ئەمڕۆ دووشەممە 30ی 6ی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێڵ باڵوێزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە یان برێم کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کرایەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی ناوچەکە .