دیدار- بەرهەم شێخ عزەدین
له‌بارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵ و فەرامۆشکردنی دەستوور و نەناردنی بودجە و مووچەی خەڵكی کوردستان و چەند پرسیارێکی دیكه‌، لەم دیداره‌دا یاساناس و پارێزەر ڕزگار بایز وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ده‌داته‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدا پابەندی دەستوور نەبن، عێراق بەرەو هەڵدێر و کاولبوون دەبەن، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو ڕێگه‌یەک بۆ لاوازکردنی حکوومەت و دژایەتیكردنی قەوارەی دەستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌گرنه‌به‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ گەلی کورد جگە لە مافە دەستووری و یاساییەکانی خۆی داوای زیاتری له‌ به‌غدا نەکردووە.
له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی تایه‌فی پابه‌ندی ده‌ستوور نابن
لە وەڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەو دەستوورەی خۆیان نووسیویانە جێبەجێی ناکەن و پابەندی نابن؟ پارێزەر ڕزگار بایز گوتی: دەستوور لە ساڵی2005 لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بە بەشداریی نەتەوە و لایەنەکان نووسراوە و لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقه‌وه‌ دەنگی زۆرینەی پێدرا کە یەکێکە لەو دەستوورانەی لەسەر ئاستی جیهاندا ستاندارده‌ و دەستوورێکی تەواو پێشکەوتووە و دانی بە سەرجەم مافەکانی نەتەوە و مەزهەب و لایەنەکان ناوە، بەپێی یاسا و بەتایبەت بۆ ئێمەی گەلی کورد زۆرترین مافی تێدا چەسپیوە و جەختی لەسەر بنەما دیموکراتییەکان کردووەتەوە و دانی بە فیدڕاڵییەتی گەلی کورد داناوە، ئەگەر هەر لە سەرتاوە حكوومه‌تی عێراق بەپێی دەسەڵاتی دەستوور کە دەبێت چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بکرێت تاوەکو پەرلەمان پێک بێت بۆ دیاریکردنی حكوومه‌تێکی نوێ بە بەشداریی سەرجەم نەتەوە و لایەنەکان، واتە شەراکەتی حەقیقی، بەڵام بەداخەوە ئەو لایەنە عەرەبیانەی بەشداربوون لە نووسینەوەی دەستوور لە ئێستادا پابەندی ماددە یاساییەکانی نابن لەبەر بەرژەوەندیی هەندێک لایەنی تایه‌فی و ئەجێندای وڵاتانی دیکە کە کێشەی زۆریان بۆ گەلی عێراق و کوردستان دروستکردووە، چونکە وەک دەزانین زۆرینەی مافەکانی گەلی کورد لەنێو دەستوور چەسپاون و ئەگەر بەم شێوەیە پابەندی دەستوور نەبن و بەردەوام بن لە پێشێلکاری وڵات بەرەو هەڵدێر و کاولکاری دەبەن، لە ئێستادا سەرۆککۆمار کە بە پارێزەری دەستوور دادەنرێت، پێویستە هەڵوێست و قسەی جدی هەبێت. گوتیشی: سەرجەم حكوومه‌تەکانی پێشتر لەم جۆرە دەستوورەیان نەبووە، بۆیە بەردەوام نەبوون و کۆتایی بە حکومڕانییان هاتووە، ئەمەی ئێستا دەیبینین مەبەستیانە بگەڕێنەوە بۆ مەرکەزیەت و کار بە دەستوور نەکرێت، هیوادارین لایەنە عەرەبییەکان کە شەرەکەتیان لەگەڵ گەلی کوردستاندا هەیە، پابەندی خاڵەکانی دەستوور بن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوه‌تی پابه‌ندی ده‌ستوور و یاساكان بووه‌

سه‌باره‌ت به‌ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان له‌گه‌ڵ به‌غدا لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا، ئه‌م پارێزه‌ره‌ ده‌ڵێت: حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق و ئەو مافانەی بۆی دیاریکراون کاری کردووە و تەواو پابەند بووه‌ بە یاسا و ڕێساکان و زۆر جار لە ماف و حەقی خۆشی کەمتری پێدراوە و غەدری لێکراوە، بەڵام لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ئارامی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ یاسا و دەستوور بردووە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر بۆ لاوازکردنی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان و دژایەتیكردنی ئەم قەوارە دەستووری و یاساییەی کوردستان، حكوومه‌ت و گەلی کورد جگە لە مافە دەستووری و یاساییەکانی خۆی زیاتری داوا نەکردووە، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوانەی بە پشتیوانیی سەرکردایەتیی کورد لە بەغدا بوونە دەسەڵاتدار، ئێستا دژی گەلی کورد و حكوومه‌تی هەرێمی کوردستانن، ئەوەی جێی ئومێد و دڵخۆشی دۆستانمانە حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، دیموکراسی و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و سەقامگیری ئەمنی و ئازادیی ڕەهای فەراهەمکردووە بۆ هاووڵاتییانی گەلی و کوردستان و سەرجەم لایەن و چینوتوێژەکان ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو ئاوەدانی و گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێین، بۆیە بەداخەوە لە ئێستادا دەیانەوێت کێشەی نایاسایی بۆ حكوومه‌تی هەرێم دروست بکەن تاوەکوو لە بەرەوپێشچوون و گەشەسەندن بیوەستێنن، ئه‌مه‌یش لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، چونکە حكوومه‌تی هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە لە عێراق پێشکەوتووترە و یاسا تەواو سەروەرە تێیدا، بەرەدوام هاووڵاتییانی بیانی و عەرەب بۆ خۆشگوزەرانی و گەشت ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و زۆر بە ئازادی گەشت دەکەن، بەداخەوە هەندێک لایەنی عەرەبی ئەم واقیعەیان پێ هەزم نابێت و کێشە بۆ هەرێم و مووچەی فەرمانبەران دروست دەکەن کە سەرجەمیان نایاسایی و نادەستوورین و نە شەراکەتیش ئاوها دەبێت، یاسا دانراوە بۆ ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی سەرجەم هاووڵاتییان و پێدانی ماف بۆ خاوەن ماف گەر هەر وڵاتێک یاسا تێیدا سەروەر نەبێت و کاری تەواوی پێنەکرێت، ئەو وڵاتە بەرەو دیکتاتۆری و مەرکەزیەت دەڕوات و سەرئەنجام هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن و وڵات لە دیموکراسی و ئازادی بێبەش دەکرێت، هیوادارین بەم شێوەیە هەنگاو نەنێن و بێنە سەرمێزی گفتوگۆی ڕاستەقینە، بەوپێیەی دەستوور دیاریکردووە و پابەندبوون بە سەرجەم خاڵ و مافەکان کە دیاری کراون.
هێزی چه‌ك و پاره‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی عێراق هه‌بووه‌

له‌باره‌ی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و هه‌وڵی دەنگکڕین له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی عێراقه‌وه‌، پارێزه‌ر ڕزگار بایز بۆچوونی وایه‌ كه‌ وڵاتێک دەستوور و یاسا تێیدا سەروەر نەبێت و حكوومه‌تی سێبەر حکومی بکات، چاوەڕێی باشی لێ ناکرێت، بەداخەوە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووش لە بەغدا هێزی چەک و پارە حکومی کردووە و لەژێر کاریگەریی ئەو دوو هێزەدا، هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، بۆیە حاڵی وڵات بەو جۆرەیە!
عێراق به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت ده‌به‌ن

سه‌باره‌ت به‌ ناکۆکیی لایەنە شیعەکانی عێراق ئەو پارێزەرە گوتی: لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقه‌وه‌ بە هاوبەشی هەموو لایەنەکان هەوڵدرا عێراقێکی تەواو دیموکراسی دروست بکرێت، بەڵام بەداخەوە لایەنە شیعەکان مامەڵەی زۆرینە و کەمینە دەکەن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات کە چەندین هێزی میلیشیایان دروست کردووە بۆ سەپاندنی ئێرادەی خۆیان بەسەر وڵات و حكوومه‌تدا، لە بەردەوامی پەرتەوازی هێزە شیعەکان و پابەندنەبوون بە یاسا و دەستووری عێراق بەداخەوە وڵات بەرەو مەرکەزیەت و دیکتاتۆری دەبەن، هەر وڵاتێک دەستوور و یاسای تەواوی تێدا نەبێت، سەرئەنجام میلیشیا تێیدا باڵادەست دەبێت و وڵات سەرکەوتوو نابێت.
ده‌یانه‌وێت كوردستان بخنكێنن

له‌باره‌ی هۆکاری نه‌ناردنی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداوه‌، پارێزەر ڕزگار بایز بۆ خه‌بات گوتی: جگە لە جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا، ئەوانەی بەغدا هەموو شتێک دەکەن لەپێناو خنکاندن و بچووکردنەوەی حكوومه‌ت و خەڵکی کوردستان، نازانن ئەم قەوارەیە بە ڕژانی دەریایەک خوێن دروست بووە، بۆیە گەلی کورد و خەڵکی کوردستان هەرگیز چۆک بۆ نەیارانی دانادات، زۆر حكوومه‌ت و دەوڵەت پێش ئەمانه‌ی ئێستا، هەوڵی قڕکردنی کوردیان دا، خۆیان تیاچوون و کورد و کوردستان و گەلەکەی مانەوە، نەدانی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان لە کیمیاباران کەمتر نییە، مافێکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێت بیدەن