سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا ده‌لێ ، بەهۆی زۆربونی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییانی شاری سلێمانی دەکات، کە سەرۆکایەتییەكان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هاوڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە کە لە سبەینی، رێکەوتی ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ەوە، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت و لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت و ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی (دو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێک تەنیا ئەوانەی سنوری شارەوانیی سلێمانی بن.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی داواشی لە ئاژەڵدۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان كردوە کە پشتیوان و هاوکاریان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتیان دەبێت.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ پەیوەندیكردن ئەم ژمارە مۆبایلەی بڵاوكردۆتەوە: 07719914460. وتوشیەتی، شوێنی شەڵتەرەکە: ڕازیانە، نزیک بازگەی عەربەتە.