ئاسۆی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان

135

تالب قەیسەری
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، کەشوهەوای سیاسیی وڵاتەکە شایەتی کێبڕکێی نێوان حزبە نەریتییەکان و ڕەوتە نوێیەکانە. لەم نێوەندەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەزموونی درێژخایەنی لە سیاسەتی ناوخۆ و پەیوەندییە فیدڕاڵییەکاندا پێگەیەکی سەرەکی هەیە. بەشداریی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکان و پێشکەشکردنی بەرنامەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری دەتوانێت ئەم حزبە وەک یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکان لە دیاریکردنی پێکهاتەی سیاسیی بەغدا و بڕیارە گرنگەکانی وڵاتدا نیشان بدات. تەحەدایەکی سەرەکی کە لەبەردەم پارتی دایە، جگە لە کێبڕکێ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە، کارلێککردن (تەعامول) لەگەڵ ڕەوتە سیاسییەکانی بەغدا و بەڕێوەبردنی چاوەڕوانییەکانی خەڵکە.

کێشە ئابوورییەکان، کەمی سەرچاوە و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان زەمینەی پۆتانسێلی بۆ کێبڕکێی چڕ دابین کردووە. بەڵام سەرکەوتنی حکوومەتی نۆیەم لە پڕۆژەکانی ژێرخانی و وزە و دابینکردنی ئاو و کەرتی تەندروستی و پەروەردە و زۆر بواری دیکە بە ڕێژەیەکی زۆر متمانەی خەڵکی بە پارتی زیادکردووە و دەتوانێت وەک کارتێکی براوە لەم خولەی هەڵبژاردندا مامەڵە بکات. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی پێگەی هەرێم لە سیستەمی فیدڕاڵی عێراقدا، گرنگییە ستراتیژییەکەی دوو هێندە کردووە. ئەم حزبە بە تێکەڵکردنی ئەزموونی سیاسی و توانای بەڕێوەبردن و خستنەڕووی پلانی بەرجەستەی گەشەپێدان، نەک هەر توانای داکۆکی لە مافەکانی هەرێمی کوردستانی هەیە، بەڵکوو دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە سیاسەتە نیشتمانییەکانی عێراقدا بگێڕێت. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەرفەتێکە بۆ پێوانەکردنی قورساییی سیاسیی پارتە کوردییەکان و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتە ماکرۆکانی وڵات. پارتی دیموکراتی کوردستان بە پشتبەستن بە پاشخانی مێژوویی و ئەدای حکوومەتی نۆیەم و پلانەکانی گەشەپێدان، وەک یەکێک لە یاریزانە ناوەندییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەمێنێتەوە. پاراستنی پەیوەندیی بنیاتنەر لەگەڵ بەغدا و گرنگیدان بە پێداویستییەکانی خەڵک و پێشکەشکردنی پڕۆژەی بەرجەستە کلیلی سەرکەوتنی پارتی دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چەسپاندنی پێگەی خۆی لە سیاسەتی عێراقدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دامەزراندنی سەقامگیریی سیاسی و پەرەپێدانی هەرێم.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥ لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە وڵاتەکە بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین تەحەدای سیاسی و ئابووری و ئەمنی. دوای بیست و دوو ساڵ بەسەر گۆڕانکاریی سیستەمی سیاسی و پێکهێنانی سیستەمی فیدڕاڵی، هێشتا پێکهاتەی دەسەڵات لە عێراق لە پەرەسەندندایە و پێوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان پێناسە دەکاتەوە. لە کەشێکی وادا هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق نەک تەنیا بۆ بەغدا، بەڵکوو بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت ڕۆڵی لایەنە کوردستانییەکان لە داهاتووی سیاسیی وڵاتدا دیاری بکات. لەنێو ئەو لایەنانەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، تا ئێستاش یەکێکە لە یاریزانە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکە. ئەم حزبە بە مێژوویەکی نزیک بە هەشتا ساڵ لە خەبات بۆ مافە نەتەوەیییەکان و ئیدارەدانی کاریگەرانەی هەرێمی کوردستان، توانیویەتی لە هەموو خولێکی هەڵبژاردندا وەک هێزێکی سەرەکی و سەقامگیر و کاریگەر پێگەی خۆی جێگیر بکات.

پاشخان و پێگەی مێژووییی پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 لە لایەن بارزانیی نەمرەوە دامەزراوە و هەر لە سەرەتاوە ئەرکی خۆی بە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەر و دیموکراسی لە عێراق پێناسە کرد. حزب بە پشتبەستن بە بنکەیەکی جەماوەری فراوان لە ناوچە کوردنشینەکان و ئەزموونی سیاسیی درێژخایەن توانیویەتی بە درێژایی دەیان ساڵ ببێتە هێزێکی نەتەوەیی و ناوچەیی. پاش ڕاپەڕینی 1991 بۆ یەکەمجار لە شاری کۆیە سەرۆک بارزانی لە پێناو پیادەکردنی ژیانی دیموکراسی و بە دامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند مەسەلە ناوخۆییەکانی ئێمە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان یەکلایی دەبێتەوە. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و داڕشتنی دەستووری نوێی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی لە داڕشتنی سیستەمی فیدڕاڵیی وڵات و دەستەبەرکردنی پێگەی یاسایی هەرێمی کوردستان. سەرۆک بارزانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا داوا لە کاندیدانی پارتی دەکات “ لە هەموو شوێنێک دڵسۆزی گەلی خۆتان بن و کار بکەن بۆ خزمەتکردنی هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازی و لایەنگری”، ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی لە دیدگایەکی قووڵی ستراتیجی و بەرفراوانەوە سەرچاوەی دەگرێ کە کاری سیاسی وەک کەرەستە و ئامرازێک دەبینێ بۆ دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نەوەکوو ئامرازێک بۆ ململانێ یان کێبڕکێی ناسالمی نێوان حزبەکان. پەیامی سەرۆک بارزانی لە چوارچێوەی بیری تەسکی حزبی و ناوچەیی تێدەپەڕێت و هاووڵاتیبوون و یەکسانیی کۆمەڵایەتی دەکاتە چەقی بیرکردنەوەی کاتێک دەفەرمووێ: “ بەرپرسیارەتی متمانە و، راستگۆیی لەکاردا ڕێگای سەرکەوتنی ڕاستەقینەیە”، ئەم ڕستەیە مانایەکی قووڵی هەیە کە تەعبیر لە سەرکردایەتیی مۆدێڕن دەکاتەوە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و پاکی و سەداقەت و پابەندبوون بە ئوسولی ئەخلاقی، بیرکردنەوەی سەرۆک لەسەر پێکەوەژیان و هاوبەشیی نیشتمانیی ڕاستەقینە دامەزراوە.
لە پەرلەمان و حکوومەتی عێراقدا، نوێنەری ئەم پارتی هەمیشە بەرگریکاری سەرەکی فیدڕاڵی و دادپەروەری لە دابەشکردنی بودجە و ڕێزگرتن لە مافەکانی هەرێم بوون و لەو پێناوەشدا شەڕی جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی دستووریان کردووە. لە ڕوانگەی ناوخۆییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بە گرنگیدان بە گەشەپێدان و مۆدێڕنیزاسیۆنی ئیداری و پتەوکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بەشدارییەکی گەورەی لە سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستاندا کردووە. لە ڕاستیدا حزب توانیویەتی هاوسەنگیی لەنێوان نەریتە سیاسییەکانی کوردستان و مەرجەکانی حوکمڕانی مۆدێڕندا دروست بکات.

ئەدای نۆیەمین حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی
یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بواری ئیدارەدانی حکوومەت سەردەمی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی کابینەی نۆیەم (2019-2024) بووە. سەرەڕای ئاستەنگە بەربڵاوەکانی وەک قەیرانی ئابووری کە بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوت و پەتای کۆڕۆنا و ناکۆکیی بودجە لەگەڵ بەغدا و هەڵاوسانی سیاسی لە ناوچەکەدا دروست بووە، ئەم حکوومەتە توانی بە گرتنەبەری سیاسەتی بەرنامەی ئاراستەکراو ڕێڕەوی گەشەپێدان بپارێزێت. لە خوارەوە ئاماژەیەکی کورت بە بەشێک لە پڕۆژەکانی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی دەکەم:
1- پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری: یەکێک لە سەرکەوتنە هەرە بەرچاوەکانی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای بەردەوام و بێ پچڕان بوو بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێم لە هەر چوار پاڕێزگاکەی کوردستان بێ‌جیاوازی، بەم زووانە دەڤەری ڕاپەرینیش دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری. ئەم پلانە کە لە عێراقدا بێ وێنەیە، کوالیتی ژیانی هاووڵاتییانی باشتر کردووە و تێچووی وزەی کەم کردووەتەوە، بنەمای بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی پیشەسازی و بازرگانی دابین کرد.
2- پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاو و دروستکردنی بەنداو: لە بواری سەرچاوەکانی ئاودا، حکوومەتی نۆیەم چەندین پڕۆژەی بۆ دروستکردنی بەنداو و پۆند و وێستگەی پاککردنەوە و تۆڕی گواستنەوەی ئاو جێبەجێکردووە. جگە لە دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان، ئەم پڕۆژانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بواری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی و بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکاندا هەبووە. دابینکردنی ئاو بۆ شاری هەولێر و قوشتەپە و دەستپێکردنی گواستنەوەی ئاوی دۆکان بۆ سلێمانی یەکێکی دیکە لە هێما سەرکەوتووەکانی ئەو سیاسەتانە بووە.
3- پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان و ئاوەدانی: یەکێکی دیکە لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی مەسرور بارزانی باشترکردنی تۆڕی ڕێگاوبان و گواستنەوەی گشتی بوو. سەدان کیلۆمەتر ڕێگای نوێ دروستکرا یان ئاوەدانکرایەوە، ئەمەش ئاسانکاری بۆ پەیوەندیی نێوان شارەکان و ناوچە سنوورییەکان کرد و زەمینەی گەشەسەندنی بازرگانی ناوخۆیی و گەشتیاری خۆش کرد.
4- سیاسەتی ئابووری و چاکسازیی دارایی: هەروەها حکوومەتی نۆیەم هەوڵی دا سیستەمی باج و بانکی هەرێم ڕێکبخات و پشتبەستنی بودجە بە داهاتی نەوت کەم بکاتەوە. ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان لە بەرنامە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە بوون کە وا مەزەندە دەکرێ لە کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازیدا زیاتر لە 140هەزار هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان رەخساندبێت.
5- سەقامگیریی ئەمنی و پەیوەندییەکانی دەرەوە: سەرەڕای بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، حکوومەتی نۆیەم توانی سەقامگیریی ئەمنیی ناوچەکە بپارێزێت. هەروەها پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش درێژە پێ بدات.
6- پڕۆژەی مێگەل: ئەم پڕۆژەیە شۆڕشێکە لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە ناوچەکەدا و ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی هەلی کارە بۆ هاووڵاتییان.
7- پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی: ئەم پڕۆژەیە یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە گرنگەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ داپۆشینی چواردەوری هەولێری پایتەخت بە بەربەستی زیندووی دار و سەوزایی بە درێژی 82 کیلۆمەتر و چاندنی 7 ملیۆن داری زەیتون و فستق کە جیا لە پاکڕاگرتنی ژینگەی پایتەخت سیمایەکی شارستانیش بە کوردستان دەبەخشێ. ئەمانە و دەیان پڕۆژەی دیکە لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی لەم کابینەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی کوردستان ئەنجام دراوە و کاروانی ئاوەدانیی هەرێم بەردەوامە و لە داهاتوودا سەدان و هەزاران پڕۆژەی دیکە لە کارنامەی بەڕێز مەسرور بارزانی دایە بۆ خزمەت بە کوردستانییان.

کارلێککردنی(تەعامول) هەولێر و بەغدا؛ لە گرژییەوە بۆ دیالۆگ
یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدواداچوونی گفتوگۆی بنیاتنەر بووە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ناکۆکیی لەسەر بودجە و هەناردەکردنی نەوت و جێبەجێکردنی یاسای داهاتی فیدڕاڵی هەبووە، بەڵام سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی داوە بە دانوستان و لێکتێگەیشتن نەک بە ڕووبەڕووبوونەوە. ئەم ڕێبازە بەتایبەت لە سەردەمی سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانیدا یارمەتیدەر بوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوولا و ڕێگەی بۆ گفتوگۆی ئابووری و ئەمنی کردەوە. لە ڕوانگەی زۆرێک لە چاودێران، سیاسەتی میانڕەوی و دانوستانی حزب یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەقامگیریی ڕێژەیی عێراق بووە لە ساڵانی ڕابردوودا.

تەحەددا و دەرفەتەکان
بێگومان هەڵبژاردنی داهاتوو بێ تەحەدا نابێت. فرەچەشنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کێبڕکێی نێوان لایەنە کوردییەکان، ناکۆکیی ناوخۆیی لە بەغدا و کەشوهەوای بێمتمانەیی گشتی بە دامودەزگا سیاسییەکان بەربەستی جیددییە. بەڵام پارتی دیموکرات بە پشتبەستن بە ئەزموون و یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی و پلانی گەشەپێدانی ڕوون دەتوانێت ئەم تەحەددایانە بکاتە دەرفەت. لە ئاستی باڵا، چاوەڕوان دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام بێت لە داکۆکیکردن لە سیاسەتی میانڕەوی و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و پاراستنی سەقامگیریی ئەمنی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی؛ سیاسەتێک کە نەک هەر هەرێم، بەڵکوو هەموو عێراقیش سوودی لێ ببینێت.

هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی دیکە لە پێگەیەکی سەرەکیدایە. بە بنکە جەماوەرییە فراوانەکەی و پێشینەی سەرکەوتووی بەڕێوەبردن و بەرنامە ئاراستەکراوەکانی گەشەپێدان، پارتی دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی عێراقدا بگێڕێت. پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێچەوانەی هەندێک لایەن کە زیاتر سەرنجیان لەسەر دروشمی سیاسییە، هەوڵی داوە ئەدای خۆی لەسەر بنەمای ئەنجامە بەرجەستە و خزمەتە گشتییەکان بۆ خەڵک دابنێت. سەرکەوتن لە پڕۆژەکانی کارەبا و ئاو و ڕێگاوبان و گەشەپێدانی ئابووری ئێستا بووەتە سەرمایەی سیاسی بۆ ئەم حزبە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا. لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدات نوێنەرەکانی لە پەرلەمانی عێراق ڕۆڵێکی کاراتر ببینن لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و سەقامگیرکردنی پشکی بودجە و جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییە هەڵپەسێردراوەکان. پارتی پێیوایە بەهێزکردنی پێگەی کورد لە دامودەزگا فیدڕاڵییەکان کلیلی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و هاوسەنگیی هێزە لە عێراقدا. بۆیە ئەو چاوەڕوانییەی لە هاووڵاتییانی کوردستان هەیە بە چاوکراوەیی و هەست بە بەرپرسیارێتیکردن لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بە گوڕوتینێکی زیاترەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە دەنگدان بە بەربژێرەکانی لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوسەنگیی هێز لە بەغدا بگۆڕن، چونکوو پارتی لەسەر ئەو باوەڕەیە تا پارتی لە بەغداد بەهێزتر بێت کورد بەهێزتر دەبێت و شەڕی مافە دەستوورییەکانی کوردستان دەکات.

پوختە: پارتی دیموکراتی کوردستان؛ میحوەرەکەی سەقامگیری و گەشەکردنە. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئاییندەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان بە پاڵپشتی مێژوویی و ئەدای سەرکەوتووی لە حکوومەتی نۆیەم و پابەندبوون بە پڕەنسیپەکانی دیالۆگ و گەشەپێدان، بەردەوام یەکێکە لە یاریزانە سەرەکی و متمانەپێکراوەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق. ئەگەر سیاسەتەکانی ئێستای حزب لە بوارەکانی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پەیوەندییە فیدڕاڵییەکان بەردەوام بێت، دەکرێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە هەرێمی کوردستان نەک هەر لە ساڵانی داهاتوودا لە سەقامگیریی سیاسیی زیاتر بەهرەمەند بێت، بەڵکوو ببێتە مۆدێلێک بۆ گەشەسەندنی بەردەوام و پێکەوەژیانی بنیاتنەر لە سەرتاسەری عێراقدا. کەوابوو چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ ڕۆژی 11ی11ی2025 خەڵکی کوردستان بە دەنگی خۆیان لیستی 275ی پارتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو سەربخەن، بۆئەوەی لە بەغدا شەڕی مافە دەستوورییەکانیان بكات.