سهرهتا وتار ٧٩ ساڵ خەبات و خۆڕاگریی و هەڵاتنی خۆری هیوای گەلێک
فرسەت سەید شکور
پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزی پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان، لە مێژووی (٧٩) ساڵەی خۆیدا، وەک قەڵغانێکی پۆڵایین، داکۆکیکاری سەرسەختی ماف و داخوازییە ڕەواکانی کورد بووە و لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە. پارتی، کە لەسەر بنەمای بیری نەتەوەیی و دیموکراسی دامەزراوە، هەمیشە هەوڵیداوە مافەکانی گەلی کوردستان بەدی بهێنێت و لەم ڕێگایەدا، بە دروشمی «کوردستان یان نەمان»، ڕێگایەکی دوور و درێژی بڕیوە.
مێژوویەک لە خۆڕاگری و قوربانیدان
خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو مافەکانی گەلی کورددا ڕووبەڕووی زۆرترین ئاستەنگی و ستەمکاری بووەتەوە. شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان، کە پارتی ڕابەڕایەتی کردوون، نموونەی زیندووی خۆڕاگریی پێشمەرگە و گەلی کوردستانن لە بەرانبەر ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا. لەم ڕێگایەدا، پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی، قەڵغانێکی پۆڵایین بووە بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان و بە خوێنی شەهیدەکانی، داستانەکانی بەرگری تۆمار کردووە.
وەک پارتێکی سیاسی، مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕیوە کە تێیدا خۆڕاگری و قوربانیدان بناغەی داڕشتنەوەی ئارامی و ئاوەدانی بووە بۆ هەرێمی کوردستان
فەلسەفە و جووڵە و بەرنامە و ئەجێندای پارتی، سیاسەتێکی نێونەتەوەییە، سیاسەتی ھەموو شت قبووڵنەکردنە، سیاسەتی بەرپرسیارێتی و حورمەتدانانە بۆ نیشتمان و پاراستنییەتی، سیاسەتی خۆنەچەماندنە.
پشتئەستوورییەکانی پارتی:
١- پارتی پشتئەستوورە بە دەنگدەر و جەماوەری دڵسۆزی خۆی و كوردستان.
٢- پارتی پەیڕەو و پڕۆگرامێکی پتەوی ھەیە، مێژوویەکی گەورەی ھەیە کە شانازیی هەموو لایەنگرانییەتی.
٣- پارتی حزبێکە کە ھیوای کوردە لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژھەڵات و باشوور، تەنانەت لەنێو عێراقیشدا خەڵک ھیوای لەسەر پارتی ھەڵچنیوە.
٤- پارتی پەروەردەی سیاسی ھەیە، پەروەردەی سیاسی و فیکریی پارتی وای کردووە کە لایەنگر و دەنگدەری پارتی، وریاتر و ھۆشیارتر و زیرەکانەتر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن.
٥- لە ھەمووی گرنگتر، پارتی نەتەوەییانەو، کوردانە، لە پرسە نیشتمانییەکان دەڕوانێت.
٦- پارتی لە جەنگ و ئارامیدا بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرێت، سەنگەری خەبات و حکوومەتداری بۆ خزمەتی گشتیی هەڵبژاردووە.
٧- پــــارتــــی، خاوەنی مەرکەزییەت و مەرجەعی سیاسیی خۆیەتی، کە ڕێبەری ھێژا سەرۆک (مەسعود بارزانی)یە.
پارتی پشتی بە مێژوویەکی پۆڵایین قایمە کە خۆی لە ھەزاران شەھید و ئەوانەی لە ڕیزەکانیدا بوون، پێشتر شۆڕشی یەکەمی بارزان، شۆڕشی دووەمی بارزان، بەشداری و ھاوکاریی مەزنی کۆماری كوردستان لە مهھاباد، شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینی ئازادی، پڕۆسەی ئازادی، ڕیفراندۆم و شەڕی تیرۆریستانی داعش و پردێ و سحێلای کردبێت و پووچەڵکردنەوەی پیلانە ئیقلیمییەکان، ھێشتنەوەی قەوارەی ھەرێمی كوردستان بە یەک پاکێج، بەشێکی خەبات و قوربانیدان و دەسكەوتەكانی پارتیین.
پارتی، حزبی هەموو چین و توێژەکانی کوردستانە، حەفتا و نۆ ساڵە، پشت و پەنای کوردستانییانە، ستراتیژیی سەرەکیی سیاسەتی پارتی بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و پاراستنی دەستکەوتە بە خوێن بەدەستهاتووەکانی گەلی کوردستانە، بەتایبەتیش پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان شاڕێگەی کارکردنی پارتییە.
ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە ئامانجی سەرەکیی پارتی ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەکردنی گرفت و ئارێشەکانە، کە ئەوەش بە پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بهدیدێت.
پیرۆز بێت ١٦ی ئابی پڕشکۆ، ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، ڕابەریی نەتەوەیی، سەرۆک مەسعود بارزانی.