ڕیفراندۆم، هەنگاوە ڕاستەکە بوو …

293

بێستوون ساڵەیی
ئێمە پەنجەمان بۆ ڕیفراندۆم مۆر کرد و ئەو مافە سەرەتاییەمان بۆ تەواوی جیهان خستەڕوو کە بەڵێ دەمانەوێ سەربەخۆ بین، سەربەخۆ بین وەکو هەر نەتەوەیەكی خاوەن دەوڵەت، سەربەخۆ بین وەکوو هەر گەلێکی ناوچەکە و دانمان پێدا بنرێت، هەر چۆن خۆیان بە خاوەن ماف زانیوە، ئێمەش مافی خۆمانە و خاوەن خاک و مێژوو و پێناسەی خۆمانین و مافێکی ئیلاهی و ئینسانییە کە سەربەخۆ بین.
وەکوو دڕندە کەوتنە گیانمان و بە ڕەوایان نەزانی بڵێین دەمانەوێ سەربەخۆ بین، سزاکانیان لەسەرمان زیاد کرد تا ئاستی برسی کردن و گەمارۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
جێی سەرسوڕمانە نە دەستوور و نە یاسا، نە ویژان و نە ئایین و نە مەزهەب لە عێراقی ئەمڕۆدا ناتوانێ بەربەست بێت بۆ ڕێگریکردن لە عەقڵییەتی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی…! سەرەڕای هەبوونی دەستوور و یاسا کەچی زوڵم و چەوساندنەوە و داگیرکردنی خاکی کوردستان هەر بەردەوامە. دیموکراسییەت بێ بەها کراوە و تێگەیشتن لێی ئاستەمە، ئەوەی دڵیان پێی ئاو دەخواتەوە دەسەڵاتی تاکڕەوانە و داننەنانە بە مافەکانی گەلی کورد.
مێژوو زۆر وانەی تێدایە و پڕە لە ئامۆژگاری و بیرهێنانەوە بەڵام لە پای غرور و خۆ بە زلزانین و بەردەوامبوونیان لەسەر عەقڵییەتی شۆڤینیانەیان ڕێگە بە خۆیان نادەن لە ئاشتی و پێکەوە ژیان و شەراکەتدا بژین، پێیان وایە خەڵکی تر دەبێ ژێر دەست و چاو لەدەستیان بێت.
ڕیفراندۆم دەرئەنجامی زوڵم و ستەم و پێشێلکردنی مافەکانی کورد هاتە دی، چونکە ئەوەی کورد ڕزگار دەکات و دەتوانێت بە ئازادی و بە شکۆ و زیندوو بتهێڵێتەوە سەربەخۆ بوونە. بێجگە لە سەربۆخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر نابێت بە چارەسەر، بەردەوامبوون لە ژێردەستەیی واتە بەردەوامبوونی ستەم و پێشێلکاری لە مافەکانمان.
ڕیفراندۆمچییەکان لەسەر حەق بوون و مۆرکردنی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی لە جێی خۆی بوو، بۆ ڕزگاربوونی گەلێک کە بە درێژایی مێژوو دەوڵەتان هەڵسوکەوتیان لەبەرانبەریدا نامرۆڤانە بووە، باشترین بژاردە و بڕیارێکی مێژوویی بوو.
لە ڕابردوو ویستیان بە ناپاڵم و کیمیا و ئەنفال قڕمان بکەن و لەسەر زەوی بمان سڕنەوە، لە ئێستاشدا هەمان ویست و هەمان نییەتە، بەڵام بە شێوازێکی نوێ و جیاوازتر ئەویش بە دەست خستنە قورگی میللەتێک، ئەوان درێژەدەری هەمان عەقڵییەتی پێشوون و ئامانجیان سزادانی گەلێکە، بەڵام لەبیریان کردووە گەلێک بە زیندەبەچاڵ کردن و کیمیاباران و تۆپ و فرۆکە لەناو نەچوو، بە برسیکردنیش نامرێت و هەر لەسەر پێیەکانی خۆی دەوه‌ستێت و چاوەڕێی ڕۆژی ڕزگاربوون و سەربەخۆبوونی خۆی دەکات.