هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتی ئیمارات رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی ڕووناکیی و کارەبای 24 كاژمێری، وەرچەرخانێکی گرنگی خزمەتگوزاری و ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا.

بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی كارەبا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە (وەکالەت)، پێشوازی لە شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد.

ئاماژە بەوە دراوە، لە دیدارێکدا کە بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی کارەبا ئامادەبوون، وەزیری کارەبا بە بۆنەی پۆستی نوێی هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

ئەوەش راگەیاندراوە: “شێخە بەشیر فەرحانە، سوپاسی وەزیری کارەبای کرد و جەختی لەسەر پەیوەندیی ستراتیژی و هاوبەشی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و بە بۆنەی پڕۆژەی ڕووناکیی (24) کاتژمێریی کارەبا پیرۆزبایی لە وەزیر کرد و بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاری و ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە قەلەم دا.”

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە پڕۆژە و وەبەرهێنانی وڵاتی ئیمارات لە واری وزە و هەردوو کەرتی نەوت و گاز، هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی گشتی ئیمارات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پیشاندا بۆ ئەمەش کار بۆ زیادکردنی پڕۆژەکانی نوێی وزە دەکەن، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆردا.