ڕاشد ماجد، گۆرانیبێژی دیاری سعوودی کە یەکێکە لە دیارترین گۆرانیبێژەکان لەسەر ئاستی گۆرانیبێژانی وڵاتانی کەنداو، گۆرانییەکی لەسەر کوردستان بە ناوی (ئەلهوی کوردی) واتا ناسنامەی کوردی دەڵێت، ئەوەی پێویستە بیزانیت، گۆرانییەکە باس لە پێشکەوتن و ئاوەدانی، پێکەوەژیانی برایانەی پێکهاتەکان، جوانی سرووشت، کولتوور و فەرهەنگ و شارستانییەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە ڤیدیۆ کلیپی گۆرانیەکەش هەرچی جوانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانە هەیە نیشان دراوە.
شاعیری ئیماراتی (عەلی ئەلخەوار)، تێکستی گۆرانییەکەی داناوە و سەرپەرشتیی بەرهەمەکەشی کردووە، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری بەناوبانگی ئیماڕاتی (فایز سەعید)، ئاوازی بۆ گۆرانییەکە داناوە، دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن (زەید نەدیم)ی عێراقی بۆ کراوە، (زەید نەدیم) پێشتر کاری لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گۆرانیبێژە عێراقی و عەرەبییەکان کردووە، وەک: حاتم عێراقی، ڕەزا عەبدوڵڵا، سابر ڕوباعی، دیانا حەداد و دەیان گۆرانیبێژی دیکە، گۆرانییەکە لە ستۆدیۆی (داینامکس) لە دوبەی تۆمار کراوە و لەلایەن کۆمپانیای (خەواربۆ بەرهەمهێنانی هونەری) بەرهەم هێنراوە.