خەبات – ساسان دەروێش
عێراق لەنێو گێژاوی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کایەکانی ژیان و قەیرانەکاندا خول دەخوات وچارەسەری کێشەکانی ناوخۆی بۆ ناکرێت، بەتایبەتی کارەبا و ئاو کە دوو خزمەتگوزاری گرنگ و پێویستن بۆ مرۆڤ و كه‌می ئاویش بۆتە هەڕەشەیەکی گەورە و چەندان لێکەوتەی خراپی تەندروستی بۆ خەڵکی عێراق دروست کردووە لە باشوور، جگە لەوەی کە بۆتە لەناوچوونی پەروەردەی ئاژەڵەکان و وشکەساڵیش، لەم بارەیەوە ئەندازیار نیهاد قازی چالاکوانی مافی مرۆڤ و جینۆساید و کەسێکی بە ئەزموون لەبواری ڕێگاوبان و کشتوکاڵ و ئاو لە هۆڵەندا سەبارەت بە قه‌یرانی ئاوی عێراق قسەی بۆ خەبات کرد.
ئەندازیار نیهاد قازی سەبارەت بە هەڕەشەی قه‌یرانی ئاو لە عێراق بۆ خەبات گوتی: عێراق لە مێژە بەدەست قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە دەناڵێنێت و ئەم قەیرانانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توندتر بوون، دیارترینیان قەیرانی ئاو و کارەبایە. بۆ ماوەی ڕۆژێکی تەواو لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بەدەر لە هەرێمی کوردستان پچڕانی کارەبا ڕوویدا. ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە، کە بووە هۆی زیادبوونی بەکارهێنانی وزەی کارەبا و لە ئەنجامدا کارەبای نیشتمانی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پچڕان. قەیرانی دووەم بریتییە لە قەیرانی ئاو، دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و کەمی ئاو و بیابانبوون لە هەندێک ناوچەی باشوور و ڕۆژهەڵات. قەیرانی ئاو لە عێراق پرسێکی زەق و فرەلایەنە. وڵاتەکە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ڕووبەڕووی کەمیی ئاوی توند بووەتەوە، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا، خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، زیادبوونی کاریگەریی وڵاتانی سەرەوەی ئاوەکان (تورکیا و ئێران). دەرئەنجامەکانی ئەو قەیرانە قەیرانی مرۆیی و مافی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە.
ئەندازیار نیهاد قازی له‌باره‌ی هۆکاری سەره‌کی هەڕەشەی کەمی ئاو لە عێراق دەڵێت: دروستکردنی بەنداوی تورکیا و ئێران لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات یەکێکە لە کاریگەرییە گەورەکان لەسەر قەیرانی ئاو لە عێراق، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕۆیشتنی ئاو بۆ عێراق. تورکیا زیاتر لە 20 بەنداوی گەورەی لەسەر سەر ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دروستکردووە، هاوکات ئێرانیش ئەو سەر ئاوانەی کە دەچنە ناو ڕووبارەکانی عێراقەوە بۆ ناو ئێران، ئاوەڕۆی دروستکردووە کە ئاوە خوێیەکانیان بەرەو عێراق دەڕێژن، بەمەش زیان بە ئاوی شیرینی عێراق دەدات، ئەم پڕۆژە ناوازانە دەبێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدرێن، کە ڕەنگە بەهۆی کەمی ئاوەوە کاریگەرییان لەسەر بێت. ئەم کاریگەرییە دەبێتە هۆی قەیرانی مرۆیی، لە کاتێکدا کە یاسا و ڕێسای مافی مرۆڤ هەیە کە ڕێژەی سەدی ئاوی ئازادکراو بۆ وڵاتانی دراوسێ دیاری دەکات. وا نییە هەر وڵاتێک لە ڕووی هەڵگرتنی ئاوەوە هەرچی بیەوێت بیکات. ئەمەش قەیرانی مافی مرۆڤیش پێکدەهێنێت و لە کۆتاییدا قەیرانێکی مرۆیی و مافی مرۆڤە کە ڕووبەڕووی خەڵکی عێراق دەبێتەوە. ئایا وەڵامی مافی مرۆڤ بۆ ئەم دۆخە هەیە؟ لەگەڵ ئەمەشدا عێراق بۆ خۆی بەدەست زیادبوونی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی دەناڵێنێت بەهۆی ڕێکنەخستنی ئاوەڕۆ و ئاوەڕۆی پیشەسازی، باسی زیادبوونی ئاوەڕۆ و ئاوی خوێی وڵاتانی دراوسێ کە دەڕژێتە ناو ڕووبارەکانی عێراقەوە، مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دروست دەکات. پەمپکردنی ئاوەڕۆ بۆ ناو ڕووبارەکانی عێراق مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات و قەیرانی مرۆیی دروست دەکات. پابەند نەبوون بە یاسا و ڕێساکانی ڕژاندنی ئاوی پیس بۆ ناو ڕووبارەکانی وڵاتانی دراوسێ، پێشێلکردنی یاسا و پێشێلکردنی مافەکانە. ئەمەش قەیرانێکی مرۆیی و مافی مرۆڤ پێکدەهێنێت.
ئەندازیار نیهاد قازی ڕاشیگەیاند: زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و پەرەسەندنی پێویستی ئاو بۆ بەکارهێنانی ناوماڵ و کشتوکاڵی و پیشەسازی، لەگەڵ نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بە پاراستنی ئاو و عەقڵانیکردن و بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە بۆ پاککردنەوە و ئاودێری، بەو مانایەیە کە کەمی ئاو و بەکارهێنانی ئاوی پیس بەم شێوەیە قەیرانێکی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. کاردانەوەکانی قەیرانەکە: گەلی عێراق بەدەست کەمی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بەرەوڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە لای منداڵان و بەساڵاچووان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر بەهۆی خراپی پاڵاوتنی ئاوەوە. بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە هۆی قەیرانی مرۆیی.
ئەندازیار نیهاد قازی هۆشداری بەبەرپرسانی عێراق دەدات و دەڵێت: پێویستە عێراق لەگەڵ وڵاتانی سەرەوە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هاوکاری بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ کێشەی ئاو و ڕەنگە ئەو پرسە ڕەوانەی دادگا نێودەوڵەتییەکان بکات. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کردەوەکانی وڵاتانی دراوسێ نایاسایین و پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە سەبارەت بە ئاستی ئاو لە سەرچاوەکانی سەرەوە تا ڕووبارەکان. چارەسەرنەکردنی کێشەکان بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤەکان دەبێتە هۆی قەیرانی مافی مرۆڤ.