بەربژێری ژمارە ٢٠ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی كەركووك ڕایدەگەیەنێت: ”پارتی لە دروستبوونییەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات سازشی لەسەر كەركووك نەكردووە و هەمیشە كوردستانیبوونی كەركووكی سەلماندووە و هەمیشە بەرگریكارێكی راستەقینە بووە لە كەركووكییەكان.“
شەهێن خاڵە حەسۆ، ببەربژێری ژمارە ٢٠ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی كەركووك ڕایگەیاند: ”بۆ پارتی، بازنەی كەركووك جیاوازیی هەیە لەگەڵ هەموو شارەكانی دیكە، چونكە كەركووك شارێكی داگیركراوە، پارتی هەمیشە خەمی پاراستنی كەركووكی لەكۆڵ ناوە، بینیمان كە پارتی چەندە مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی كە بەبێ ئاڵا ناگەڕێتەوە شارەكە، ئەوە بوو بە سەربەرزانە و بە ئاڵای كوردستانەوە گەڕایەوە كەركووكی دڵی كوردستان، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەوەندە لە خەمی كەركووكییەكاندا بێت و هەمیشە داكۆكیی لە كوردستانیبوونی كەركووك كردووە.“
ئەو بەربژێرەی پارتی لە كەركووك، لەبارەی دروشمەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا گوتی: ”هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان، لەم سێ دروشمەدا، پارتیمان بە كردار ئەوەی سەلماندووە كە ئێمە وەكوو كورد و خەڵكی كوردستان هاوبەشین لەم وڵاتەدا، نەك كەمینە و پاشكۆی هیچ كەس و لایەنێك، ئێمە هاوسەنگیی هێز و بڕیارین و لەوە كەمتر قبووڵ ناكرێت، سازانیش هەمیشە ئامانج و كرداری پارتی بووە لەپێناو پێكەوەژیان و سازانی نیشتمانی و سیاسی و بڕوای ریشەداری بە سازانی هەموو رووداو و مژارەكان هەیە، لە هەر زەمان و مەكانێكدا بێت.“