
خەبات: هاوار مورتكەیی
بەچاودێری ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی هیشام ئەلتاهیر ئەمینداری گشتی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا و سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و د. زهندی سەرۆكی لقی هەولێری لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی و نوێنەری وڵاتانی بەشداربوو و د. دڵزار حەمەساڵح سەرۆكی یانەی شەتڕەنجی خانزاد و سەفین یاسین سەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێر، ڕێوڕەسمی پاڵەوانێتی دێرینەكانی شەتڕەنجی ئاسیا (یاریزانانی سەرووی 50، 65 ساڵ)ی بەبەشداری 15 وڵات لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لەدەستپێكی ڕێوڕەسمەكەدا هیشام تاهیر ئەمینداری گشتی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا وتاری پاڵەوانێتییەكەی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەگرنگیی پاڵەوانێتییەكی لەمشێوەی دا كە هەرێمی كوردستان میوانداری كرد، ئەم میواندارییەی شاری هەولیر، خۆی لەخۆیدا پێگەو توانای هەرێمی كوردستان دەردەخات لە بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان، هەموو ئەمانەش بۆ پشتیوانیی بەردەوامی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومهتی هەرێمی كوردستان بۆ وەرزش دەگەڕێتەوە، دواتر ئەمینداری گشتیی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا، سوپاس یەكێتی شەتڕەنجی عێراق و یانەی شەتڕەنجی خانزادی كرد كە بەسەركەوتوویی و بەبێ كێشە میوانداری ئەم پاڵەوانێتییەیان كرد.
ئینجا سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش وتەیەكی پێشكەش كرد و وێڕای دەستخۆشی لە یەكێتی شەتڕەنجی عێراق و یانەی خانزاد، ئاماژەی بەو كەشه ئارامەی هەرێمی كوردستانی كرد كە بەهۆیەوە زۆرێك لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان لە شاری هەولێر بەسەركەوتوویی میوانداری دەكرێت.
جێی باسە پاڵەوانێتیی دێرینەكانی شەتڕەنجی ئاسیا بەسپۆنسەری كوردستان فاوەندەیشن لە هوتێل شیراتۆن بەڕێوەچوو، كە ئەمە یەكەمین پاڵەوانێتییە ئەم ڕێژە زۆرەی وڵاتان بەشداریی تێدا بكەن، هەروەها پاڵەوانێتییەكە بەبەشداریی ژمارەیەكی كارای ناوبژیوانانی كورد بەڕێوەچوو، میهرداد پەهلەوان زادە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئێرانی ناوبژیوانی سەرەكی بوو.
ئەنجامی كۆتاییش بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:
*سەرووی 50 ساڵ:
ئومەربیكۆڤ عەزیز لە كازاخستان پلەی یەكەم
حوسێن عەلی حوسێن لە كوردستان پلەی دووەم
ڕامێل حەسەن گاتیان لە ڕووسیا پلەی سێیەم
*سەرووی 65 ساڵ:
پریمبیتۆڤ مارات لە كازاخستان پلەی یەكەم
ئاریا نەژاد حوسێن لە ئێران پلەی دووەم
ڕاندۆلف چاین لە كەمبۆدیا پلەی سێیەم