لەمەولا هەر ماتۆڕسوارێک بە بێ کڵاو و پێویستییەکانی سەلامەتی لەسەر شەقامەکان ببیندرێت ڕێکاری یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت و سزای دارایی دەدرێ.
بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بڵاوی کردەوە:”بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لێژنەیەکی هاوبەشی نێوان پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی هەولێر ئاگاداری بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی ماتۆڕیان لە ناو سەنتەری شاری هەولێر کردۆتەوە بۆ ئەوەی خۆیان دوور بگرن لە دروستکردنی ماتۆڕ بە پارچە و مامەڵەکردن بە ماتۆڕی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو”.
ئاماژەی بەوەش داوە: “ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی 19ی ئەیلولی 2025، تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە بازاڕی شێخەڵا و بازاڕی هەینی هەولێر ئامادە بوون بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە ڕێو شوێنەکانی یاسایی بەرامبەر بە ماتۆڕی بێ سەرەتا”.
ئاشکراشی کردووە: “بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی قوربانی ڕووداوەکان، لەمەولا هەر ماتۆڕسوارێک بە بێ کڵاو و پێویستییەکانی سەلامەتی لەسەر شەقامەکان ببیندرێت ڕێکاری یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت،داوا لە دایکان و باوکان دەکەین کە ڕێگری بکەن لە هەرزەکارانیان بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی مانۆڕەکانی ماتۆڕسواری و هەروەها توشی سزای دارایی نەبن”.
هاتوچۆی هەولێر، جەختی کردووەتەوە،بەگوێرەی بە دواداچوونەکان، بەشی زۆری ڕووداوەکانی هاتووچۆ یان بە هۆی ماتۆڕسوارەوەیە یان ماتۆڕ و ماتۆرسوار یەکێکن لە لایەنەکانی هەر ڕوداوێکی هاتووچۆ کە بەردەوام یان مردن یان برینداربوونی سەختی لێدەکەوێتەوە.