بارزان گەڵاڵی، بەربژێری ژمارە ٣٤ لەسەر لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی كە بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان هەیە، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رنامه‌ی پارتی به‌هێزترین و كاریگەر‌ترین به‌رنامه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌نگی پێبده‌ن و هه‌ڵیبژێرن، پارتی خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێكی فراوان و گه‌وره‌یه‌ و حزبێكی بەهێزە، ده‌توانێت له‌ به‌غداوه‌ شه‌ڕ بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكات.

د. بارزان گه‌ڵاڵی، بەربژێری ژمارە ٣٤ لەسەر لیستی ٢٧٥ی پارتی لە سلێمانی  رایگەیاند: ”پێش ئه‌وه‌ی گرفته‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا سیاسی و ده‌ستووری بن، نه‌ته‌وه‌یین و كورد خاوه‌نی دۆزێكە له‌ عێراق ناكرێت ئه‌م دۆزە بچووك بكرێته‌وه،‌ زۆر له‌ مافه‌كانمان به‌ده‌ست نه‌هاتوون له ‌به‌غدا، ده‌بێت بۆ خولی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق شه‌ڕ بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌ پارتی ده‌كرێت، چونكە پارتی خاوه‌نی دۆزی رەوای كوردە و خاوه‌نی جه‌ماوه‌ر و گوتاری خۆیه‌تی كه‌ بریتییه‌ له ‌به‌رگریكردن له ‌مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.“

ڕوونیشی كردەوە: “پارتی ئه‌وه‌نده‌ دەستكەوتی هەیە‌ له‌ ئاوه‌دانکردنەوه‌ی كوردستان و به‌رگریكردن له‌ گه‌لی كوردستان و پاراستنی قه‌واره‌ی هەرێمی كوردستان، وای كردووه‌ كه‌ بەربژێره‌كان سه‌ربه‌رزانه‌ بچنه‌ ناو خه‌ڵك و داوای ده‌نگ بكه‌ن، ئێمه‌ش پشت به‌ خوا له‌ به‌غداوه‌ به‌رنامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و ده‌بینه‌ سه‌نگه‌ری به‌هێزی به‌رگریكردن له ‌مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، چونكه‌ زۆر مافی ده‌ستووری و یاسایی خەڵكی كوردستان ماوه‌ كه‌ ده‌بێت له‌داهاتوودا كاریان له‌سه‌ر بكرێت.“
باسی لەوەش كرد كە پارتی خاوەن بەهێزترین و كاریگەرترین بەرنامەی هەڵبژاردنە، هیچ ئامانجێكی حزبی و تایبەتی نییە و هەموو ئامانجی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و گەرەنتیكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە، تاكە حزبیشە كە سەلمێندراوە بەوەی بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، بۆیە هەمیشە جێی متمانەی دەنگدەرانی كوردستانە.