سهرهتا وتار دیدگەیەکی هاوچەرخ لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەکی بەهێزتر و گەشاوەتر
كارۆخ شەهید عهبدوڵڵا ئاغا
پارتی دیموکراتی کوردستان نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی مانەوەی ڕێکخراوەیییە لە جیهانی سیاسیدا و ئەمەش بە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو بەرەنجامی پێکهینانی هاوسەنگیی نێوان سیستەمی دەسەڵاتی کاریگەر، سەرکردایەتیی کاریزماتیک و دیمۆکراسییە، لەپاڵ دروستکردنی سیستەمێکی خۆماڵی کەخزمەت بە گەل و سەقامگیری دەکات و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانجی سەرەکی.
دەتوانرێ ڕێڕەوی حیزبیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی سێ قۆناغی پەرەسەندنی سیاسیدا نەخشەڕێژبکرێت، کە هەر یەکەیان ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری و کۆنتێکستی مێژوویی (سیاق تاریخی)، سیاسی و ئابووریی کوردستان و ناوچەویی و نێودەوڵەتیی سەردەمی خۆیانن.
قۆناغی یەکەم:
دەکرێت بەدەستنیشانکردن و دووپاتکردنەوەی بەرگریکردن لە مافەکانی کورد دابنرێت، لە چوارچێوەیەکدا کە خودی دانپێدانەنان و نەناسینەوەی ئەو مافانە ئاسایی بوو(بە نۆرم کرابوو). لەم قۆناغەدا سەرکوت کردنەکه هەر بە شێوەی سیستماتیماتیکی، بگرە وەک نۆرمێکی کۆمەڵایەتییش چێندرا و پراکتیزە دەکرا: کوشتن، سزادان، یان بێدەنگ کردن لە سەرهەڵگرتنی ناسنامەی کوردی (کە پێناسە و سنووری ڕێپێدانی بەمەبەست لێڵ کرابوو) لە لایەن تاکی باڵادەست و دەزگەی بەڕێوەبردن، وەک پراکتیکێکی ڕەوا قبووڵ دەکرا. ڕۆڵی پارتی لەم قۆناغەدا بریتی بوو لە خستنەڕوو و ناساندنی (ماف) و داکۆکیردن لە مانەوە و هەبوونی کورد. لەناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیدا، گۆڕینی نۆرم و ڕەتکردنەوەی نادادپەروەریی بەسروشتی کراو، بۆ داواکاریی مافی سیاسی، بە قورسترین ئەرک و قۆناغ هەژمار دەکرێت، کە بۆ پارتی، بە خەبات و تێکۆشانی چەندین شۆڕشگێڕ، خوێنی شەهیدان و سەرکردایەتییەکی بەهێز بەدی هات.
قۆناغی دووەم:
کە لە دوای ڕاپەڕینی (١٩٩١) سەریهەڵدا و تاکۆتایی نەوەدەکان وسەرەتای(٢٠٠٠)ـەکان درێژەی کێشا، تایبەتمەندییەکانی هەردووچوارچێوەی دوای ململانێ و دوای کۆڵۆنیالیزمی تێکەڵ کرد. هەرچەندە ئەزموونی کورد لەم قۆناغەدا، بەرهەمی کۆڵۆنیالیزم نەبوو، بەڵام زۆرێک لە کارکتەرەکانی پاشتر و کۆڵۆنیاڵزم و دوای جەنگی تێکهەڵکێش کردبوو: پرسی سەربەخۆیی وناسنامەی هاوبەش، ناسکیی دامودەزگەکان و پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردە- دامەزراوەکان ودەمەزراوە – هاووڵاتی. ئەم قۆناغە قۆناغێکی بونیادنانەوەی حوکمڕانی و دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕەوایی بوو، لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا پاشماوەی مامەڵەی ململانێکاری پڕ لە زەبروزەنگ کۆتایی نەهاتبوو.
قۆناغی سێیەم:
کە ئەم ساتەوەخت و ڕۆژگارە سیاسییەی ئەمڕۆیە، بە قۆناغی گواستنەوە لە بەرگریکردن لە پێناوی مانەوەدا بۆ قۆناغی ئەرکە ئاڵۆزەکانی حوکمڕانی و دامەزراوەگەرایی و گەشەسەندنی ئابووری، پێناسەدەکرێت.
بەپێچەوانەی قۆناغەکانی پێشووتر، ئەم قۆناغە بە پلەی یەکەم، پەیوەست نییە بە بەرگری کردن لە بوون یان پاراستنی سەقامگیری (هەرچەندە ئەم بابەتانە گرنگیی خۆیان دەمێنێت، بەڵام وەک بەشێک لە سیستەمی حوکمڕانی، نەک وەک مەبەستی سەرەکیی حوکمڕانی)، بەڵکوو پەیوەندی بەداڕشتن و پێداچوونەوەی بەردەوامی سیستەمەوە هەیە، کە بتوانێت ڕێکاری پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەک، کەلەسەر ڕێڕەوی گۆڕانکاریی بەردەوامدایە، دابڕێژێت.
لە هەمان کاتدا، پارتی پەیوەستە بە یەکتربڕی “سێگۆشەی کێشە”ـی عێراق وسووریا وئێران وتورکیا، کە هەریەکەیان بە بەردەوامیی پێداچوونەوە بەشێوازی ڕێکخستنی سیاسی وئاسایشیی تایبەت بە خۆیان دەکەن، کە ئەمەش فشارێکی بەردەوام و ئاڵنگارییەکی مەزنە. لە ناوخۆی هەرێمیش، کۆمەڵگەی کوردستانیی تاک پێناسە دەکاتەوە و تێگەیشتنەکانی خاوەندارێتی، بەشداریکردن و پەیوەندی لە گەڵ دامەزراوەکاندا، تا دێت زیاتردەبنە چەقی بابەتە سیاسییەکان و ئاڵنگارییە هەرێمییەکان و ڕەهەندە سیاسییەکانیان، کەمتر لە بەرچاو دەگیرێن. لە ڕووی دەرەکییەوە، پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار لە سەر شانۆی نێودەوڵەتی، پێناسەکراوەتەوە و ئاڵنگاریی کراوە و ئەمەش کاریگەریی قووڵی دەروونی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێناوە. لەهەمانکاتدا، پرۆسە و داینامیکی دیمۆکراسی لە پەرەپێدانی بەردەوامیدان، پێویستییان بە هاوسەنگییەکی ورد، لەنێوان نەریت وفرەیی مۆدێرنیزاسیۆندا هەیە.
ئەمەش ئەرکی پارتی، وەک داکۆکی کار و پارێزەری مافی کوردستانییان، لە لایەک کە پەیوەستە بەو پلان و پیلانانەی ئەم بابەتەیان بەئامانج کردووە، لە دوو قۆناغی ڕابردوو و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، لە لایەکی تریشەوە وەک پارتی سەرەکیی داکۆکی کار، لە پەرەسەندی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستانییان، سەرباری ئەوەی کە بووەتە هۆکاری درووستبوون و ڕسکانی کۆمەڵگەیەکی نوێخواز و خاوەن چاوەڕوانیی سیاسی و ئابووری و تیوەگلاوی دیمۆکراسی، گران دەکات.
ئەم قۆناغە داواکارییەکانی بونیادنانی دامەزراوە وچاکسازیی ئابووری و چەسپاندنی دیمۆکراسی، لەچوارچێوەیەکی ناجێگیری ناوچەیی و جیهانیدا کۆدەکاتەوە. بە ڕەچاوکردنی ئەم بنەمایانە، سێ بابەتی هەنووکەیی، پێوستییان بە گەڵاڵەکردنی نوێ و دووبارە پێناسەکردنەوە هەیە:
یەکەم/ هێزی بەدامەزراوەیی کراو و بنچینەی مانەوە:
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ توانای خۆبونیادنانی وەک دەزگە بە هاوتەریبی لە پاڵ بونیادی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی دەگەڕێتەوە. زانایانی وەک جەیمس مارچ، جۆهان ئۆڵسن و دەگلاس نۆرس، سەلماندوویانە کە ڕێکخراوەکان، لە ناویاندا ڕێکخراوەکانی سیاسیش، توانای بەردەوامبوون و قورتاربوونیان زیاتر دەبێ، کاتێک لەنگەرگیرن لە یاسا و نەخشەدا مەزراوەیییەکاندا و ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات، سەقامگیرییان پێدەبەخشێت.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی مەبەستە بگوترێ ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا لەسەربڕیاری کتوپڕ یان ئیمپرۆڤیزەکراو (سەرپێیی) کارناکات، بەڵکوو لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و ڕەچاوکردنی پڕاکتیکی بڕیار دەدات، ئەمەش وادەکات جێی متمانە بێت. ئەم شێوازی کارەش، لەبری ئەوەی بە “ڕۆتین”بیناسێنین، دەتوانین وەک ڕێکاری ڕێکخراوەیی، بۆئەنجامدانی کارەکان، پێناسەی بکەین (کە لەناو کادیرانی پارتیدا بە شێوازی بڕیاردان، هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی بابەتەکان دەناسرێت).
چەمکێکی دیکەی گرنگ لە فەلسەفەی پارتی، بریتییە لە “وابەستەییی ڕێگا یاخود ڕێکار”. ئەمەش بەو مانایەیە کە کاتێک ڕێکخراوێکی سیاسی ئاراستەیەکی دیاریکراو هەڵدەبژێرێت، گشت ئەو بڕیارانەی کە دەیدات و ئەو پێکهاتەکانی کە دەیانڕسکێنێت، بە زەبری ئیرادە، بە مەبەستی ئەوەیە کە لەسەر ئەو ڕێگایە بەردەوامبێت. لە پێناوی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموکراسیی کوردستاندا، پارتی بڕیاری پێشوەختەی بە پابەندبوونی وەک بزووتنەوەیەکی داکۆکیکار لە مافی کوردستانییان داوە، هەروەها خۆشگوزەرانی و دادپەروەری خوڵقاندووە، جگە لەوەی کە خۆبەقەڵغانکردن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی کردووە بە ستراتیج، وێڕای ئەوەی نەخشەڕێگای ستراتیجی و جێبەجێکارییشی خوڵقاندووە و تا ئەمڕۆش، بەردەوامە و بووەتە هەوێنی “وابەستەییی ڕێگا یاخود ڕێکار”.
لە کاتێکدا ژینگەی سیاسیی کوردستان، بە سروشتی ناجێگیر و گۆڕانکاریی خێرا ناسراوە، پارتی بە دانانی سیستەمێکی ڕێکخراو، پلەبەندکراو و پابەندبوونی تەواوەتی بە سەرکردایەتییەکەی، توانیویەتی ڕێگا لە پشێویی و نائارامی بگرێت. ئەم سیستەمە وەک میکانزمی خۆپارێز و ڕێکاری پەرەسەندن کاردەکات و سەرکەوتوو بووە، لە یەک کاتدا ڕێگا لە تێکچوون و ناڕەوانی دەگرێت و بۆ مانەوە وبەردەوامی لە کارکردنیشدا یارمەتی دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم میکانزمە ڕێگەی لە پرۆسەی پراکتیزەکردنی دیمۆکراسیی نەگرتووە، بەڵکوو چوارچێوەیەکیشی بۆلێپرسینەوەو هاندانی بەشداریکردن و کارکردن دابین کردووە.
پارتی دیمۆکراتی کوردستان نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی مانەوەی ڕێکخراوەیییە لە جیهانی سیاسیدا و ئەمەش بە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو بەرەنجامی پێکهینانی هاوسەنگیی نێوان سیستەمی دەسەڵاتی کاریگەر، سەرکردایەتیی کاریزماتیک و دیمۆکراسییە، لەپاڵ دروستکردنی سیستەمێکی خۆماڵی کەخزمەت بە گەل و سەقامگیری دەکات و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانجی سەرەکی.
دووم/ نیشتمانپەروەری،شەهیدبوون و وابەستەیی:
یەکێک لە بنەما گرنگەکانی ناسنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵگێڕانیەتی وەک داکۆکیکاری سەرسەختی نیشتمانپەروەری، کوردستانیبوون وگەشەپێدانی هەستی نەتەوەییی کورد و پێکهاتەکانی تری هەرێمی کوردستان.
پارتی هەر لە سەرەتاوە، ئاڵای داکۆکیکردنی لە ماف و ناسنامەی نەتەوەیی هەڵگرتووە، بەڵام ئەم نیشتمانپەروەرییە هەرگیز بیرۆکەیەکی چەقیو وتەسک نەبووە، بەڵکوو لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و بابەتییەکاندا بەردەوام، تازەگەری و گۆڕانکاری بەخۆه دیوە: لەشۆڕشی چەکداری و مەدەنییەوە بۆ بونیادنانی دامەزراوەیی تا پرسی گەشەپێدان و حوکمڕانی وپێشکەوتنی دیمۆکراسی، هەر قۆناغەو و تایبەنتمەندیی خۆیی پێدراوە. بەڵام ئەوەی کە بە بەردەوامی ئامادە بووە و بە نەگۆڕیی ماوەتەوە، پێگەی سەرەکی و پیرۆزی قوربانیدانە، لەپێناو دۆزی نەتەوە و گەیشتن بەو پلە باڵا و پیرۆزەی کە لە شەهیدبووندا بەرجەستەبووە.
لە قۆناغی ئێستادا، دەتوانرێت پەیوەندیی نێوان پارتی وهێماسازی (سیمبۆلیزمی)ـی بەرخودان و قوربانیدان لەمەڕ جۆری پەیوەندی لە گەڵ بنەماڵەی شەهیدان، لە ڕووی (وابەستەیی)یەوە تێبگەین. بەسوودوەرگرتن لە تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی، دەتوانین بڵێین کە ئەم پەیوەندییە یەکلایەنە نییە، بەڵکوو وابەستەی یەکترە: ڕێکخستن ئەرکی پشتیوانی و فەراهەمکردنی دەرفەتە، بۆکەسوکاری شەهیدان، بە مەرجێک ئەو ئەرکەی پێیان دەسپێردرێت، یاخود ئەو دەرفەتەی بۆیان دەڕەخسێنرێت، لە ئاستی توانا و خواستیاندا بێت (بەمەش ئەگەری سەرکەوتنیان زیاد دەکات)، لە کاتێکدا نەوەی شەهیدان ئەرکی بەرز ڕاگرتنی ئەو بەهاو پرەنسیپانەی کە قوربانییان لەپێناویداداوە، لەئەستۆ دەگرن، بەمەش خەبات و شۆڕش و قوربانیدان لە چوارچێوەی بەها ئادیۆلۆژییەکانەوە بۆ ڕەوایی پێدانی بەدەر لە کات و شوێن و تێهەڵکێشانی لە نەتەوەسازی دەگوازرێتەوە. ڕۆشنبیر و کۆمەڵناسی فڕەنسی (پیێربۆردیۆ1930-2002)، شەهیدبوون وەک فۆرمێک لە سەرمایەی کولتووری دەناسێنێت، کە دەکرێت چەمکەکانی نیشتمانپەروەری، لە پوختترین فۆرمدا، شێواز و ئامرازی تێگەیشتن لە هەستی نەتەوایەتی لەخۆ بگرێت و دەکرێت بکرێتە پردی لێکتێگەشتن و بەستنەوەی سیاسەت (پارتی سیاسی) و سەرکردە و کۆمەڵگە، کەپەیوەستە بە بەها نەتەوەیییەکان، چونکە مشتومڕ هەڵنەگره و تێوەگلاوی بابەتە هەنووکەیییەکانیش نییە.
ئەم وابەستەبوون و پەیوەندییە دوولایەنەیە، پێویستیان بە میکانزمی کاراکردن و بەڕێوەبردن هەیە. بۆحیزب کاراکردنی بنەمای جیاکاریی ئەرێنی، واتە دانانی میکانزمی دڵنیابوونەوە لەوەی کە خانەوادەی شەهیدان و بەتایبەتی ئەوانەی بەڕاستی، لەسەر پرەنسیپی نیشتمانپەروەریی و ڕێبازی بارزانی، لە چوارچێوەی تواناکانیاندا چانسی خزمەتکردنیان پێدەدرێت، بەمانای تێگەیشتن لەوەی کە ئەم دەرفەتانە، تەنیا بریتی نین لە سوودی ماددی، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی جددییە بەرەو پێشبردنی کولتووری نیشتمانپەروەری، قوربانیدان ولێپرسینەوە.
لە ناو پارتی دیمۆکراتی کوردستانیشدا، پێویستە قەوارەیەک هەبێت کەلایەنی بەرانبەر ئاراستە بکات، ئەوەیش بەرپرسیارێتیی خودی نەوەی شەهیدانە، چونکە ئەوان لە داڕشتنی چۆنێتیی بەردەوامبوونی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن، ئەوەیش لە هەستکردن بە نیشتمانپەروەری و قوربانیدان، لە ئەگەری کاراکردنی (جیاکاریی ئەرێنی) و بۆ ئەو تاکانەی کە ئەم سوودمەندییە قبووڵ دەکەن.
بەم شێوەیە بیرۆکەی قوربانیدان لەپێناو نەتەوەدا، لە بیرۆکەی قازانجی سادە، یاخود زەرەرمەندبوون پارێزراو دەبێت. بەهۆی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دۆزی کوردەوە، پێویستی بە قوربانیدان، بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو، دەمێنێتەوە و ڕەنگە تائایندەیەکی دووریش بەردەوامبێت، بۆیە ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییە لە نێوان حیزب ونەوەی شەهیداندا، بۆبەردەوامبوونی ڕەوایی، زۆرگرنگە.
سێیەم/ بونیادنانی کولتووری گەڕانەوە بۆ تیۆر و هەند وەرگرتنی پراکتیکی:
لەم قۆناغەی گەشەسەندنی سیاسیدا، یەکێک لە هەنگاوە گرنگ و بەرجەستەبووەکان، بۆپارتی دیموکراتی کوردستان، قووڵکردنەوەی بەکارهێنانی چوارچێوەی تیۆرییە لە پێکهاتە و داڕشتنی بڕیاردا، ئەوەیش شانبەشانی ئەزموون و بەرەنجامە پراکتیکی و مێژوویییەکان. ئاڵۆزیی ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان، هۆکارن بۆ ئاڵۆزیی ئەرک و بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان، جا لەحوکمڕانی و چاکسازیی دامەزراوەیییەوە بگرە، تا دەگاتە بەرێوەبردنی ئابووری، گوشارە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان، کە ئەرکی قورس دەخەنە ئەستۆمان و کاتی زیاتریان لێمان دەوێ، بۆ گەیشتن بە بڕیار. سوودوەرگرتن لەتیۆر، لەبەهای ئەزموون و وانەکانی ناو مێژووی دوور و نزیکمان کەم ناکاتەوە؛ بەڵکوو بەهێزتریان دەکات و وەک ئامراز دەرفەتی باشتریان بۆ دەڕەخسێنێت لە شیکردنەوەی کێشەکان، بە شێوەیەکی سیستماتیکی و پێشبینیکردنی بەرەنجامەکانی بژارە جیاوازەکان. بۆ نموونە تیۆرەکانی ئابووریی سیاسی، دەتوانن لە بارەی شێوازی بیرکردنەوە لە مەترسییەکانی زۆر پشتبەستن بە داهاتی نەوت و پێویستیی هەمەچەشنکردنی ئابووری یارمەتیی حیزب بدەن، هەروەها تیۆرەکانی دامەزراوەگەراییش، ئاسۆی تێڕوانینمان بۆ چۆنێتیی لێپرسینەوە و خۆڕاگریی زیاتری دەزگەکانی حکوومەت فراوان دەکەن. بەهەمان شێوە تیۆرەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕێگای ستراکتۆرکراو (هیکلی – دیاریکراو)، بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنێتیی هاوسەنگ کردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو عێراقدا پێشکەش دەکەن، لەهەمانکاتدا گەشتکردن بە فشارەکانی دەوڵەتانی دراوسێمان پێ ئاشنا دەکەن.
بە تێڕوانین لە تیۆری گەشەسەندنی سیاسی، پێویستە کۆمەڵگە مۆدێرنیزاسیۆنەکان لە تێپەڕاندنی قۆناغەکانی “مانەوە بۆ سەقامگیری – لە سەقامگیرییەوە بۆ دامەزراوەیی- لە دەمەزراوەیییەوە بۆبەڕێوەبەردنی ئاڵۆز”هەنگاوبنێن. بۆپارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی دۆخی کۆمەڵایەتی، ناوچەیی، سیاسی، ئابووریی ئەو ناوچەیەی کە کاری تێدا دەکات، ئەم قۆناغانە خولگەیی، ئاڵۆز، دووبارەبووەوە ودیالێکتیکیین. ئەمەش پێویستی بە بونیادنانی کولتوورێکە کەتێیدا تیۆرەکان وەک ئەبستراکت، ڕەتنەکرێنەوە، بەڵکوو بە بەشێکی گرنگی بڕیاری سیاسی دابنرێن. هەنگاوی داهاتوو لەنەریتی باوی خۆ گونجاندن و تازەگەریی بەردەوامی پارتیدا، بریتییە لە بەدامەزراوەیی کردنی تیۆر لەناو دامەزراوەکانی پارتیدا و تێکەڵکردنی لە گەڵشی کاریی کۆنتێکست (عمل سیاقی)، ئەزموون و تێڕوانینی ئەکادیمی. پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێچەوانەی زۆرێک لەحیزبەکانی دیکەی ناوچەکە، کەرەستەکانی ئەم گواستنەوەیەی لەبەردەستدایە، چونکە ڕێبازەکەی هەمیشە خۆگونجێن، مۆدێرنخواز و وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەردەم بووە. واتە ڕسکاندنی کولتوورێکی سیاسی، کە تێیدا تیۆر خاوەنی پێگەی دروست وبەهای خۆیبێت، دابڕان دروست ناکات لەگەڵ نەریت، بەڵکوو بە شێوازی گونجاوتر و سەردەمییانەتر، درێژەپێدەری ئەو پرەنسیپانە دەبێت، کە لە دەستپێکەوە تا ئێستا، بۆ بەردەوامبوون، ڕێنوێنی پارتەکەیان کردووە.
لە یادی 16ـی ئابدا، سڵاو لە ڕێبەر و پێشمەرگەی كوردستان (سەرۆك بارزانی).. لەم ڕۆژگارەدا و لەبەر پێویستیی بوونیان، پارتی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئازادیی هزری، ڕادەربڕین و ڤەكۆڵینە زانستییەكان، دووپات دەكاتەوە…