
محەمەد سەعید کوردە
کاری هونەری جوان و پووخت هەمیشە لەبەر دڵانە و بەزوویی تێکەڵ بە بیر و هزری خەڵکی دەبێت، بە تایبەتی ئەگەر ئەو بەرهەمە هەڵقووڵاویی نێو خودی کۆمەڵگەی کوردەواری خۆمان بێت، یەکێک لەو بەرهەمە هونەریە جوانانەی کە لە هەشتاکان لە شاشەی تەلەفزیۆن پێشاندرا درامای (تاپۆ حەقی چیە؟) بوو لە نووسینی هونەرمەند چەتۆ حەسەن و دەرهێنانی تەلەفزیۆنی زوهێر عەبدولمەسیح، ئەوانەی لەو بەرهەمە هونەرییە جوانەدا بەشدارییان کرد ژمارەیەک هونەرمەندی ئازیزی شارەکە بوون وەک چەتۆ حەسەن و سەلام کۆیی و خەلیل یابە کەریم و ئەحمەد جەمیل و جەوهەر باپیر و ئیسماعیل عەلی و موئەیەد فەقێ و کاروان شمسەدین و ڕزگار ئەحمەد و حەمە سەعید ئیبراهیم و عەبدلواحید مەرجان و ئیبراهیم حەکیم و جەلال بەیار و حەمید سابیر ….تد.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش بۆچی ئەو درامایە هەمیشە لە هزری هەمووماندا زیندووە و هەرگیز کۆن نابێ کە هەر جارەی پێشان دەدرێ وا دەزانێ کارێکی تازەیە و هەر ئێستا کاری لەسەر کراوە؟
دیارە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش کۆمەڵێک فاکتەر هەیە لەوانە:-
1. بینەری کورد بە گشتی تینووی بەرهەمی خۆماڵیە بە تایبەتی ئەو بەرهەمانەی مۆرکی کوردەواری خۆمانی پێوە دیارە و لە هەناوی کۆمەڵگەدا هەڵقووڵاون و بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بۆیە دەبێ نووسەرانی شانۆ و سیناریستەکان تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ نووسینەوەی دەقی خۆماڵی، چونکە لەوبارەوە کەرەستەیەکی زۆر لەبەر دەستە و یارمەتیدەرە بۆ ئەو کارە.
2. نووسەری دراماکەش کە هونەرمەند و مامۆستای لێهاتووی شاری هەولێر (چەتۆ حەسەن) ە کە لە زۆر بواری هونەری جیا جیا دا ئەزموونی دەوڵەمەندی هەیە وەک نووسین و نواندن و وێنەکێشان و زۆر بەهرەی گەشی دیکە هەموو ئەوانە وایانکرد دراماکە کەمووکوڕی پێوە دیار نەبێ و سەرکەوتوو بێ و بچێتە دڵی هەموو تەمەنێک، هەروەها چەندین بەسەرهات و ڕووداوی واقیعی تێدا زەق کراوەتەوە کە هەر هەموویان جێگای هەڵوەستە لەسەر کردن و پەند لێوەگرتنن.
3. توانا و ئەدای ئەکتەرەکانی نێو دراماکە لەوپەڕی بەرزی دابوو، بە تایبەتی هونەرمەندی کۆچکردوو سەلام کۆیی کە پاڵەوانی دراماکە بوو بەشی شێری بەرکەوتبوو لە دەربڕینی دایلۆک و حیوارە جیاوازەکان و جلوبەرگ و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەکتەرەکانی دیکەی وەک خەلیل یابە و ئیبراهیم حەکیم و حەمەسەعید ئیبراهیم و جەوهەر باپیر و ئەحمەد جەمیل بینەرانی سەرسام کردبوو، خەلیل یابەش بە قسە خۆشەکانی هێندەی دیکە خۆشی خستبووە نێو دراماکە بە تایبەتی کاتێ لەگەڵ سەلام کۆیی (حاجی یادگار) دەبێتە دەمەقاڵیان و لە حەیفان دەڵێ (وەکی ئەتوو چاوت لەوەی بی خەڵکی بڕووتێنیەوە کورە دەبڕۆ تەخسیری مەکە) یان لە نێو پیرە قەیسەریدا گاڵتە بە هونەرمەند عەبدلواحید مەرجان دەکات کاتێ دەیەوێ بەڕەکەی بفرۆشێ مەرجان یش گوێی پێنادا و پڕ بە گەرووی هاوار دەکات ئەو بەڕە چاکە (دوو دینار چار درەم کەم) و…تد.
4. مەشهەدی نێو پارێزگا کە هونەرمەندان جەلال بەیار و عوسمان ڕەحمان و فواد جەلال و جەوهەر باپیر کۆ دەکاتەوە کاتێ جەوهەر باپیر عەریزەیەکی بەدەستەوەیە و دەیەوێ سەعیدی کوڕی تەعین بکات ئەمانیش بە سەهو دەچن و وا دەزانن جەوهەر باپیر بەو جلوبەرگە پۆشتەیە مقاولە، ئینجا جوانترین حیواری جەلال بەیار لەو ساتە وەختە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ لە نێو کۆچە و کۆڵانەکانی شاری هەولێر دەگووترێتەوە کە دەڵێ (شڕووت شڕووت کورە سەی لە شڕووتی بەردە)
5. هونەرمەند خەلێل یابە کەریم لە نووسینێکیدا دەڵێ: درامای تاپۆ هەقی چیە کە بەردەوام نمایش دەکرێ و بینەر لێی بێزار نابێ، ئێستاش زۆر کەس زۆربتی حیوار و دایلۆکەکانی ئەو درامایان لەبەر کردووە و لەبۆنە و یادەکان هەر بۆ خۆشی دەیڵێنەوە.
6. دیمەنی نەخوێندەواری و کۆلەواری و ڕەزیلی حاجی یادگار و شێوازی بەناوکردنی مولکێکی گرانبەها لە جیاتی مولکێکی دیکە هێندەی دیکە گەمەی دراماکەی لای بینەر خۆشتر کردبوو، چونکە هەندێ جار گرفت و ئاریشەی لەو شێوەیە کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبەن وەک چۆن چارەنووسی حاجی یادگاری بەو دەردە گەیاند کە کۆتاییەکەی بە بوورانەوەی حاجی یادگار و خدری لۆبیا فرۆش کۆتایی هات ئەویان لە غەمان و ئەوەی دیکەشیان لە خۆشیان.