‎مه‌ولان حه‌مه‌ده‌مین حه‌مه‌د
‎مرۆڤ بەگشتی لەزۆر خەسلەت هاوبەشن لەگەل یەک دا، بەڵام لە ڕاگوزەری ژیان جیاوازن، جۆری زۆر هەن. سادە و ناوازەمان هەیە، بۆنمونە هەموومان نان دەخۆین ئاو دەخۆین دەخەوین بەڵام ئەوەی بنەمای زانستی پەیڕەو دەکات لە بڕی پێویستی خۆراک و ئاو و خەودا، ئەوا تەندروستتر دەژێیت زۆربەمان لەبەر خۆمانەوە گۆرانی دەڵێین، بەڵام ئەوەی لە مقامات دەزانیت و شارەزای لێی هەیە خۆشتر دەیچڕێت زۆرینەمان دەتوانین وەرزش بکەین بەڵام ئەوەی بە پێوەری زانستی وابەستەیە لەشێکی تەندروستتری هەیە جا مرۆڤ کەوا هەمووان هاوبەشن لەوەی ئازار بۆ هەموان هەمان هەستی ئێشە، پێکەنین و چێژ بۆ هەموان هەستی خۆشی یە، لەبەرامبەر ستەیجی نمایش هەمووان هەمان ئەکتەر نین کەوا بنەماکانی نواندن دەزانێت و خۆی لە جولە و دەنگی دەستکردیی و زێدەڕۆیی یەکان دەپارێزێت . بە جوولەو دەنگ و بونیاتنانی بوونی خۆی، لە هەموو هەرەمەکیەکاندا پاک دەکاتەوە ئەویان جوانتر دەردەکەوێت، ئەم جوانیە لەدیتندا سادەییەکی جوانی هەیە، جۆرێکە لەژیانکردن (پێرفۆڕمانس) و توانەوەیە و تێیدا ژیانە لەناو کارەکتەرەکە، بەڵام لەبنەڕەتتداشتێکی سادە نیە تا بە ڕێکەوتی بزانین پرۆسەیەکی ڕۆشەنبیری دوورو درێژە بە قۆناغی زۆری مەشق و ڕاهێناندا تێدەپەڕێت تادەگات بەگەڕانێکی هزری، بۆیە ئەم جیاوازیانە زۆر بەڕوونی لەنێوان نواندنی ئەکتەران دا دەر دەکەون…
‎‎دەگەڕێمەوە خاڵی سەرەتا و شڕۆڤەیەکی بچووکی نواندن و دواتر بۆ راڤەی من تێیدا..
ئەگەر بۆ ئەکتەر بنەماکانی نواندن سەرەکیترینیان جەستەو دەنگ و هزر بێت ئەوا شێوە و قەبارەی لەش دەچێتە پێکهاتەی دەق (معطيات النص) لەوێ رەهەندە ڕووکاریەکانی کارەکتەر لەڕووی شێوەی جەستە دیاری دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەر.
‎دووان دەمێنێت دەنگ و جەستە. لەبەر ئەوەی هزر سەرپەرشتی هەردووکیان دەکات، ئەویش لەپرۆسەیەکی زەمەنی بە بینین و بیستن و خوێندنەوە پێشدەکەوێت ئەو دووانەیتر کەوا پێویستە کاری بەردەوام و مەشقی تێدا بکرێت بریتیە لە دەنگ لەڕووی دیالۆگ کردن. و جەستەش لەڕووی جوڵە…
‎دەنگ و دیالۆگ کردن پێویستیان بە گەڕان و هەڵکۆڵینی بەردەوام هەیە بە ئامرازی تێبینی کردن لەسەر وشەکان بەبەکارهێنانی ئەو ئاستە ڕۆشەنبیریەی لەپاشخانە هونەریەکەی هونەرمەند دا هەیە وەک پڕۆسەیەکی هزری تاوەکوو بە قوڵایی زیاتری ماناکان بگات، بۆ ئەوەی پانتای تێگەیشتنی نوێ بە ماناکان ببخەشێت، دەبێت زۆر لە قوڵایی وشەکان قوڵببێتەوە تاوەکوو بەزمانی کەسی یەک بێنەگۆ نەوەک لەنووسەرەوە بۆ خوێنەر و پاشان ئەکتەر ببێتە کەسی سێ لەوێدا راڤەکردن کەلێن و بۆشاییمان بۆ دروست دەکات.، دەبێت بەهەمان هەست و نەستی کەسی یەک بگورترێت بەدوای ئەودەست و پەنجانەشدا بگەڕێین کەوا لەکاتی نووسیندا لەچ بارودۆخێکدابوون..
‎بەدوای ئەو هەناسانەشدا بگەڕێین کەوا بێویست دەخزێنە نێوان ووشەکانەوە راوەستانی بچووک دەخەنە دیالۆگەکان . ئەمە کارێکی مەنهەجی نواندنە لەکاری ئەکتەریدا..
‎بۆ جوڵەش دەبێت سەرەتا فۆرمێکی کارکردن دەستنیشان کرابێت تا زیاتر بەرنامەڕێژکراوی هونەری بێت نەوەک کاری ( لاسا یی و هەرەمەکی) کەوا هەردووکیان بێ سوودن بۆ کاری باڵا، لاسای لە هەر بوارێک رێپێدراوی مەشق و ڕاهێنانە بۆ فێر بوون و دەربازبوونە لە دۆخی سەرەتایی. کاتێک هاتیە سەرپێ ئیتر دەبێت ببیت بەخۆت لەو دۆخە کلێشەیەی پێ فێر بوویت و ڕاهێنانت لەسەری کردوە لێی دەرباز ببیت.. دووهەم هەرەمەکییە کەوا توانای دووبارە و پێکانی ماناکانی نابێت چونکە بیرلێکراو نیە هیچ جوڵەیەک ئەوەندەی بێ ویست وئاگایی تێیدا باڵایە ئەوەندە هزر و ئاگاییمان سەرپەرشتی تێیدا ناکات، بۆیە بۆ جوولە بەناو فۆرمەکاندا گوزەرێک بکەین تا بزانین کامەیان زیاترلێوەشاوەی پێش چاوی کامیرایە.
‎بۆیە من وەک کەسێک کەوا زۆر ئاگاداری بیرکردنەوە و کارەهونەریەکانی بم و بە نموونەی بێنمەوە خۆمم دەتوانم قسەی لەسەر بکەم بۆیە ببورن ئەگەر نموونەکە لەسەر خودی خۆمە بەڵام بەرچاو ڕوونی هەموو ئەو پرسیارانەی هاوڕێیانیشم دەبێت کەوا پرسیاری جیاوازبوونی منیان لەنواندن دەکرد.
‎بۆ ئەوەی دووربکەوینەوە لە شێوازە باوەکان و بگەڕێینەوە بۆ ناو چەقی کلتور و فەرهەنگی خۆمان بۆ بەرکەوتنی نواندنم بەرامبەر بە کامیرا، لە دراما دا، وەک یەکەم ئەزموونم لەم بوارەدا، سەرەتا گەڕانێکی زۆرم کرد بەناو قوتابخانە شانۆییەکان بۆ نواندن ,تاوەکوو بزانم . ئاخۆ قوتابخانەکان لە سەر چ بنەمایەک بونیاد نراون، وەهەروەها بونیادیان لەسەر بنەمای بەرکەوتنە بە چ جۆرە بینەرێک، بۆ ئەوەی گونجاوی پێش چاوی کامیرا بێت بۆ منی ئەکتەر …
‎لە ئەنجامدا، بینیم زۆربەی قوتابخانەکان لە سەر بنەمای بەرکەوتنیان بەبینەری ناو هۆڵ بونیاد نراون وەک، قوتابخانەی شانۆی داستانی و شێوازی نامۆ بوونی بریخت بە شۆککردنی بینەر لەدابڕانی ئەکتەر لە کارەکتەر و هاتنەدەرەوەی ئەکتەر لەڕۆچوونی لەناو ڕۆڵەکەی و ڕاچڵەکاندنی بینەر لەناو هۆل، نامۆییەک دروست دەکات بۆئەوەی لەگەڵ هاوبینان و بینەرانی تر دا دووبارە بەهزر و ژیری تەواو بە ئاگا بێنەوە لەژێر کاریگەری ڕۆڵی ئەکتەری ڕۆچووی قوڵ بێنەدەر ئەوهەستەی خستبوویانە بەردەستی ئەکتەر لێی وەربگرنەوە، جگە لە بینین.. بیرکردنەوەی پێبکەن دەربارەی بابەتەکە، لەگەڵ هەموو ئەوانیتر دا بەهەستێکی شۆککراو کۆببنەوە و سەرنج بدەن تاوەکوو بۆ بابەتێکی سیاسی کۆدەنگی دروست ببێ ئەمە بەرامبەر بینەری کامیرا کەوا بینەرێکە رەنگە تەنیا بێت ڕەنگە ئارام بێت و هەمان کەشی دەروونی کۆی گشتی بینەری ناو هۆڵی نیە و دەیەوێ شتێک ببینێت بڕوای تەواوی لا دروست بکات نەوەک لەناوەڕاستی بابەت ئەکتەر لەکڵپەی گریان یان پێکەنین یان هەڵچوون ووچان بدات و دوای کەمێکیتر دووبارە دەست پێبکاتەوە ئەم لادانە مەبەستی سەرەکی ووچانێک بیرکردنەوە فەراهەمدەکات بەڵام ئەم کەشە گشتیەی ناو هۆڵ لەماڵدا دروست نابێتەوە و بینەری ته‌له‌فزیۆن ئەو تێگەیشتن و ئەو سەلیقەی نیە پشتی بابەتە هونەریەکان بزانێت چێژی لێ نابینێت…
‎قوتابخانەی واقعی بە هەموولقەکانیەوە بە گشتی لقی زۆری هەبوو ئەو سەردەم ببوو بە فرە جەمسەری هەمووان کۆکن لەسەر گەرانەوەی ئەکتەر بۆ ناونەستی خۆی لەوێدا لە هەگبە دەوڵەمەندەکەی خۆیدا سوودمەند بێت لەوەرگرتنی ساتی دەروونی جیاواز تا وەکوو یەکانگیر بێت لەگەڵ کارەکتەر و لەوێدا ڕۆ بچێتە ناو ڕۆڵەکەو نواندن هاوسەنگ بێت بە هۆی (زاکرەی انفعالی) واتا هزری یادگا و یادەوەری یان (لو سحری) واتا ئەگەری ئەفسووناوی تاوکوو بۆ هەر ڕووداوێک و ساتێکی دەروونی رووداوێکی هاوشێوە لەیادگەی خۆی دا ئامادە بکات و بۆی بگەڕێتەوە ساتەکانی رابردووی یان خۆی بخاتە شوێن ڕوداو تاوەکوو لەوێ دا یەکانگیری کارەکتەری بکات لەبەر ئەوەی ئەمە شانۆیە و بەرامبەر بە بینەر راستەو خۆ نمایش دەکات دەبیت هەڵە و دووبارەی هەڵنەگرێت خۆی گوزارشت لە ناخی بکات تا کارەکتەرەکە جوان نیشان بدات … ئەم جۆرە نواندنە هەم درێژ کردنەوە هەڵدەگرێت هەم جوولە ی هەڕەمەکی چونکە لەناو خوود دا هەموو هەستەکان ئازاد و بەڕەڵای بەردەم ساتە دەرونیەکانی کارەکتەر دەبن، لەلایەن هزرەوە بەرزەفت نابن کۆنترۆلی تەواو ناکرێن بۆیە هەڕەمەکی خۆی تێدا دەبینێتەوە لە جولەو کرداری پێشبینی نەکراو …
‎یان ئەو تاقیگەیەی شانۆی هەژاری کۆتۆفسکی ئەوەندە بەدوای خودبووندا دەگەڕێ لەوێدا کارەکتەری نوێ لە دایک دەبن ڕەنگە رەهەندەکانیان هاوتەریبی کارەکتەری درامی نەبن …
‎تعبیری گوزارشتکەری لەم قوتابخانەیەدا باڵی سەربەخۆی زۆر سەریان هەڵداوە وەک ناماقول و بێ هیواکان ڕەشبینەکان بێ باوەڕەکان بەگشتی نواندن زۆر مانادارە و هیچ پیوەندیەکی راستەو خۆو و پتەوی بە ئێستای کارەکتەر نیە بەڵکو هەمیشە گوزارشت یان لە ناوەوەی کارەکتەر دەکات یان لە ڕابڕدوەکەی کەوا بونیادی کەسایەتیەکەی کردوە لە پڕۆژەی فەلسەفی پەنای بۆ دەبرێ وە لە کارە فیکریەکاندا ئەم شێوازە گوازرشتکەرییە کاری پێدەکرێت چوونکە گەڕانە بەدوای مانا و ئاماژەی تازە بۆ ناوەوە و رەهەندەکانی کارەکتەر . و پجڕانە لەدەروبەر دەروازەیەکی تازەیە بۆ نیشاندانی تێکشکاویەکان و رەهەندە وون بووەکان و نەدۆزراوەکانی ناوکۆمەڵگا.
‎دوا قوتابخانە یان شێواز و ستایل مایر هۆڵد بوو گوونجاو ترین بوو بەشێوازە ناسراوەکەی بایۆ میکانیک کەوا من بە گونجاوی بزانم کاری پێبکەم و سوودی لێببینم بۆ پێش چاوی کامیرا چوونکە:
‎١- لە هەوڵی چڕ کردنەوەی جوڵە دایە بۆ دەست خستنی زەمەنی پێویست بۆ گیڕانەوە تا لەوێوە لەکەمترین زەمەن زۆر ترین بابەت بگێڕیتەوە، هیچ ساتێک بە بەتاڵی نامێنێتەوەلای ئەکتەر..
‎٢- بە خاڵبەند کردنی جوڵەکان و بەدەرکردنی لەناو گەرەلاوژەی جولەی زانراو دا تاوەکوو جولەکان( مدروس ) بێت و راهێنراو بێت خاڵبەند کرا بێت لەهەر دووبارە و سێ بارەی جولە لەکاتی پڕۆڤە و دواتر بۆ ڕۆژانی نمایش و چەند بارەیەک هەمان جوڵەمان دەست بکەوێتەوە شتێکی تری نامۆ نەکەوێتە بەر دیت و هەستی بینەر.
‎٣- هێشتنەوەی جوڵەی پێویست و مانادارەکان، و لادانی هەموو جوڵە زیادە کان گەڕانێکە بەدوای ووردەکاریدا تاوەکوو لەهەر حالەتێک دیارترین جوڵە وەک ئاماژەی ساتی پێویست دیاری بکرێت و ڕاهێنراو بێت بۆ ئەوەی هیچ ‎جولەیەکی زیادە ڕەوی و درێژکراوەیی تێدا نەمێنێت..
‎دراماش بە هۆی ئەوەی هەر دیالۆگێک سێ کەرەت وێنە دەگێرێت بە کامیرەیاکی گشتی یەک کەرەت و بە کامیرای ماستەر لاوەکی دوو کەرەت دەبن بە سێ کەرەت دووبارەکردنەوەی دیالۆگ چەند جارێکە، بۆ دانەبڕانی هەست وسۆزەکان و دیالۆگ و ریتم ئاوازەکەی زۆر پێویست بوو بۆ من بەم شێوازە کار بکەم
‎ئەمە نموونەیەکە تاوەکوو قوتابخانەکانی نواندن بناسینەوەو ئەکتەرانی ئەکادیمی هەر لەکلاسیکەوە دەست پێدەکەن تاوەکوو دەگات بە هەموو لقەکانی ته‌عبیری گوزارشتکەری لەو نێوەندەدا زۆرترین کار لە قوتابخانە واقعییەکان دەکرێت گرنگتر لەوانە ئەوەیە ئاخۆ بۆ کارە هونەریەکەی تۆ بۆ پڕۆژەکەت کامەیان گونجاوە بەو ستایل و رێبازە کار بکەین دەرنجامی باشت دەبێت ..