د. چیمەن بابەكر بارزانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی هەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق، لە دیمانەیەكی بۆ پێگه‌ی وشه‌ نێت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە وەك وەفایەك بۆ ڕێبازی بارزانی نەمر و لەسەر ڕێنوێنی و فەرموودەكانی سەرۆك بەردەوام دەبین لە خەبات و كاركردنمان وەكو نوێنەری گەلی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق و لەسەر سێ پرەنسیپ (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان). هه‌روه‌ها ده‌ڵێ : پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە سەربەخۆ بووە لە بڕیار لەسەر بابەتەكانی پێوەست بە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و مافە نەتەوەییەكانی، نوێنەرایەتییەكی چالاكانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە كارتێكردن لەسەر ئەو یاسایانەی، كە پێوەستن بە ئاسایش و نەوت و گاز و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، جگە لە پێوەندییەكان لەگەڵ ڕۆژئاوا (بەتایبەتی ئەمەریكا) توخمێكی گرنگە کە لە ستراتیجیی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پێویستە كورد سوود لەو پێوەندییانە وەربگرێت تا پشتیوانی نێودەوڵەتی مسۆگەر بكات لە كاتی ڕوودانی هەر تەنگژەیەكدا.
د. چیمەن بابەكر بارزانی له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەریی سیاسیی بەرچاوی لە بەغدا هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا لەناو هاوسەنگی سیاسی ئاڵۆزدا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکى گەورە دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو پارتە سیاسییە كوردستانییەكان لە بەغدا پاڵپشتی دیدگای پارتی بكەن و پێكەوە بە یەك دەنگی و كوردستانییانە كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بكەن، پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترین پارتی سیاسیی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی بنكەیەكی جەماوەری بەهێزە كە كاریگەری خۆی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بەهێزتر دەكات.