لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
بەیانی ڕۆژی دووشەممە 2025-7-28، شاندێکی باڵای ئەمنی بەسەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئەندامیەتی هەریەک لە فەریق قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، یاسر حوسێن عیساوی، جێگری سەرۆک ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی، بریکاری دەزگای هەواڵگری، بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گەیشتە هەولێر.
سەردانی ئەم شاندە باڵایەی عێراق لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، کاتژمێر 05:50، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە. خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.