ئەكادیمیای كوردی، بڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لەبارەی قەدەغەكردنی زمانی كوردی لە زانكۆ و ناوەندەكانی خوێندن لە سنووری مووسڵ و كەركووك و ناوچەكانی تر سەركۆنە دەكات.

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە بڕیارێكدا، قەدەغەكردنی زمانی كوردیی لە زانكۆ و ناوەندەكانی خوێندنی كەركووك و مووسڵ و چەندان ناوچەی تری كوردنشین داوە، ئەوەیش كاردانەوەی توندی لێ‌ كەوتووەتەوە.

ئەكادیمیای كوردی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق كە لە 16ی 7ی 2025 دەرچووە، تێیدا زمانی كوردی لە ناوەندەكانی خوێندنی باڵای ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا قەدەغە كردووە، ڕێسوا دەكەین.

ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكەن كە ئەو بڕیارە بە بڕیارێكی ڕەگەزپەرستانە دەزانین و داواكارین چی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە، هەڵبوەشێنرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكات.

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك لە مامۆستا و نووسەر سەركۆنەی ئەو بڕیارەیان كرد، هاوكات د. نەهلە قادر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند ئەگەر بڕیارەكە هەڵنەوەشێتەوە، سكاڵا تۆمار دەكەن.

بەگوێرەی مادەی چوار لە دەستووری عێراقی، زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی، زمانێكی فەرمییە و دەبێت لە تەواوی عێراقدا كاری پێ بكرێت.