانی جهنگی بکەن.