سهرهتا وتار (هاوبەشی) بۆ بنیاتنان، (هاوسەنگی) بۆ بەردەوامبوون، (سازان) بۆ مانەوە
موحسین خالیدی
لە سەردەمی پڕ لە ئاژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، عێراق جارێکی دیکە لەسەر لێواری هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە وەستاوە. هەڵبژاردنێک کە نەک تەنیا بۆ پێکهاتەی دەسەڵات لە بەغدا، بەڵکوو بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لە دینامیکی نەتەوەیی و هەرێمییشدا گرنگە. لەم چوارچێوەیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە دروشمێکی قووڵ و پڕ بیرکردنەوە هاتووەتە مەیدانەوە: “هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان” کە هەر سێ وشەکە، هەریەکەیان مێژوو و فەلسەفەی تایبەت بە خۆیان هەڵدەگرن و پێکەوە نەخشەڕێگایەکیان بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە بازنەی قەیران و بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ بەغدا داڕشتووە.
هاوبەشی.. سیاسەت وەکوو ئامادەبوونی چالاک و بەرپرسیارانە
“هاوبەشی” لە ڕوانگەی پارتی، تەنیا بۆ ئامادەبوون لە پەرلەمان یان حکوومەت نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی بنەڕەتیی سیاسەت وەک بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی. کورد لە ڕێگەی بەشداریی ڕاستەقینە نەک هەر بەدوای پشکی لە دەسەڵاتدا دەگەڕێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات چەمکی دەوڵەتی هاوبەشیش لە عێراقدا بنیاتبنێتەوە. لە ڕوانگەی پارتییەوە، هاوبەشی واتا بەشداریکردن لە پرۆسەی بڕیاردان، نەک تەنیا خودی بڕیارەکان. واتە ڕۆڵێکی بنیاتنەر لە پێناسەکردنی داهاتووی عێراق بگێڕێت، نەک تەنیا کاردانەوەی لەسەر بڕیارەکانی ئەوانی دیکە هەبێت. ئەمە ئەو دەرسەیە کە لە میراتی سیاسیی بارزانیی نەمر و میراتگرانی داهاتووی ڕێبازەکەی وەرگیراوە: “ماف بەبێ هاوبەشی، بەڵێنێکی بەتاڵە.”
هاوسەنگی.. گەڕاندنەوەی عێراق بۆ تەوەری عەقڵانییەتی سیاسی:
“هاوسەنگی” لەم دروشمەدا، ڕەنگدانەوەی جەوهەریی تێڕوانینی سەرکردایەتیی پارتی- یە. دیدگایەک کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستانی لە تەڵەی توندڕەوی و گۆشەگیری لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دوورخستووەتەوە. هاوسەنگی واتە دۆزینەوەی خاڵی ناوەڕاست لە نێوان جەمسەری دژ بەیەک، لەنێوان بەغدا و هەولێر، لەنێوان تاران و واشنتن، لەنێوان شیعە و سوننە، لەنێوان دابونەریت و مۆدێڕنیتە. بە پێشکەشکردنی چەمکی هاوسەنگی، پارتی ئەوە دەردەخات کە سیاسەتی هاوچەرخی کوردستان چیتر لە دەوری هەست و کاردانەوەی دەستبەجێ ناخولێتەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای هاوسەنگیی بەرژەوەندییەکان، عەقڵانییەت و ڕێزی هاوبەش دامەزراوە. هاوسەنگی لێرەدا بە مانای پاسیڤی (انفعال) و سازشکردن نییە، بەڵکوو هەڵبژاردنێکی هۆشیارانەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری و پێشکەوتن لە وڵاتێکی پڕ لە ململانێ و قەیرانی وەک عێراقدا.
سازان.. کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەوڵەتی مۆدێڕن و پێکەوەژیانی نەتەوەیی
عێراق بەبێ سازان، سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە بەخۆیەوە نابینێت. ئەزموونی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوو دەریخستووە کە حوکمڕانی زۆرینە بەبێ ڕەزامەندیی کەمایەتییەکان تەنیا دەبێتە هۆی دووبەرەکی و بێمتمانەیی. پارتی بە جەختکردنەوە لەسەر “سازان” پێی وایە، حکوومەتی داهاتووی عێراق دەبێت لە شەراکەتی ڕاستەقینەی سێ پێکهاتەی کورد و شیعە و سوننە پێکبێت. ئەم دروشمە بانگەوازێکە بۆ بنیاتنانەوەی چەمکی نەتەوە لە ڕوانگەیەکی نوێوە. سازان واتە داننان بەوی دیکە، واتە دیالۆگ لە جیاتی لەناوبردن، واتە سیاسەت لە جیاتی توندوتیژی.
لە دروشمەوە بۆ ستراتیژی.. ڕوانگەی داهاتوو
سێکوچکەی “هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان” تەنیا دروشمی هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو چوارچێوەیەکی فیکرییە کە دەتوانێت عێراق لە قەیرانی شەرعییەت و ناکارامەیی دەربهێنێت. ئەگەر بەغدا بتوانێت لەسەر بنەمای ئەم سێ پڕەنسیپە هاوکاریی هەولێر بکات، ئەوا کورد نەک هەر مافە ڕەواکانی خۆی بەدەست دەهێنێت، بەڵکوو عێراقیش دەبێتە وڵاتێکی سەقامگیرتر، هاوسەنگتر و ئامادەتر بۆ پێشکەوتن. لەم ڕێبازەدا، پارتی نەک تەنیا وەک حزبێکی کوردی، بەڵکوو وەک هێزێکی نەتەوەیی و پێشکەوتنخواز هاتووەتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.
پەیامەکە ڕوونە: عێراق بەبێ کورد ناتەواوە و تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاری، لە دروشمی پارتیدا کورت دەکرێتەوە: “هاوبەشی” بۆ بنیاتنان، “هاوسەنگی” بۆ بەردەوامبوون و “سازان” بۆ مانەوە.
هیچ ئاییندەیەک بۆ عێراق بەبێ سازان ناکرێت. پارتی جەخت لەسەر ئەم پڕەنسیپە و پێویستیی بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان نەتەوە، ئایین، ئایینزا و هەموو لایەنەکاندا دەکاتەوە. سازان واتە قبووڵکردنی ئەوی دیکە، واتە پێکهێنانی حکوومەتێک لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی بەکۆمەڵ، نەک زۆرینەی کاتی. پارتی دەڵێت: دەبێت عێراق بە دیالۆگ بەڕێوەببرێت نەک پەراوێزخستن.
دەرئەنجام:
لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە پارتەکان تەنیا بەڵێن دەدەن، پارتی ڕێگە نیشان دەدات. ئەم سێ وشەیە (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان)، لەوانەیە بە ئاسایی دەربکەون، بەڵام لە ڕاستیدا، بۆ داهاتووی عێراقی نوێ، هەڵگری سێ کۆڵەکەن. ئەگەر ئەم سێ وشەیە ببنه گوتاری زاڵ، ئەو ئاسۆیە بەدی دەکرێت کە کوردستان و عێراق ئەمجاره نەک له گۆڕەپانی شەڕ، بەڵکوو له مەیدانی حیکمەت و هاریکاریدا، مێژوویەکی نوێ بنووسنەوه.