گوتاری بانگەشەی پارتی و یەكێتی

103

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
گوتاری یەكێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان(2024)، گوتارێك بوو پشتی بە بڵاوكردنەوەی ڕق و دووبەرەكیی سیاسی بەست و باكی بەوە نەبوو بەهۆی ئەو گوتارە شەڕەنگێزیەیەوە كوردستان دووچاری چ گرفتێكی نوێی سیاسی دەبوو، بەهۆی ئەو گوتارەوە ئێستاش دۆخی سیاسیی كوردستان ئارام نەبووەتەوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (2024) و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (2025) سەرپەرشتیی بانگەشەی یەكێتی دەكات، لەبری ئەوەی كارنامەی لیستەكەی بناسێنێت، لە یەكەمیاندا بانگەشەی ڕووخاندن و كۆتایی پێهێنانی حكوومەتی كرد، لە كاتێكدا حیزبەكەی جێگری سەرۆكوەزیران و هێندەی پارتیش وەزیری هەیە و بەشدارە لە هەر بڕیارێكی ئەو حكوومەتەدا. لەم هەڵبژاردنەشدا بە شانازییەوە باس لە دروستكردنی بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەت دەكات.

ئەم جۆرە گوتارە گوتارێكی بونیادنەر نییە و بۆ داهاتووی وڵات و ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان، گرفتێكی گەورە دروست دەكات و كولتووری توندڕۆیی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و پێكهێنانی كابینەكانی حكوومەت دروست دەكات، چونكە لەلایەك بانگەشەی ڕووخاندن و لەلایەكی دیكەشەوە شانازی بە پێكنەهێنانی حكوومەتەوە دەكات، ئەم مۆدێلە خراپترینە!

ئەو گوتارەی دیماگۆگیەت و فریودەرانەی یەكێتی، پشت بە لۆژیك و داهاتوویەكی گەش نابەستێت، حیزبێكی سیاسی، ئەگەر خەمی سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتنی وڵاتەكەی هەبێت، هەرگیز لە گوتاری سیاسیدا، پەنا بۆ دروستكردنی پشێوی و فریودانی خەڵك نابات و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەپێناو دوو كورسیی زیاتر یان كەمتر، دروشمگەلی توند بەكار ناهێنێت، بەتایبەتی لە بابەتی ڕووخاندن و پێكنەهێنانی حكوومەتەوە. بەڵام دەبینین لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا، گوتاری پارتی پێچەوانەی گوتاری یەكێتییە، لە بانگەشەكەی پێشوودا، پڕۆژە و خزمەتكردن زەق كرابووەوە، لەم هەڵبژاردنەشدا پارتی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانی وەك دروشمی كارنامەی لیستی 275ی پارتی خستووەتە نێو بانگەشەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی زۆرترین پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە.

گوتار و كارەكانی پارتی لە هەردوو هەڵبژاردندا، ڕێك پێچەوانەی گوتاری شەڕەنگێزی یەكێتییە، گوتاری پارتی دواڕۆژی تێدا دەبیندرێت و دەنگدەری كوردستان دەزانێت لە پەرلەمان و كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێم و لە پەرلەمانی بەغدا، پارتی چی بۆ خەڵك بۆ دەكات و چی ناكات، بەڵام گوتاری دەباشان، دەیڕووخێنێت و ڕێگری لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت دەكات، هاوكات عێراقچیەتی تا ئاستێكی زۆر بەرزبووەتەوە، لە كاتێكدا دروستكردنی حكوومەت لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، كەچی یەكێتی ڕێگری لێ دەكات، بەپێچەوانەوە دەبوو ڕێز لە دەنگەكانی خەڵك بگرێت كە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا دەنگیان بە نوێنەرەكانیان دا بۆ ئەوەی پەرلەمانێكی كارا و حكوومەتێكی نوێ دروست بكرێت.

دەبینین لە هەردوو هەڵبژاردندا یەكێتی لە فۆڕمی ئۆپۆزسیۆندا نمایش دەكات و سۆزی دەنگدەرانی كوردستان دەجووڵێنێت تا بەو جۆرە دەنگ كۆبكاتەوە، لەكاتێكدا یەكێتی ئۆپۆزسیۆن نییە و لەوەتەی هەیە لە دەسەڵاتدایە و لەگەڵ پارتی هاوبەشە، كەچی خۆی كردووەتە ئۆپۆزسیۆن و گرفت و قەیرانەكان دەخاتە ئەستۆی پارتی و پڕۆژە گەورەكان و سەركەوتنەكانیش بە هی خۆی دەزانێت، لە نموونەی پڕۆژەكەی كۆیە كە لەسەر بودجەی هەولێرە، كەچی یەكێتییەكان دەیكەن بە هی خۆیان و وەك بانگەشەیەكی هەڵبژاردن بەكاری دەهێنن. لە بەرانبەردا دەبینین پارتی خۆی لە بەرپرسیارێتییەكان ناشارێتەوە، بە پڕۆژە وەڵامی گوتاری شەڕانگێزی یەكێتی دەداتەوە، چونكە لەوە تێگەیشتووە حیزبی سیاسی نابێت فێڵ لە خەڵك بكات بە جۆرێك خۆی لە دەسەڵاتدا بێت و كەموكوڕییەكانی خۆی بەسەر هاوبەشە سیاسییەكەیدا ساغ بكاتەوە و خۆی بە فریشتە نیشان بدات، ئەوە یەكێتییە بەشدارێكی كارای حكوومەتە و جارێكیش سەرۆكایەتیی كابینەیەكی حكوومەتی كردووە، كەچی لە گوتاری بانگەشەیدا خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت و ڕەخنە لەو حكوومەتە دەگرێت كە خۆی تێیدایە. باوەڕ ناكەم لە هیچ كوێیەكی دونیادا حیزبی لەم جۆرەی وەك یەكێتی هەبێت.

گوتاری پارتی و یەكێتی، دوو گوتار و دوو ڕوانگە و دوو دونیابینی جیاوازن، گوتاری پارتی چاوی لە داهاتوو و ستراتیژییانە نەخشەڕێگەی گەشەپێدانی سێكتەرەكانی كوردستانی دیاریكردووە. گوتاری یەكێتییش گوتارێكە هەڕەشەئامێزە كە لەم قۆناغەدا بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی كوردستاندا نییە. لەگەڵ ئەوەدا ئاساییە هەموو حیزبێكی سیاسی ماركێتینگ بۆ لیست و كارنامەكەی خۆی بكات، لەو سۆنگەیەوە پارتی كارنامەی خۆی بڵاوكردووەتەوە و بانگەشەی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، هاوكات بونیادنان و بووژانەوەی كوردستان و پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی دەكات و كارەكانی ڕابردوو و ئێستای دەخاتەڕوو، كەچی كاك بافڵ دوێنێ دەیگوت دەیڕووخێنین و ئەمڕۆش دەڵێت ڕێگری لە پێكهێنانی حكوومەت دەكەین!

مایەی ڕەخنەكردنە لەو سەردەمی دیموكراسییەت و چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دوای شەش خولی پەرلەمان، تازە بە تازە حیزبێك كە بانگەشەی سۆشیاڵدیموكراتیبوون دەكات، كەچی لەبری بانگەشەیەكی ئاشتەوایی و خستنەڕووی كارنامەكەی، حكوومەتی وڵاتەكەی دەڕووخێنێت و ڕێگری لە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكوومەت دەكات.