درەنگانی شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک لە عەرەبەکانی گەڕەکەکانی نەشوە و غوێران هێرشیان کردە سەر بینای پارێزگا و بنکەیەکی ئاسایشی کورد لە شاری حەسەکە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرپەرچ درانەوە.
شەوی ڕابردوو دۆخی ئەمنیی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان گرژی و ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینی؛ کاتێک دەیان کەس لە عەرەبەکانی گەڕەکەکانی نەشوە و غوێران، هێرشیان کردە سەر بینای پارێزگای حەسەکە و بنکەیەکی ئاسایشی کورد کە دەکەوێتە تەنیشت بیناکەوە. هێرشبەرەکان هەوڵیان دا بچنە ناو بیناکە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و تیمی ئەمنیی پارێزگاوە ڕێگرییان لێ کرا و هێرشەکەیان تێک شکێندرا.
سەرچاوەیەک لە بنکەی ئاسایشی پارێزگای حەسەکە ڕایگەیاند: کاتێک ئەو عەرەبانە هێرشیان کردە سەر بینای پارێزگا و بنکەیەکی ئاسایشی کورد، یەکسەر تەقەمان لەو کەسانە کرد و ڕێگەمان نەدا بگەنە نێو بیناکەوە؛ بنکەی ئاسایشی کوردی لە تەنیشت پارێزگا بۆ پاسەوانیکردنە لە بینای پارێزگا و بەرپرسانی پارێزگاکە.