خەبات ـ عامر فەرحان
دەشتی شارەزوور خاکێکی بە پیتە بۆ کشتوکاڵ و ژمارەیەکی زۆر لەجوتیاران سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین تێیدا، لەم کاتەشدا وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی پەتاتەیەو جوتیاران بۆ پارێزگاری لەپەتاتەکانیان تا کاتی فرۆشتنی لە ساردکەرەوەکانی عەلوەی هەڵەبجە هەڵیاندەگرن، سەرپەرشتیاری ساردکەرەوەکانیش دەڵێت ڕۆژی واهەیە 30 تۆن پەتاتە هەڵدەگرین.
بەڵێن بەشیر سەرپەرشتیاری ساردکەرەوەکانی عەلوەی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەخەباتی ڕاگەیاند: سوپاس بۆخوا ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە زۆر باشە، ڕۆژانە جوتیاران بۆ پارێزگاریکردن و مانەوەی بەرهەمەکەیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە ساردکەرەوەکانی ئێمە دایدەنێن، بەجۆرێک ڕۆژی واهەیە 30 تۆن و ڕۆژی واش هەیە 20 تۆن وەردەگرین، ڕۆژانە بڕەکەی گۆڕانکاری بەسەردادێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: هەڵگرتنی بەرهەمی پەتاتە بەدوو شێوازە، یەکەمیان چونکە ئێستا وەرزی پێگەشتنی پەتاتەیە نرخەکەی لەبازاڕدا دابەزیوە، جوتیاران دەتوانن بۆ ماوەی زیاتر لەسێ مانگ لەساردکەرەوەکان دایبنێن و دواتر پێویستی بازاڕ پڕدەکاتەوەو نرخەکەشی بەرز دەبێتەوە، شێوازی دووەمیان هەڵگرتنی تۆوی پەتاتەیە کە ئێستادا لە ساردکەرەوەکان هەڵدەگیرێت تا کاتی چاندنی جووتیاران دەتوانن سوودی زۆر باشی لێببینن.
گوتیشی: بەبازاڕکردنی پەتاتە بەجۆرێکە کە ڕێژەی ٪80 بۆ کارگەکانی جپسی پەتاتەیەو بەشەکەی تری بۆ بازاڕ دەچێت.
بەڵێن بەشیر سەرپەرشتیاری ساردکەرەوەکانی عەلوەی هەڵەبجە ئەوەشی بە خەبات گوت: ئێمە ماوەی سێ ساڵە بەرهەمی جوتیاران وەردەگرین، بەتێکڕا توانای وەرگرتنی دوو هەزار تۆن پەتاتەمان هەیە، بوونی ساردکەرەوەکانی عەلوەی هەڵەبجەش سوودی زۆری بۆ جووتیارانی ناوچەکە هەیەو بەرهەمەکانیان لەتێکچوون و خراپبوون دەپارێزێت، ئەمەش وادەکات جووتیاران تووشی زیانی مادی نەبن و بتوانن بەردەوامبن لە کارەکانیان.