بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی عێراق بۆ ڕێگەگرتن یان قەدەغەكردنی خوێندن و دانانی پرسیار و وەڵامدانەوەی بە زمانی كوردی، كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و لەمبارەیەوەش، یەكێتیی قوتابییان و لاوانی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و سەركۆنەی ئەو بڕیارە دەكات و ڕاشیدەگەیەنێت، ئەوە بڕیارێكی شۆڤێنییە و ناهێڵین تێپەڕێت.
ئەمڕۆ شەممە 26ی 7ی 2025، یەكێتیی قوتابییان و لاوانی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “بەداخەوە كە پێشێلكردنی دەستوور لەلایەن كابینەكەی (سوودانی) بەردەوامە و بە نووسراوێك وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی فیدراڵیی عێراق، زمانی كوردی لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومی و تایبەتەكان قەدەغە دەكات، ئەمە جگە لە ڕۆحیەتێكی ڕەگەزپەرستی و تێكدانی شیرازەی پێكەوەژیانی گەلانی عێراق، هیچی دیكە هەڵناگرێت، چونكە لە ماددەی 4ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا و لە بڕگەی (أ و ب) بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەكات كە (زمانی كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە وڵاتدا، مافی سەرجەم عێراقییەكان پارێزراوە لە فێركردنی ڕۆڵەكانیان بە زمانی دایكیان).”
لە پەیامەكەی یەكێتیی قوتابییان و لاواندا هاتووە، كە “ئەم بڕیارە شۆڤێنیەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق كە وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە زمانی کوردی قەدەغە دەکات و هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی دەکات، سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین و داواكارین بە زووترین كات بڕیارەكانی ئەو نووسراوە هەڵبەوەشێتەوە و داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان بكرێت كە پێكهاتەی سەرەكیی ئەم وڵاتەیە و بە پێی دەستوور زمانی كوردی و عەرەبی زمانی فەرمی وڵاتن.”
ڕاشیگەیاند: “ئێمە لە یەكێتیی قوتابییان و لاوانی دیموكراتی كوردستان لە ئەگەری هەڵنەوەشانەوەی، وەك سەرەتا تیمێك لە پارێزەرانی یەكێتیەكەمان دەچێتە دادگای فیدراڵیی عێراق و داوای یاسایی لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تۆمار دەكات و هەموو ڕێگایەكی دیكە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە دەگرینە بەر و ناهێڵین تێپەڕێت.”