خەبات: عامر فەرحان – هەڵەبجە:- لەسەرەتای ئەم مانگە، بە بەشداری زیاتر لە بیست وڵات نۆیەمین فیستیڤاڵی شانۆیی سەرشەقام لەشاری کەرکووک بەڕێووەچوو، لەم فیستیڤاڵەدا گرووپێکی شانۆیی لەپارێزگای هەڵەبجە، بە سەرپەرشتی بەڕێوبەراتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بەشدارییان کرد و خەڵاتی نێودەوڵەتی باشترین شانۆکار بەخشرایە خاتوو توران ئومێد، شانۆکاری پارێزگای هەڵەبجە.
توران ئومێد، هەڵگری خەڵاتی نێودەوڵەتی باشترین شانۆکار لە لێدوانێکدا بۆ خەبات ڕاگەیاند: دڵخۆش و شادومانم دوای ساڵانێکی زۆر لەئەنجامدانی کاری هونەری بەبەردەوامی بێ دابڕان، پڕۆڤە و ماندووبونێکی زۆریش بۆ ئەم کارەمان کە لە نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی سەرشەقام لەشاری کەرکووک نمایشکرا، خەڵاتی باشترین ئەکتەرم بەدەست هێنا، ئەمە جگە لەوەی دەسکەوتێکی گرنگی تاکە کەسییە بۆمن، لەهەمان کاتدا دەستکەوتێکی هونەریشە بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە هەمیشە پێشەنگی بواری هونەر و شانۆ بووە.
توران دەشڵێت: هونەر و شانۆ بۆمن هەموو شتێک دەگەیەنێت، بە ئەندازەیەک هونەرەکەمم خۆشدەوێت وێڕای سەرقاڵی کار ڕۆژانە هەمیشە من کاتی تایبەتم دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی کاری هونەری، بەهیوام بتوانم ئەم نازناوە سەرەتایەک بێت بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی گەورەتری نێو دەوڵەتی.
خانمە شانۆکار تورا ئومێد ئەوەشی بۆ خەبات ئاشکرا کرد: ئێمە وەک گرووپی شانۆیی هەڵەبجە لە فیستیڤاڵەکەدا بە شانۆیی زەرو بەشداریمان کرد، کەناوەڕۆکەکەی باس لەخانم سالاری دەکات، کە لەپیاو سالارییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها باسی لە تێکەڵبوونی سۆشیال میدیا بە ژیانی ڕۆژانە دەکات، من وەک خانمە ئەکتەرێک دوو ڕۆڵی سەرەکیم هەبوو کە (دایکە خاتوون و هەوری)بوو.
شانۆکەش لەدەرهێنانی مامۆستا هەردی هادی بوو، کە بووە هۆی سەرنجی بینەران و سەرجەم ئەو گرووپە شانۆیانەی لەوڵاتانی جیهانەوە بەشداری فیستیڤاڵەکەیان کردبوو.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: لەڕێگەی خەباتەوە سوپاسی ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە هاوکارمان بوون، ئەگەر هاوکاری زیاترمان بکرێت گومانم لەوەدا نییە وەک گرووپی شانۆیی هەڵەبجە دەتوانین کاری زۆر باشتر و جوانتر نمایش بکەین لەفیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداری بکەین و خەڵاتی گەورە بەدەست بهێنین، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگی هونەرییە بۆ پارێزگای هەڵەبجە.