سەرکەوتنی پارتی واتە سەرکەوتنی کوردستان

260

چیا هەرکی*
وەک لای هەمووان ئاشکرایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڕێوە دەچێت. ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدایە کە عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاری پڕ ڕووداو و پێشهاتی سیاسیدا تێدەپەڕێت، کە بە هۆیانەوە هەموو ئەگەرێک کراوەیە. بۆیە ئەمە وا لە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەکە دەکات، کە لە بەردەم ئەرکێکی قورسی خۆسەلماندنەوە دان، ئامادەکارییەکی تەواو بۆ چوونە ناو کێبڕکێکە بکەن.
دیارە هەڵبژاردن وەک کۆڵەگەیەکی گرنگی ژیانی سیاسی و دیموکراسی، بایەخێکی زۆری لە گەشەپێدانی هۆشیاریی سیاسیی کۆمەڵگاکاندا هەیە. بۆیەشە بەردەوامیی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، ڕۆڵێکی مەزن لە قووڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی و بەشداریی سیاسیی هاووڵاتیاندا دەگێڕێت.
لەم ڕوانگەیەوە، جیاواز لە پێنج خولی ڕابردوو، هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە١١/١١ی ئەمساڵ بکرێت، بۆ کورد بە گشتی و بە تایبەتیش بۆ پارتیمان، زۆر گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازە. چونکە لە خولی ڕابردوودا، پارتی وەک یەکەم و گەورەترین حزب لەسەر ئاستی عێراقدا، ڕیزبەندیی پێشەوەی هەموو حزبەکانی گرت و سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەست هێنا.
بۆیە ئەم دەسکەوت و شانازییە ئەرک و بەرپرسیارێتیی سەرشانی هەموو لایەکمان قورستتر دەکات، بەوەی لە ئاستی گەورەیی پارتیمان و قۆناغی نوێدا بین و بەوپەڕی ئامادەباشی و بە جۆش و خرۆشەوە، هەموو وزە و توانامان بخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی پارتەکەمان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای کوردستان و داکۆکیکاری مافەکانی گەلەکەمان، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش لە پێشەنگی حزبەکاندا بمێنێتەوە و سەرکەوتنێکی مەزنتر لەوەی پێشوو، تۆمار بکات.
ئەم گرنگییەش ئەوەمان لێ دەخوازێت، کە وەک سەرکردایەتی و ئەندام و کادیر و لایەنگرانی پارتیمان، لەسەر ئاستی ئۆرگانەکان، حکوومەت، لەشکر، میدیا و جەماوەردا، شەو و ڕۆژ بخەینە سەر یەک و لەخۆبوردوو، پشوودرێژ و باوەڕمەند بە حزبەکەمان، لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژووی پڕ له‌ قوربانیدان و سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی پارتیمان بین و وەک سەلماندنی ئەمەکداری و دڵسۆزی بۆ ڕێبازە پیرۆزەکەمان و ڕێبەر و مەرجەعمان سەرۆک بارزانی، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی جەنابیاندا، ئەرکەکانی سەرشانمان ورد و بە دروستی جێبەجێ بکەین.
لێرەوەیە کە ئەرکی تاک بە تاکی ئێمەیە وەک لایەنگر و ئەندام و کادیر و سەرکردایەتی، پاڵپشتی و هاوکاریی تەواوی سەرخستنی لیستی حزبەکەمان بکەین و هەموو توانامان بخەینە خزمەتی هەرچی زیاترکردنی ڕێژەی دەنگدانەوه‌. ئەمەش بەوە دەکرێ کە لەناو ماڵ و خێزانی خۆمان، لە گەڕەک و کۆڵانی خۆمان، لەناو کەسوکارمان و لە شوێنی کارمان، هانیان بدەین و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەوەمان لەبیر نەچێت کە سەرکەوتنی پارتی، واتە سەرکەوتنی کوردستان.
* ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان